ئاری هەرسین وێنەکەی بۆ مەرامی سیاسی بەكاریهێنا

بۆ یەكەمجار شوان قەڵادزەیی لەسەر ئەو وێنەیەی لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەرای نایەوە بۆ شارپرێس قسەدەكات‌و دەڵێت: وێنەكە بێ‌ پرسی ئەوان بڵاوكراوەتەوە. 
 
لەڕێكەوتی 19/8/2015 ڕۆژی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم وێنەیەك لەتۆرٍِە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، كە هەریەكە لەشوان قەڵادزەیی سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی‌و ئەبو كاروان فراكسۆنی ئیسلامی‌و شیوعی تێدا دەركەوتن‌و وا لێكدرایەوە كە "ئەمانە ڕێكەوتنی پێش وەختیان لەگەڵ فراكسۆنی زەرد كردووە، بۆ ئەوەی بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكەن".
 
شوان قەلادزەیی سەرۆكی فڕاكسۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ یەكەمجار لەسەر وێنەكە بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، كە سەرەتا ئێمە لەژووری فراكسیۆنی ئازادی بووین، ئەوەبوو لەلایەن چەند كەناڵێكەوە داوای چاوپێكەوتنمان لێكراو جانتایەكەم لەوێ بەجێهێشت.
 
شوان قەڵادزەیی وتیشی: لەدوای ئەوەی، كە چاوپێكەوتنەكانم تەواوكرد لەبەردەم پەرلەمان راستەوخۆ رۆیشتمە لای یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان‌و پرسیم كەی كۆبوونەوەكە دەستپێدەكات، وتی: تەواومان كردو رێژەی یاسایی تەواونەبوو، دواتر ڕۆیشتم بۆ ژووری ئەبو كاروان بەمەبەستی هێنانی جانتایەكەم، هەر لەوكاتەدا ئاری هەرسین هات‌و مۆبایلەكەی دایە یەكێك‌و وێنەیەكی گریتن‌و بەلامانەوە ئاسایی بوو، بەڵام بەداخەوە دواتر ناوبراو بۆ مەرامی سیاسی بەكاریهێناو بڵاویكردەوە.
 
قەڵادزەیی باسی لەوەش كرد، كە پەیوەندیمان بەناوبراوەوە كردو زۆر لێی نیگەران بووین لەسەر بڵاوكردنەوەی وێنەكەو بەڵێنیشیدا ڕەشیبكاتەوە.
 
رۆژی كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان شوان قەڵادزەیی بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكرد، كە بەو هۆیەوە رەخنەیەكی زۆری لێگیرا، بەتایبەتی لەسەر ئەو وێنەیە، كە ئێستا قسەی لەسەر دەكات.
شارپرێس
 
به‌روار:  26/08/2015
812   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   713
کۆی سه‌ردان:   29260017