شانازیت پێوە دەکەم سەرۆک بارزانی

شانازیت پێوە دەکەم سەرۆک بارزانی بۆ ئەم وتارە مێژووییەت:

هاووڵاتییانی خۆشەویست، ئازیزانم

وەک هەموو لایەکتان دەزانن ماوەیەکە مەسەلەی باس و خواستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان خەریکە لە مەسەلەیەکی یاساییەوە دەبێتە کێشە بۆسەر هەرێمەکەمان و هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان .

ئەوەی بۆ من بووەتە جێی دڵگرانی ئەوەیە کە هەندێک وا ئەم مەسەلەیە پیشان دەدەن کە من زۆر تامەزرۆی کورسی دەسەڵات بم و زۆر خوازیاربم کە لەو پۆستەمدا بمێنمەوە، هەروەها وەهای پیشان دەدەن کە بوومەتە هۆی دروست بوونی کێشە لە هەرێمی کوردستان .

دەمەوێت ئەوەتان پێڕابگەیەنم کە ئێمە وەک بنەماڵەی بارزانی و هەروەها وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی دەیان ساڵە و بگرە نزیکەی زیاتر لە ٨٠ ساڵە لەم کوردستانە خەبات دەکەین، کاتێکیش خەباتمان کردووە و قوربانیمان لە پێناویدا داوە، ئەوا لەپێناو کورسی دەسەڵات نەبووە، لەپێناوە ئەوەشدا نەبووە کە دیکتاتۆرێک لابەرین و دیکتاتۆرێکی تر دروست بکەین یان سیستەمێکی دیکتاتۆری دروست بکەین، بەڵکو لەپێناو ئەوەدا بووە کە هەرێمێکی دیموکرات دروست بکەین تاوەکو ببێتە هەوێنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لە داهاتوودا کە هەموو جیهان و دۆستانمان شانازی بکەن بەو جۆرە سیستەمەی کە ئێمە دایدەمەزرێنین و نەیارانیشمان دلتەنگ بن کە ئەو نموونە جوانەی حوکومڕانیمان پێشکەش کردووە.

من وەک مەسعود موستەفا بارزانی کە لە ئێستادا ئێوەی خۆشەویست بۆ ماوەی دە سالە شەرەفی بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی هەرێمتان پێڕاسپاردووم، دەمەوێت چیتر بەردەوام نەبم لەم پۆستەدا، نەک لەبەر ئەوەی کە پێم وایە سەرکەوتوو نابم، یان کارەکەم پێ ناکرێت، یان داوام لێکراوە کارەکە نەکەم، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەزانم کە زۆر لە جاران باشتر دەتوانم بەردەوام بم و زۆر کاری تری گەورەشم ماوە جێبەجێی بکەم، هەروەها لە ڕووی یاساییشەوە دەکرا کە ڕێگەچارەیەکی وا بدۆزینەوە کە بەردەوام بم، بەڵام خۆم ئەوە قبوڵ ناکەم و پێشتریش لە چەندین موناسەبەدا باسم کردووە کە قبوڵی ناکەم ماوەی سەرۆکایەتیم بۆ درێژ بکرێتەوە .

من دەمەوێت وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەک کەسێک کە لە منداڵیمەوە بەردەوامم لە خەباتی چەکداریم لەپێناو ئەم کوردستانەدا، دەمەوێت پیشانی هەموو دنیای بدەین کە ئێمە وەک کورد جیاوازین لە میللەتانی تری ئەم ناوچەیە، ئێمە وەک کورد ئەگەر بوارمان بدەن و بهێڵن دەوڵەتی خۆمان هەبێت ئەوا نموونەیەکی زۆر جیاواز و زۆر جوانی حوکمڕانی پێشکەش دەکەین، دەمەوێت من وەک خودی خۆم مێژوییەک تۆمار بکەم بەوەی کە من یەکەم کەسم واز لە پۆستی سەرۆکایەتی دەهێنم و بەجێیدەهێلم بۆ کەسێکی تر و توانا و وزەیەکی تر، دەمەوێت ئەمە ببێتە دیاردە و بگرە ببێتە یاسا و چیتر لە کوردستانەکەمان هیچ سەرۆکێک لە دوو خول زیاتر پۆستی سەرۆکایەتی وەرنەگرێت، تاوەکو یەکەم بەردی بناغەی دیموکراسی فیعلی دابنێین و یەکەم بەردی بناغەی دەوڵەتی کوردی دابنێین کە ئەویش دیموکراتی راستەقینە و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە .

هیوادارم توانیبێتم لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لە بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکایەتی خزمەتێکی بچووکم بەم میللەتەم کردبێت، دەزانم کارمان زۆر ماوە، بەڵام دڵنیام لە دوای من کەسێک دێت کە لە من باشتر ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات و باشیش دەزانم کە لە هەرێمەکەمدا سەدان و هەزاران و بگرە ملیۆنان کەسی دلسۆز و خەمخۆر هەن کە خۆشەویستییان بۆ وڵاتەکەیان هیچی کەمتر نییە لە خۆشەویستی من بۆ خاک و وڵاتەکەم .

لە کۆتاییدا داواکارم کە حزب و لایەنە سیاسییەکان لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنێک بۆ دەستنیشانکردنی شێوازی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمەکەمان.

هەمیشە سەرفراز و سەربەرز بن .

براتان: مەسعود بارزانی - سەرۆکی دەست لەکار کێشاوەی هەرێمی کوردستان
-----------------------------------------------------

ئەگەر گوێم لێ بگیرایە یان پرسم پێ بکرایە ئەوا من ئەم تێبینییەم دەدا بە سەرۆکی هەرێم و هانم دەدا وتارێکی لەم جۆرە بدات.

شاسوار عەبدولواحید

 نالیا
به‌روار:  31/07/2015
1897   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   690
کۆی سه‌ردان:   29256995