چاوه‌ڕێی رۆیشتنی بارزانی مه‌که‌ن
چاوه‌ڕێی رۆیشتنی بارزانی مه‌که‌ن
کاوه شێخ عه‌بدوڵڵا
نهێنییه‌کی گرنگی خه‌ونه‌کانی بارزانی
"من خۆم بە قوتابیی قوتابخانەیەكی پیرۆز دادەنێم. لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی فێری كولتووری پێكەوەژیان و قوربانیدان لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان بووین. لە شێخ ئەحمەدی بارزانی فێری ئەوەبووین كە دین پێش هەموو شتێك ئەخلاقە و، بیروباوەڕ لە كۆت و زنجیرەكان بەهێزترە. لە مەلا مستەفای بارزانی فێری ژیانی پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی بووین. یەكەم شتیش كە دوور لە باوك و بنەماڵەكەمەوە فێری بووم، دایكم فێری كردم كە ئەویش راستگۆیی بوو. لە تەریقەت و، مەولانا شێخ خالدی نەقشبەندی فێری تەحەممول بووین. لە پارتی و شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان فێری كوردستان یان نەمان بووم".
به‌شێک له دوایین لێدوانی مه‌سعود بارزانی سه‌باره‌ت به‌و قه‌یرانه‌ی له‌سه‌ر پۆسته‌که‌ی ئه‌و هاتۆته ئاراوه (9ی ئابی 2015)
بۆ به‌شێکی زۆر له چاودێرانی سیاسی و ته‌نانه‌ت لای خه‌ڵکێکی زۆریش، ئه‌م قسانه‌ی بارزانی که له‌م کاته پڕ له کێشانه کردنی، شتی زیاده‌ن و هیچ بایه‌خێکی سیاسی‌یان نه‌بوو. به‌ڵام ئایا بۆچی بارزانی ئه‌م قسانه‌ی کرد؟
ئه‌وانه‌ی نه‌یاری بارزانین و له دڵه‌وه خوازیارن له پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان دوور بخرێته‌وه، به راده‌یه‌کی زۆر توشی سه‌رسوڕمان بوون که ئه‌و هه‌موو پێداگریی و مکوڕبوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی دوو ساڵی دیکه له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ زۆربه‌یان وه‌ڵامی پرسیاره‌که به‌وه ده‌ده‌نه‌وه که "حه‌زێکی دیکتاتۆریانه‌یه و ئاماده‌یه تا لێواری مردن شه‌ڕی له‌سه‌ر بکات".
منیش وه‌کو زۆربه‌ی خه‌ڵک ئه‌و پرسیاره‌م هه‌بوو، هه‌روه‌ها له‌و قسانه‌ی که له دوایین په‌یامی خۆیدا نووسیونی و له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌ش به‌شێکی دانراوه، هه‌مان پرسیارم هه‌بوو ئایا ئه‌م درێژدادڕییه له کاتی وا حه‌ساس و ئاڵۆزدا له پای چی؟ خه‌ڵک ته‌نیا قسه‌یه‌کی له‌و ده‌وێ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه "ده‌مێنێته‌وه یان پۆسته‌که ته‌سلیم به که‌سێکی دیکه ده‌کات؟" که‌چی ئه‌و هاتووه له وتارێکی زیاد له دوو هه‌زار وشه‌ییدا قوتابخانه و رێبه‌ره رۆحیی و دنیاییه‌کانی خۆی که پێیان گه‌وره‌بوو ریز کردووه و دانه دانه ژماردوونی!
