هەڵەبووم بە درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی ڕازیبووم
سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، دان بەوەدا دەنێت کە هەڵە بووە رازی بووە بە درێژردنەوەی ویلایەتی بارزانی لە ٣٠ حوزەیراندا و دەشڵێت، پەشیمانە کە هەندێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی ڕزیکرد بەو درێژکردنەوەیە.

عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی ئەمەریکا بەشی کوردیی وتووە: ئیمانم بە(سازان) نیـیە و ئیمانیشم بە ڕێككەوتن و سازانی لایەنەكان نیـیە كە لە دەرەوەی پەرلەمان بكرێت، بۆیە پێویستە لە ناو پەرلەمان ئەو پرسە یەكلایی بكرێتەوە.

هەروەها وتویەتی: ئەم دە ساڵەی حكومڕانی بارزانی بارودۆخی كوردستان خراپتر بووە لە ڕووی ئابوری و سیاسی و پەیوەندییەكانامان خراپ بووە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی تر، هەتا موچە نەماوە بۆ خەڵک و ئەوەش دۆخی كارەبا و ئاو خزمەتگوزاریـیە، تەنانەت پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا خراپكرد و وتیان دەوڵەتی كوردی دروستدەكەین، ئەوەتا نە دەوڵەتی كوردی دروستكرا و موچە بڕدرا بارودۆخ خراپتر بوو.

سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی سەبارەت بە دەنگی لایەنەکان لە بەرامبەر پارتیدا دەڵێت: بە هەرچوار لایەنەكە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو زیاتر لە ١٢٢ هەزار دەنگیان لە پارتی و كەمە نەتەوایەتیـیەكان زیاترە، دانانی ڕێژەی لە١١% بۆ كەمە نەتەوایەتیەكان ڕێژەیەكی زۆرە و شتی وانیـیە، ئەوانە بوونەتە پاشكۆی پارتی و لە هەولێر بارەگایان هەیە و پارتی لە كاتی دەنگدان بەكاریان دەهێنێت بۆ خۆی.

لە درێژەی قسەکانیدا عادل موراد وتویەتی: ئەگەر یەكێتیش ڕازی بێت بە مانەوەی بارزانی بەمەرجی وەرگرتنی گرەنتی نامەیەک، گۆڕان ڕازی نابێت چونكە ئەوان دەڵێن ئەوەتا سەیر بكەن بڕگەی ٢ لە ڕێككەوتننامەی ٣٠ حوزەیران دەڵێت بۆ جارێكی تر ویلایەتی سەرۆكی هەرێم درێژ ناكرێتەوە ئەوەتا پارتی لەگەڵ ئێوە جێبەجێیان نەكرد.

لە ئێستادا لایەنەکان گفتوگۆ دەکەن لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و ماوەی ١٠ ڕۆژە بارزانی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بووە بەڵام تا ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان پاشگری "سەرۆکی هەرێم" بۆ بارزانی بەکار دەهێنێت.
نالیا
به‌روار:  29/08/2015
644   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   630
کۆی سه‌ردان:   29250616