یەكێتی دروستكەری ئیمپراتۆرییەتەكەی بارزانی
راپۆرتی: هێمن مەحمود
سەرۆكایەتی هەرێم چیە؟
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتەیەكی سیاسی‌و ئیداریی‌و یاساییە، بەپێی مادەكانی 1‌و 2و 3 لەیاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 هەمواركراوی سەرۆكایەتی هەرێم دامەزراوە. پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كە لەوەتەی دروستكراوە مەسعود بارزانی بەڕێوەی دەبات، لەهەمانكاتدا سەرۆكی باڵای دەستەی جێبەجێكردن‌و سەرۆكی فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەیە.
 
مەسعود بارزانی بۆ یەكەمجار رۆژی 12ی حوزەیرانی ساڵی 2005 وەك یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرا.
 
رۆژی 20ی تەموزی ساڵی 2009 توانی دەنگی لە70%ی دەنگدەری هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێ‌و رۆژی 20ی ئابی ساڵی 2009 بۆ جاری دووەم لەپەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد.
 
هەرچەندە بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆك جێگرێكی دەبێ‌و لەكاتی ئامادەنەبوونیدا جێگای دەگرێتەوەو سەرۆكیش هەندێك لەئەرك‌و دەسەڵاتەكانی خۆی بەجێگرەكەی دەدات، بەڵام لەوەتەی مەسعود بارزانی سەرۆكە، هەربەناو جێگرێكی هەیە‌و هیچ دەسەڵاتێكی نەداوەتە (كۆسرەت رەسوڵ عەلی).
 
تەلاری سەرۆكایەتی هەرێم دەكەوێتە سەری رەش، لەنزیك ماڵی مەسعود بارزانی، نزیكەی 1000 فەرمانبەری هەیە كە زۆربەی هەرە زۆریان كەسانی حزبیی‌و سەر بەپارتین. بێجگە لەكەسانی ناو بنەماڵەی بارزانی، كەسی دیكە ناتوانێ سەردانی ئەو شوێنە بكات.
 
پێكهاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم
یەكەم: دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم:
 ئەم دەزگایە بەیاسای دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2005دامەزراوەو ئەركەكانی بریتین لە:
 
_ سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیوان.
 
_ رێكخستنی پەیوەندی نێوان سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
 
_ رێكخستنی پەیوەندی نێوان سەرۆكایەتی هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی عێراقی فیدراڵ.
 
_ رێكخستنی چالاكی‌و پەیوەندییەكانی سەرۆكی هەرێم لەناوەوەو دەرەوەی هەرێمی كوردستان.
 
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم
لەوەتەی سەرۆكایەتی هەرێم دروستكراوە تائێستا فواد حسێن وەك سەرۆكی دیوان دەستبەكاربووە كە پلەكەی وەزیرەو دەسەڵاتی بەشداریكردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەیەو سەرپەرشتی سەرجەم كاروبارەكانی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات.
 
-نووسینگەی سەرۆك‌و جێگری سەرۆك
بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەرۆكایەتی هەرێم (ئەمانیش لەچەند بەڕێوەبەرایەتیەك پێكدێن).
 
سەرۆكایەتی هەرێم چۆن دروستكرا؟
یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان وەك دوو هێزی سەربازیی‌و خاوەن دەسەڵات، پاش ئەوەی لەدوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992 تەواوی دەزگا حكومیی‌و مەدەنیی‌و سەربازییەكانیان پەنجا بەپەنجا لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد، تاوەكو سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی 1994 پێكەوە هەڵیانكرد، ئیتر لەو بەروارە بەدواوە تاوەكو مانگی ئەیلولی ساڵی 1998 شەڕێكی خوێناوییان هەڵگیرساند. ئەم شەڕە خوێناوییە لەهەمانكاتدا بوو بەهۆی دروستبونی هەردوو ئیدارەی (هەولێرو سلێمانی) كە لەلایەن ئەو دوو حزبەوە بەڕێوەدەبرا.
 
هەرچەندە پەرلەمانی كوردستان تا ماوەیەكیش دوای شەڕەكە بەبێ لایەنی مایەوە، بەڵام دواتر ئەو پەرلەمانە لەلایەن تاك حزبێكەوە بەڕێوەدەبراو شەرعیەتی خۆی لەدەستدا.
 