پرسیاره‌که‌ی منیش له دڵی خۆمدا به‌شێکیم وه‌ڵام دابوویه‌وه و به‌شێکیم ده‌گێڕایه‌وه بۆ خراپی گه‌یاندنی په‌یام لای سه‌رۆک و رێبه‌ره‌کانی کورد که کاتێ ده‌دوێن، چونکه زۆر که‌م شتی تازه و نه‌وتراو ده‌ڵێن هه‌رچی بێت به ده‌میاندا دوو ساڵ یان زۆر پێشتر وتوویانه! به‌ڵام له کاتی خوێندنه‌وه‌ی کتێبێکی رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی تورک (جه‌نگیز چاندار) به‌ناوی "شه‌مه‌ندۆفێری میزۆپۆتامیا" له لاپه‌ڕه‌کانی کۆتایی ئه‌و کتێبه‌دا که نزیکه‌ی 450 لاپه‌ڕه‌یه، که‌وتم به‌سه‌ر وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی خۆمدا "ئه‌و هه‌موو درێژداڕییه چیه له په‌یامێکی سیاسی‌دا له کاتێکی زۆر ئاڵۆز و پاڵۆزدا؟"
چاندار ده‌گێڕێته‌وه ساڵی ٢٠١٠ له ئه‌نقه‌ره بارزانی بینیوه و سه‌باره‌ت عه‌بدوڵڵا ئۆجالان قسه‌یان کردووه، چاندار له‌و که‌سانه‌یه که نایشارێته‌وه پێشتر هیچ سه‌رسام نه‌بووه به ئۆجه‌لان و پێیوابووه سه‌رکرده‌یه‌کی ته‌سلیم بووی چۆک داده‌ره، بۆیه چه‌ندجار هانی سه‌رکرده کورده‌کانی تورکیای داوه که هێنده هۆگری ئۆجه‌لان نه‌بن و خۆیان سه‌رکرده‌یه‌کی نوێ بێننه کایه‌وه. چاندار ئێستا ئه‌و بۆچوونه‌ی پێشتری گۆڕاوه سه‌باره‌ت به ئۆجه‌لان.
جا له‌و دیداره‌دا بارزانیش ده‌ڵێ: من نازانم بۆچی هێنده شه‌یدای ئۆجا‌لانن، سه‌رکرده‌کانی ئه‌وروپا که وڵاته گرنگه‌کانی خۆیان بنیاتنا، که‌سانی ره‌سه‌ن و ره‌گ داکوتاوبوون. به‌راست ئۆجالان خه‌ڵکی کوێیه و ریشه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی له کوێن؟
دواتر دۆستێکی بارزانی که سه‌رۆکی شاره‌وانی شارێکی باکووری کوردستانه و نێوانیان زۆر خۆشه بۆ چانداری ده‌گێڕێته‌وه که "بارزانی باوه‌ڕی وایه سه‌رکرده‌یه‌ک ئه‌گه‌ر ره‌سه‌ن نه‌بێ و ریشه‌یه‌کی قوڵی له‌ناو میلله‌تدا نه‌بێ هه‌رگیز ناتوانێ ده‌وڵه‌ت دامه‌زرێنێ."
دوای خوێندنه‌وه ئه‌م دێڕانه له کتێبه‌که‌ی چاندار، ئیتر بۆم ده‌رکه‌وت بارزانی هه‌ر کاتێ ئه‌م قسانه ده‌کات ئه‌وا کۆدێکی سیاسی و خێڵه‌کی له پشتی ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌تی که زۆرجاری دیکه له ساتی حه‌ساس و ئاڵۆزی سیاسی ده‌ری بڕیون. له دوای رووداوه‌کانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ کە تێیدا له‌و خۆپیشاندانانه‌ی سلێمانیدا جامانه‌ی سوور سوتێنرابوو، بارزانی رایگه‌یاند "هه‌زار پیاوی بارزانی ئاماده‌یه له‌پێناو ئه‌م رێباز و ناوه خۆیان به کوشت بده‌ن."
ئێستا ئیتر روونه که بارزانی به‌و په‌یامه‌ی دوایی ده‌یه‌وێ بیڵێ که ئه‌و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ره‌سه‌نه و سه‌رکرده‌یه‌که ره‌گی له بنی بنه‌وه‌ی میلله‌تدایه. ئه‌و گه‌وره‌بووی ده‌ستی سه‌رکرده‌کانی سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و کوڕی سه‌رکرده‌ی شۆڕشی ئه‌یلول و بۆ خۆیشی هه‌ڵشێلراوی دوو شۆڕشه، بۆیه به‌م پێوه‌رانه ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌کی ره‌سه‌ن و ره‌گ داکوتاوه. هه‌ر بۆیه به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پۆسته نابێ، چونکه خۆی و میدیای حزبه‌که‌یش چه‌ندجار ئه‌وه‌یان وتووه که راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی بارزانی نزیکه. ئه‌و باوه‌ڕێکی قوڵی به‌وه هه‌یه که ده‌بێ "سه‌رکرده‌ی ره‌سه‌ن و ره‌گ داکوتاو" ئه‌و ده‌وڵه‌ته رابگه‌یه‌نێ!
