13 بنكەی سەربازی و (3235) ئەفسەر و جەندرمەی تورك لە دهۆکن

پەرلەمانتارێكی‌ عیراق لەسەر فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ نیشتمانیی كوردستان، ژمارەی‌ سەربازە توركەكانی لەسەر خاكی‌ هەرێمی‌ كوردستان و بنكەكانیان و ژمارەی‌ چەك و كەرەستە سەربازییەكانیان، ئاشكرا دەكات. 

محەممەد حاجی‌ عوسمان، ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق، لە ئەكاونتی‌ خۆی‌ لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بابەتێكی لە ژێر ناونیشانی‌ "ئایا ئێوەی‌ بەڕێز دەزانن" نوسیوە و و تیایدا زانیاری لەسەر ژمارەی‌ بنكە و سەربازە توركەكانی سەر خاكی‌ هەرێمی‌ كوردستان، بڵاوكردووەتەوە.  

ئەو پەرلەمانتارە، نوسیویەتی : لە هەرێمی كوردستان (13) بنكەی سەربازی و (3235) ئەفسەر و سەرباز و جەندرمەی تورك بونیان هەیە و سەرجەمیان لە پارێزگای دهۆكن.  

ئەوەش دەخاتەڕوو، كە ئەم هێزە دابەش بوون بەسەر ناوچەكانی (باتوفە، كانی ماسی، بامەڕنێ، سینگی،  كریبی، سیریی، گەلی زاخۆ، سیرتی، كوبكی، كمری،  كوخی سپی، دەرەی داواتیا و  سەری زیری). 

هەروەها چەك و كەرەستە جەنگییەكانی‌ ئەو هێزانەش ئاشكرا دەكات كە بەپێی زانیارییەكانی‌ ئەو، بەم شێوەیەن: 58 تانك،  27 زریپۆش، 31 تۆپ،  26 هاوەن،  17 (R.B.G)، 10 دۆشكا، 40 ئۆتۆمبیلی سەربازی، 10  (B.K.C)،  2 نازووری شەوانە ،  3 نازووری قاعیدە، 10 قەناس،  1 بۆمبی ئەتار، 4 موبایلی سوورەیا، 2 جیهازی راكاڵ لەگەڵ  1 رەسەد و 2 ڕافیعە و جیهازێكی پێشكەوتوی دەنگ هەڵگر. 

محەممەد حاجی‌ عوسمان لە كۆتایی نووسینەكەیدا، دەڵێت : جێی خۆیەتی و جێی ئاماژەیە، هەردوو پەرلەمانی عیراق و كوردستان یاسا و بەیاننامەیان دەركردووە لە مەڕ نەمانی ئەو هێزەی توركیا لە خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان،  بەڵام ماونەتەوە.
خەندان
به‌روار:  30/07/2015
1266   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   639
کۆی سه‌ردان:   29251209