دوای رێككەوتننامەی واشنتۆنیش لەنێوان یەكێتی‌و پارتی لەئەیلولی ساڵی 1998‌و وەستاندنی شەڕی نێوانیان، ئیتر تا دوای رووخانی رژێمەكەی سەدام حسێن لەنیسانی 2003، دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی لەهەرێمدا بەرقەراربوو، بەهەبوونی دوو ئیدارەوە، بەڵام لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق‌و بەشداریكردنی كورد لەو حكومەتەدا سەرەتاكانی دروستكردنی دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم لەكوردستاندا بەدیاركەوت، ئەگەر وردتریشی بكەینەوە بناغەی دامەزراندنی ئەم دەزگایە دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی نێوان (جەلال تاڵەبانی) سكرتێری یەكێتی‌و (مەسعود بارزانی) سەرۆكی پارتی لەی1 كانونی یەكەمی ساڵی 2004.
 
نەوشیروان مستەفا كە ئەوكات جێگری تاڵەبانی بوو، لەیاداشتەكانی خۆیدا بەناونیشانی «پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم» دەقی ئەو رێككەوتننامەیە دەخاتەروو كە بەنهێنی لەنێوان بارزانی‌و تاڵەبانیدا لەكۆبوونەوەی (پیرمام) ئیمزاكراوەو دواتر نوسخەیەك لەرێككەوتنەكە دەستی ئەویش كەوتووە.
 
نەوشیروان مستەفا دەنووسێ: لەمێژبوو تاڵەبانی بیرۆكەی دابەشكردنی پۆستەكانی عێراق‌و هەرێمی لا گەڵاڵە بووبوو، چەند جارێك دابووی بەگوێی ئێمەدا كەباسی بكەین لەگەڵ پارتی‌و خۆشی چەند جارێك دابووی بەگوێی (د.رۆژ نوری شاوەیس)‌و (هوشیار زێباری)دا، رۆژ‌و هوشیار رازی نەدەبوون بەو دابەشكردنە، دەیانویست لەهەردوو شوێن خۆیان باڵادەستبن».
 
نەوشیروان مستەفا لەبیرەوەریی ئەو رۆژانەدا درێژەی پێدەدات‌و دەنووسێ:رۆژی 1ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2004 لەپیرمام كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی‌و پارتی (بەئامادەبوونی تاڵەبانی‌و بارزانی).
 
بارزانی‌و تاڵەبانی بەدوو قۆڵی كۆبوونەتەوە، دوای كۆبوونەوەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دوان. لەبەردەم دەزگاكانی راگەیاندندا دوو فایلییان گۆڕییەوە گوایە پێكهاتوون سەرۆكایەتی بەغداو كوردستان لەنێوان خۆیاندا دابەشبكەن.
 
تاڵەبانی دەقی رێككەوتننەكەی پیشانی هیچ كام لەهاوڕێكانی نەداوە، من چووم بۆ ئەو كۆبوونەوەیەو رێككەوتننەكەشم نەدیوەو بڵاویش نەكرایەوە.
 
هەروەك لەخاڵی سێیەمی رێككەوتننەكەی تاڵەبانی‌و بارزانیدا هاتووە: رێككەوتن لەسەر شێوەی دابەشبوونی پلەی پەرلەمانی‌و حكومی لەعێراق‌و هەرێمدا بەمشێوەیە: 
 
_ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەڕێز (مەسعود بارزانی)
 
_ یەكێك لەم دوو مەوقیعە سیادییەی عێراق (سەرۆك كۆمار یان سەرۆك وەزیران) بۆ بەڕێز (مام جەلال).
 
ئیدی لێرەوە سەرۆكایەتی هەرێم دروستكراو یەكێتی‌و پارتیش (بە دیاریكراویش تاڵەبانی‌و بارزانی) ئەودەسەڵاتەیان بەشەریكی دابەشكرد كە ساڵانێكی زۆر كەسیان ئامادەنەبوون دابەشی بكەن‌و سەرۆكایەتی یەكتری قبوڵ بكەن‌و بەهەزارانیان لەو پێناوەدا بەكوشتدا.
 
