ئەمریکا وەڵامی 100 هەزار ئیمزاکەی کوردی بۆ سەربەخۆیی دایەوە

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٨ی تەمووز کۆشکی سپی بە فەرمی وەڵامی داواکەی کوردی دایەوە بۆ سەربەخۆبوون کە ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەر لە ئێستا ئیمزای بۆ کۆکرایەوە و داوای ١٠٠ هەزار ئیمزا کرابوو بۆ ئەو مەبەستە، سەرەنجامیش زیاتر لە ١٠٧ هەزار ئیمزا بۆ ئەو مەبەستە کۆکرایەوە.


لە وەڵامەکەی کۆشکی سپیدا سوپاسی هەموو ئەو کەسانە کراوە کە ئیمزایان کردووە بۆ پشتگیری لە سەربەخۆیی کورد و ئەوەش هاتووە کە ئەمریکییەکان پەیوەندییەکی مێژووییان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیە و هەر بەو شێوەیەش دەمێننەوە، ئاماژەش بەوە کراوە کە ئەو پەیوەندییە پەیوەندییەکی زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و هۆکارەکەیشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە کورد ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەیە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعشدا، کە بە شێوەیەکی دڕندانە قەیرانێکی مرۆییان لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئاراوە.


لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە کە ئۆباما و ئەمریکا بەردەوامی دەدەن بە هاریکارییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگەدا بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش وەکو بەشێکی گرنگی هێزی ئاسایشی عێراق، هەوڵەکانیشمان بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت بۆ هاوکاریکردنیان لە زاڵبوون بەسەر ئەو قەیرانەدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ''سەرۆک ئۆباما پابەند دەبێت بەعێراقێکی یەکگرتوو، فیدراڵ و دیموکراتەوە، وەکو ئەوەی کە لە دەستوری عێراقدا هاتووە. هاوپەیمانیمان لەژێر ڕێککەوتنی ستراتیجی ئەمریکا-عێراقدا بەردەوامی دەبێت بۆ پاڵپشتی هەوڵی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق، بۆ پاراستنی یەکگرتوویی عێراق و هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیاندا بەهێز بکەن بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش وەکو دوژمنی هاوبەش.''

سەبارەت بە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدادیش ئۆباما بەگرنگی زانیوە کە پابەندن بە ڕێککەوتنی نێوانیانەوە، بەتایبەتی ئەو ڕێککەوتنە گرنگەی کە لەسەر هەناردە و داهاتی نەوت کردوویانە. ئۆباما ئەوەیشی ڕونکردەوە کە ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ بنیاتنانەوەی گیانی هاوکاریی لە نێوان سەرجەم کۆمەڵگاکاندا و بۆ عێراقێکی بەهێزی یەکگرتوو و سەرکەوتوو.
نالیا
به‌روار:  29/07/2015
3988   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   713
کۆی سه‌ردان:   29262276