وەزیری دەرەوەی سوید: پێویستە پەکەکە و تورکیا کۆببنەوە
وەزیری کاری دەرەوەی وڵاتی سوید (مارگۆت واڵسترۆم) وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتاری کورد لە پارتی چەپی سویدی (ئامینە کاکەباوە) ی لەسەر هەڵوێستی حکومەتی سوید دەربارەی بۆردومانکردنی هەرێمی پاراستنی مەدیا دایەوە و وتی: ئەوان گومانیان لە زیادبوونی توندوتیژیەکان لە تورکیا هەیە، واڵسترۆم داوای لە لایەنەکان کرد سەرلەنوێ لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوام بوونی قۆناغی ئاشتی بۆ تورکیا گرنگە، پێویستە پەکەکە و دەوڵەتی تورک بۆ زامنکردنی ئاشتی لە تورکیا و پێشکەوتنە دیموکراتیەکان، لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە. 
وەزیری دەرەوەی سوید باسی لەوەش کرد کە دەستپێکردنەوەی دیدارەکانی ئاشتی لە تورکیا نەک تەنها بۆ ئەو وڵاتە گرنگە، بەڵکو ڕێگە لەبەر ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیش دەکاتەوە، کاریگەری لەسەر عێراق و سوریاش دەبێت و تورکیا زیاتر لە یەکێتی ئەوروپا نزیک دەکاتەوە. پەرلەمانتار ئامینە کاکەباوە لەبارەی وەڵامەکانی واڵسترۆم قسەی بۆ ئاژانسی فرات کرد و وتی:" قسەکانی واڵسترۆم گرنگە، گەریلا تەنها چەکی هەیە، بەڵام دەوڵەتی تورک جگە لە چەک هەموو دامودەزگا و دەرفەتێکی تری هەیە، هاوسەنگی هێز یەکسان نیە، بۆیە دەبێت گوشارەکان لەسەر دەوڵەتی تورکیا زیادبکرێت، چونکە دەوڵەت شەڕی دەسپێکردوەتەوە و ئاکەپە کوردان بۆمباباران دەکات و قۆناغی ئاشتی تێکدا، ئاکەپە ئاگربەستی شکاند نەک پەکەکە، دەبێت حکومەتی سوید و وڵاتانی ڕۆژئاوا گوشارەکانیان لەسەر تورکیا زیاتر بکەن" 
کاکەباوە دەڵێت: تورکیا لە تێکۆشانی دا دژ بە چەتەکانی داعش ڕاستگۆنیە، ڕێگە بە ڕێکخستن و کاروخەباتی داعش دەدات لە سەر خاکەکەی خۆی، کاتێک من گەشتێکم بە باکوری کوردستان و تورکیادا کرد ئەو ڕاستیەم بەچاوی خۆم بینی. ناوبراو ڕایگەیاند کە پاراستنی گەلی کورد و پەکەکە لە بۆردومانەکانی تورکیا گرنگە و دەڵێت:" من پێشنیار دەکەم پەکەکە بانگ لە وڵاتان و حزبە سیاسیەکانی ئەوروپا بکات و بڵێت ئێمە دەستمان بۆ ئاشتی درێژ دەکەین و شەڕمان ناوێت". پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی سوید ئامینە کاکەباوە ڕادەگەیەنێت کە کۆسپی هەرە گەورە لە بەر پەکەکەدا هەبوونی ناویەتی لە لیستی تیرۆردا، بۆیە دەبێت ئەوبابەتە بخرێتە ڕۆژەڤی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنن .
ڕۆژنیوز
به‌روار:  29/08/2015
541   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   333
کۆی سه‌ردان:   29254045