یاسای سەرۆكایەتی هەرێم
لەكاتێكدا پارتی بەهۆی رێككەوتننیانەوە لەگەڵ تاڵەبانی پۆستی سەرۆكی هەرێمیان بۆ مەسعود بارزانی بەدەستهێنابوو، یاساییەكیشیان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم دانابوو كە بەباڵای بارزانیدا دابڕابوو، جیاوازییەكانی بەشێك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ پارتیدا لەماوەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێمدا دەربارەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك‌و سیستەمی سەرۆكایەتی‌و هەڵبژاردنی سەرۆك لەیاساكەدا بەئاشكرا هەبوو، بەپێی نووسینەكانی نەوشیروان مستەفا لەسایتی (ریفۆرم)دا ئەو جیاوازییانە بەئاشكرا دەردەكەوتن.
لەوتاری (لەكاتێكدا عێراق بۆ پێشەوە دەچێ‌و كوردستان بۆ دوواوە) نەوشیروان مستەفا ئەوە دەخاتەڕوو پۆستەكەی بارزانی پەیوەستبووە بەپۆستەكەی تاڵەبانییەوە لەبەغدا، هەروەها جیاوازییەكانی بیرو بۆچوونەكانی سەركردایەتی هەردوو حزب دەربارەی (دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم، جۆری هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم) دەخاتەڕوو.
 
لەوتارێكی دیكەشدا بەناوی (لە نرخی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقدا یەكێتی چی داوە بەپارتی؟) لەسایتی (ریفۆرم)دا نەوشیروان مستەفا بەدیاریكراوی سێ كێشەی سەرەكی یەكێتی ئەوكات لەگەڵ پارتی لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم دەخاتەڕوو كە ئەوانیش (ماوەی ویلایەتی سەرۆك‌و جۆری هەڵبژاردنی سەرۆك‌و دەسەڵاتەكانی سەرۆك)ە.
 
لەكێشەی ویلایەتی سەرۆكدا نەوشیروان مستەفا ئاماژە بەوەدەكات یەكێتی بڕوای وابووە لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراقدا ویلایەتی سەرۆكیش تەواو دەبێ، بەڵام پارتی پێی وابووە ئەوكات بۆ چوار ساڵ هەڵدەبژێرێ‌و دوو جاری دیكەش قابیلی هەڵبژاردنەوەبێ.
 
لەكێشەی جۆری هەڵبژاردنی سەرۆكیشدا، یەكێتی بڕوای وابووە دەبێ لەرێی پەرلەمانەوەبێ وەك عێراق، بەڵام پارتی پێی وابووە دەبێ بەدەنگدانی گشتی راستەوخۆو نهێنی دەنگدەرانی كوردستان‌و بەزۆرایەتییەكی سادە سەرۆك هەڵبژێردرێ.
 
لەكێشەی سێیەمیشدا یەكێتی ئەوكات پێیوابووە دەبێ دەسەڵاتەكانی سەرۆك لەچوارچێوەی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی تەشریعی‌و تەنفیزی‌و قەزاییدا دیاربكرێ نەك لەسەرووی ئەوانەوەبێ، بەڵام پارتی پێیوابووە دەبێت دەسەڵاتەكانی سەرۆك هەمەلایەنەو گشتگیربێ. پارتی لەگفتوگۆكانیدا پێی لەسەر ئەوە دادەگرت هەتا سەركردایەتی یەكێتی‌و پارتی لەسەر یاسای سەرۆكایەتی رێككنەكەون، ئەوا: كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكرێ‌و ئامادەنین باسی یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارە بكەن. 
 
كەركوك بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە
مشتومڕەكانی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم زۆری خایاندو پارتی‌و یەكێتی دوو بۆچوونی جیاوازییان هەبوو، سەرەڕای چەندین دانیشتن بەڵام هیچ ئەنجامێك بەدەستەوە نەهات، تاوەكو لەرۆژی 8ی ئایاری 2005 پارتی لەرێگای بروسكەیەكەوە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەموو گفتوگۆكانی خۆی راگرت‌و چاوەڕوانی گەڕانەوەی تاڵەبانییان دەكرد بۆ ئەوەی بەرێككەوتننامەكەی 1ی كانوونی دووەمی ساڵی 2004 دا بخشێننەوە كە لەنێوان تاڵەبانی‌و بارزانیدا ئیمزاكراوە.
 
