بێهرووز ئالخانی لە سێدارە درا
درەنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە ٤ی خەرمانان- ٢٦ی ئاگۆست، بێهرووز ئالخانی، گیراوی سیاسیی کورد و پێنج گیراوی تر لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دران.

ئەندامیکی بنەماڵەی ئەو گیراوە ئێعدامکراوە هەواڵەکەی بۆ کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی کورد پشتڕاست کردۆتەوە و وتوویەتی کە لە لایەن بەرپرسانی گرتووخانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە سبەی، پاش هێنانی مۆڵەتی دادگا، تەرمی بێهرووزیان ڕادەست دەکرێتەوە.

لەسێدارەدرانی ئەو گیراوە کوردە لەکاتێکدایە کە بنەماڵەکەی، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین شەوی ڕابردوو سەرەتا لەبەر دەرگای گرتووخانەکە و پاش هێرشی پۆلس و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان لە شەقامێکی نزیک گرتووخانەکە لە مانگرتندابوون.

بنەماڵەی ئالخانی، ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەرمانان و پاش گوازرانەوەی کوڕەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی، بۆ دواجار، داوی دیتنی کوڕەکەیان کردبوو. 

شەوی ڕابردوو، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێکی نووسراو، داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدامی ئەو گیراوە کوردە ڕابگرێ.

بە گوێرەی ڕێکخراوەکە، هەوڵدان بۆ لەسێدارەدانی ئەو بێهرووز ئالخانی لەکاتێکدابوو کە پاش ئەوەی دیوانی باڵای دادی ئێران، داوای لە دادگای پێداچوونەوە کردبوو سەرلەنوێ بڕیار لەسەر دۆسیەکە بداتەوە بەڵام بەر لەو بڕیارە کۆتاییە، بەرپرسانی گرتووخانەی ورمێ، حوکمەکەی پێشوویان جێبەجێ کرد.

بێهرووز ئالخانی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی و دانیشتووی سەڵماسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ناوبراو حەوتی ڕێبەندانی ٨٨ی هەتاوی لە لایەن ئیتلاعاتی شارەکەوە، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی نەیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران قۆڵبەست کرا بەڵام دواتر تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی داواکاری گشتیی خۆی لێدرا.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، ئەو گیراوە کوردە لە سەرجەم قۆناخەکانی لێکۆڵینەوە و دادگاییدا، ئەو تۆمەتەی ڕەتکردۆتەوە بەڵام سەرباری ئەوەش، پاش نۆزدە مانگ ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە گرتووخانەکانی ئیتلاعاتی سەڵماس، خۆی و ورمێ، لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، ناوبراو بەو تۆمەتە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

بە گوێرەی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ، بنەماڵەی ئەو گیراوە سیاسییە ئێعدامکراوە، لە هەوڵی وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵەکەیانن بەڵام تا ئێستا جگە لە بەڵگەیەک کە جێبەجێکرانی حوکمەکەی دەسەلمێنێ، چیتریان دەستنەکەوتووە.
م.م.
nnsroj.
به‌روار:  27/08/2015
728   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   980
کۆی سه‌ردان:   29264481