تۆ بڵێى گۆچانەکەى مام جەلالیان لەبیر کردبێ

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و بێگەرد تاڵەبانى بەتوندى وەڵامى کۆسرەت ڕەسول و بەرهەم ساڵح دەدەنەوە کە داواى لابردنى بێگەرد تاڵەبانییان کردووە لە سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى.

بەپێى هەواڵێکى ڕۆژنامەى ئاوێنە هەریەکە لە کۆسرەت ڕەسول و بەرهەم ساڵح جێگرانى سکرتێرى گشتى یەکێتى داواى لابردنى بێگەرد تاڵەبانى لەسەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتیان کردووە، بەهۆى سوربونى ناوبراو لە بەشداریکردنى فراکسیۆنەکەى لەکۆبونەوەى نائاسایى پەرلەمان لە ٢٠ى ئابدا.

لەلایەن خۆشیەوە، بێگەرد تاڵەبانى، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان، ڕایگەیاند: ئەوانەى کە هەرگیز ناتوانن دەست لەبەرژەوەندى خۆیان هەڵگرن، بەدڵنیاییەوە دەیانەوێت یەکێتى و دەستکەوتەکانى بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکار بهێنن.

وتیشى: ئەوەى تائیستا یەکێتى و فراکسیۆنەکەشى کردویەتى، بەرنامەى کارى هەڵبژاردن بووە، بەڵام بەداخەوە خۆ پەرست و بەرژەوەندیخوازەکان دەیانەوێت تێکى بشکێنن، وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکەدا دارییان لەسەر بەرد نەنا بۆ یەکێتى.

لەلایەن خۆشیەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشکى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدى ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى، لەلاپەڕەى تایبەتى خۆى نوسیویەتى، هەندێک بەزۆرى زۆردارى دەیانەوێت نازناوى پاشکۆیەتى بەسەر یەکێتیدا بسەپێنن، لەکاتێکدا دەبوو لە هەمووان زیاتر داکۆکییان لە پێشکۆیەتى و پێشەنگى یەکێتى بکردایە.

ئاشاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، یەکێتى هەمیشە پێشەنگ بووە و دوو ساڵ زیاترە خاوەنى پرۆژە و بەرنامە و بڕیارى خۆی بووە سەبارەت بەپرسى سەرۆکى هەرێم.

ناوبراو دواجار ئەوەش دەڵێت: هەندێک ڕێز نەلەخواستى جەماوەر و نەکادر و ئەندام و نە سەرکردایەتى و فراکسیۆنەکەى خۆیان و نەمیللەتیش ناگرن، ئەڵێم تۆ بڵێى گۆچانەکەى مامیان لەبیر کردبێت.
نالیا
به‌روار:  25/08/2015
499   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   511
کۆی سه‌ردان:   29254776