کێ ده‌ڵێ بارزانی-ی باوکیش کاتێ ئێران و عێراق رێککه‌وتن تا کۆتایی به شۆڕشی باشووری کوردستان بێنن، ئاماده نه‌بوو سه‌رکردایه‌تی شۆڕش بداته ده‌ستی هیچ که‌سێکی دیکه و بڕیاری بڵاوه‌پێکردنی شۆڕشی دا هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه نه‌بووه؟ چونکه سه‌رکرده‌کانی ئه‌و کاتی شۆڕشی ئه‌یلول چونکه که‌سێکی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌بوو ئا ئه‌و به‌رپرسیارێتییه وه‌ربگرێ به‌هۆی که‌می ته‌مه‌نی کاک ئیدریس و مه‌سعود بارزانی. ئیتر لای بارزانیی باوک، شایسته‌ی سه‌رکردایه‌تیکردن نه‌بوون چونکه سه‌رکرده‌ی ره‌سه‌ن و ره‌گ داکوتاو نه‌بوون.
باوه‌ڕه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی زۆر له جێی خۆیدایه، ده‌بێ سه‌رکرده‌ی سیاسی ره‌سه‌ن و ره‌گ داکوتابێ و له هه‌ناوی گه‌له‌وه هاتبێ. سه‌رکرده‌ی سیاسی ئه‌گه‌ر هه‌ڵشلێراوی بیرکردنه‌وه و باوه‌ڕه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی نه‌بێ، نابێته سه‌رکرده ره‌نگه هه‌ر ئه‌مه ره‌سه‌نێتی بێ لای بارزانیش، به‌ڵام ئایا کێ ره‌سه‌نێتی و ناڕه‌سه‌نی ده‌پێوێ؟ ئه‌وه چ پێوه‌رێکه سه‌رکرده‌یه‌کی ره‌سه‌نمان بۆ جیا ده‌کاته‌وه له ناڕه‌سه‌نێک!
ئه‌وه‌یش شتێکی راسته که وڵاتانی ئه‌وروپا به ده‌ستی سه‌رکرده‌ی ره‌سه‌ن هاتنه چێکرن، به‌ڵام له چ سه‌رده‌م و قۆناغێکدا؟ خۆ ئه‌مه‌یش دیسان پێوه‌ری هه‌یه و ده‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان مێژوویی بن، ناشێ بارزانی ئاگای له‌وه نه‌بێ دوای داڕمانی بلۆکی سۆسیالیزم و هه‌ڵوه‌شانه‌وه یه‌کێتی سۆڤیه‌ت لە ١٩٩٢ به دواوه، چه‌ندین وڵات جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان راگه‌یاند و زۆر که‌میان سه‌رکرده‌یه‌کی ره‌گ داکوتاو یان ناڕه‌سه‌نیان له پشته‌وه‌بوو.
له دوای ساڵی ٢٠٠٠یشه‌وه دوو وڵاتی تازه دیار هاتنه سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان و بوونه ئه‌ندامی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان (ته‌یمووری رۆژهه‌ڵات و باشووری سودان) ئایا ئه‌وانیش هه‌ر سه‌رکرده‌ی ره‌سه‌ن بنیاتی نان یان هه‌لومه‌رجی سیاسی سه‌رده‌م و به‌رژه‌وه‌ندیی دوای داڕمانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت؟ ره‌سه‌نی و ناڕە‌سه‌نی ناتوانێ ببێته ده‌وای هه‌موو ده‌ردێک بۆ نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵکو چه‌ند پێوه‌رێکی دیکه هه‌ن که بارزانی له هه‌موو که‌سی باشتر ده‌زانێ، به‌ڵام وادیاره بارزانی خه‌ونێکی ٥٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ری هێشتا له سه‌ردا ماوه و تا لێواری مردن ئاماده‌یه بیهێڵێته‌وه؟!
نالیا
به‌روار: 26/08/2015
973 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|