دوای ئەوەی تاڵەبانی دەگەڕێتەوە، جارێكی تریش پارتی لەرێگای چەند نوێنەرێكەوە سەردانی دەكەن‌و پرۆژەكەی خۆیانی بۆ دەبەن، رۆژی 28ی ئایاری 2005یش تاڵەبانی بۆ سەردانی بارزانی بەتەنیا بێ ئەوەی هیچ كەسێك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ببات لەگەڵ خۆی رۆشت بۆ لای بارزانی لەسەلاحەدین‌و مەرجەكانی پارتیش لەوانە رەشنووسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی سەلماند.
 
لەگێڕانەوەی ئەو رۆژانەدا نەوشیروان مستەفا دیسان دەنووسێ «رۆژی 29ی ئایاری 2005 لەقەڵاچوالان».
 
كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەبوو. ئەوانەی پارتی داوایكردبوو تاڵەبانی سەلماندوویەتی، مەسعود بارزانی دەبێتە سەرۆكی هەرێم:
 
- سەرۆكایەتی بۆ چوار ساڵ دەبێ نەك بۆ ماوەی گواستنەوە.
 
- سەرۆك ئەمجارە لەپەرلەماندا‌و جاری داهاتوو راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێرێ، واتە قبوڵكردنی سیستەمی سەرۆكایەتی.
 
بەمجۆرە تەنگوچەڵەمەی سەرۆكایەتی هەرێم لەو كاتەدا كۆتایی هات، بەڵام گرفتەكانی بنیاتنانی ئەو پرۆسەیە كە لەسەر ئارەزووی پارتی بووە تاوەكو ئێستاش بەردەوامە.
 
دەسەڵاتەكانی سەرۆك
مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێجگە لەو 25 دەسەڵاتەی كە لەڕەشنووسی دەستووردا پێی دراوە‌و تائێستا راپرسی لەسەر نەكراوەو جارێكی تر خەریكی نووسینەوەن، لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمیشدا دەسەڵاتێكی زۆرو زەوەندی پێ دراوە كە ئەمە بەشێكە لەو دەسەڵاتانە:
 
- فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە.
 
- سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی كارگێڕییە لەهەرێمدا.
 
- لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە نوێنەرایەتی هەرێم دەكات.
 
- سەرپەرشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و دەسەڵاتە فیدراڵییەكان دەكات.
 
- نوێنەرایەتی هەرێم دەكات لەئەنجومەنی باڵای سیاسی عێراقدا.
 
- دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە.
 
- دەسەڵاتی راگەیاندنی باری نائاسایی هەیە.
 
- دەتوانێ سوپای عێراق بهێنێ بەرەزامەندی پەرلەمان.
 
- دەتوانێ یاساكانی پەرلەمان رەتبكاتەوە.
 
- روتبەی سەربازیی دەبەخشێتەوە.
 
30ی حوزەیرانی ساڵی 2013
دوای ئەوەی مانگی تەموزی 2013 ماوەی یاسایی دەسەڵاتەكەی تەواو دەبوو، یەكێتی‌و پارتی لە30ی حوزەیرانی ساڵی 2013 بەپێی رێككەوتنێك (كە ئۆپۆزسیۆنی ئەوكات بەكودەتا وەسفیانكرد) ماوەی دوو ساڵی تر دەسەڵاتی بارزانیان درێژكردەوە كە وا بڕیارە لە19ی ئابی ئەمساڵ ئەو ماوەیە كۆتایی بێ.
 
ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە لەچۆنێتی دروستكردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كەچی هێشتا باجی بەدامەزراوەیی نەكردنی ئەو دامەزراوەیە دەدرێ‌و پارتی‌و بارزانی سوورن لەسەر درێژەدان بەو مشتومڕ‌و ململانێیانەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەسەڵات‌و ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەچوون.
 
لەناو ئەم راپۆرتەدا دەردەكەوێت كەپارتی‌و بارزانی كاڵای سەرۆكایەتی هەرێمیان بەباڵای خۆیاندا بڕیوە بۆیە هێشتا رژدن لەسەر درێژەدان بەو سیستەمەی كەوا 10 ساڵەبارزانی درێژەی پێدەدات‌و نەیارەكانی به «سەرۆكێكی سەرنەكەوتوو» وەسفی دەكەن.
 
 شارپرێس
به‌روار:  30/08/2015
876   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   303
کۆی سه‌ردان:   29306367