پارتی: چیتر وەک سەرۆکی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ یوسف محەممەد ناکەین
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کە بەهۆی ئەوەی وەکو سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان مامەڵە دەکات، ”ناچارین" وەک سەرۆکی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ یوسف محەممەد نەکەین.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، کە یوسف محەممەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ”بێلایەنیی خۆی لە دەست داوە و گوشار دەخاتە سەر لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان".

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەوان وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەیەکە باس لەوە دەکەن، کە دەبێ هەموو پرسە نیشتیمانییەکان بە سازان یەکلابکرێنەوە، بەڵام ”فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان لە هەوڵدان گوشاری زیاتر بخەنە سەر پەرلەمان و لیژنەی یاسایی، هەڵبەت لەو چوارچێوەیەیشدا سەرۆکی پەرلەمانمان لە بێلایەن نەبوونی و کەوتنە ژێر کاریگەریی فراکسۆنی حیزبەکەی و فراکسیۆنی یەکێتی ئاگادار کردووەتەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێیوایە داوای یەکێتی و گۆڕان بۆ بە یاساییکردنی ویستەکانیان، ”لە دەرەوەی سازان و پێچەوانەی یاسایە".

ئومێد خۆشناو هەروەها باسی لەوەکردووە، کە یوسف محەممەد ”گوشار دەکات" و هەوڵدەدات رۆژی چوارشەممە لیژنەی یاسایی بۆ پرۆژەی چوار لایەنەکە و ئامادەکردنی راپۆرتی خۆی، کۆببێتەوە.

خۆشناو ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی ”لە دەسەڵاتی سەرۆکی لیژنەکەیە" و یوسف محەممەد دەڵێت، ”من خۆم سەرۆکایەتی لیژنەی یاسایی دەکەم"، ئەمەش ”پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێشیوایە، کە هەنگاوەکانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی لەمبارەیەوە، ئاماژە بەوەدەکەن، کە ”ئەوان بڕیاریان داوە، کە سازانیان ناوێ و تاکڕەوانە بڕیار دەدەن".

ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاندووە، کە بەهۆی ئەوەی یوسف محەممەد ”پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مامەڵە دەکات"، بۆیە ئەوان ئیدی ”ناچارین وەک سەرۆکی پەرلەمان مامەڵەی لەگەڵدا نەکەین".
سپی نیوز
به‌روار:  28/07/2015
1402   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   475
کۆی سه‌ردان:   29233160