نە گۆڕان پاشكۆی‌ یەكێتیە، نە یەكێتی‌ پاشكۆی‌ گۆڕانە
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، ڕەتیدەكاتەوە حزبەكەی‌ بوبێتە پاشكۆی‌ گۆڕان لەپرسی سەرۆكایەتی‌ هەرێم، ئەو قسانەشی‌ لەوبارەیەوە دەكرێن بەهەوڵی‌ وروژاندنی‌ هەستی‌ لایەنگرانی‌ حزبەكەی‌ دەزانێت لەلایەن پارتییەوە. 

ئەو قسانەی‌ بەرپرسەكەی‌ یەكێتی‌ دوای‌ ئەوەدێت، ماڵپەڕی‌ فەرمی‌ پارتی‌ لەسەر وتارێكدا یەكشەممە 23ی‌ ئەم مانگە، بەشێك لەیەكێتیەكانی‌ تۆمەتباركرد بەهەوڵی‌ تێكدانی‌ پەیوەندی‌ ئەو حزبە لەگەڵ پارتی‌، بەپاشكۆ‌و تەسلیمكردنی‌ بڕیاری‌ یەكێتی‌ بە نەوشیروان مستەفا ناویبردن. 

ئارێز عەبدوڵا لەو بارەوە بە ڕۆژنامەی هاوڵاتی ڕاگەیاندووە "یەكێتی‌ بەهیچ جۆرێك نابێتە پاشكۆی‌ هیچ هێزێك، لەسەر پرسی سەرۆكایەتی‌ هەرێمیش كە هەڵوێستمان یەكە بەو مانایە نیە گۆڕان پاشكۆی‌ یەكێتیە، یان یەكێتی‌ پاشكۆی‌ گۆڕانە، یەكێتی‌ لەسەر مەسەلەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم بەپێویستی‌ دەزانێت یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم هەمواربكرێتەوە، بەڵام پارتی‌ پابەند نابێت بەیاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و ملیش نادات بۆ هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌". 

ئەندامەكەی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ دەڵێت "ئەو جۆرە نوسینانەی‌ كە لەوبارەیەوە بڵاودەكرێنەوە بۆ دروستكردنی‌ ناكۆكیە لەنێوان پارتی‌‌و یەكێتی‌، هەروەها بۆ ئەوەیە لەڕێگەی‌ هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و سازانی‌ نیشتمانی‌ دووبخەنەوە، ئەو نوسینانە هەوڵێكن بۆ ئەوەی‌ لایەنەكانی‌ تریش لەیەكێتی‌ دوربخەنەوە‌و ناكۆكی‌ دروستبكەن". 

ئارێز عەبدوڵا پێشیوایە "هۆكارێكی‌ تری‌ ئەو نوسینانە بۆ جوڵاندنی‌ هەستی‌ یەكێتیەكانە بەڵام هیچ سودی‌ نیە، چونكە هەموان لەناو یەكێتی‌ بەمەكتەبی‌ سیاسیشەوە كۆكین لەسەر ئەوەی‌ كە پێویستە سیستم پەرلەمانی‌ بێت‌و یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم هەمواربكرێتەوە". 

ئەوەشی‌ خستەڕو "نە كاك نەوشیروان هەوڵی‌ بچوككردنەوەی‌ یەكێتی‌ داوە، نەیەكێتیش بە هەوڵی‌ لەوجۆرەی‌ هیچ لایەك ڕازی‌ دەبێت".
نەوا
به‌روار:  25/08/2015
457   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   970
کۆی سه‌ردان:   29258418