نمایشی جلوبه‌رگی کوردی له شاری ئوترێخت- هۆڵه‌ندا
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه ڕێکه‌وتی 26-07-2015، کاتژمێر یه‌کی پاشنیوه‌ڕۆ له دوو به‌رنامه‌ی جیاوازدا، کۆنسێرتێکی مۆسیقا و مه‌قام و گۆرانی و نمایشی جلوبه‌رگی کوردی پێشکه‌ش کرا، له لایه‌ن به‌ڕێزان هونه‌رمه‌ندی مۆسیقاری کورد (مونیر گۆران) و (خاتوو ئیفۆنا ڤان دێربایل) Yvonne van der Bijl، له باخچه‌ی مۆزه‌خانه‌ی کاته‌رایناکۆنفێنت (Catharijneconvent)، له ناوه‌ندی شاری ئوترێختی هۆڵه‌ندا، به ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێکی زۆری هۆڵه‌ندی له تامه‌زرۆیانی هونه‌ر و مۆسیقای کوردی.
به‌رنامه‌ی یه‌که‌م:
سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ند مونیر گۆران به خۆیی و عوده‌که‌یه‌وه، چه‌ند مه‌قامێکی کوردی و قه‌تاروئه‌ڵاوه‌یسی، ئاماده‌بووانی سه‌رسام کردبوو، به‌چه‌ند به‌سته‌یه‌ک له گۆرانیه‌کانی حه‌سه‌ن زیره‌ک و دوو سروود بۆ قوربانیانی ئه‌نفال و پشتگیری و پشتیوانی پێشمه‌رگه.
مونیر گۆران هونه‌رمه‌نێکی ئه‌کادیمی ژه‌نینی (عود)ه، ساڵی 1975 له شاری که‌رکوک له باشووری کوردستان له دایک بووه، سه‌ره‌تای هاتنه ناو هونه‌رومۆسیقای کوردی به گیتار ده‌ستی پێکردووه و له په‌یمانگای هونه‌ری به‌غدا، وانه‌ی فێربوونی (عوود)ی خوێندووه، بۆ زیاتر شاره‌زابوون و فێربوون له‌م بواره هونه‌ریه‌دا، چۆته ئوردوون و پاشان له‌و کاته‌شه‌وه له هۆڵه‌ندا ئه‌ژی زیاتر په‌ره‌ی به هونه‌ری مۆسیقا‌که‌ی داوه، هاوکاری و تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانی و مۆسیقای ئه‌ورووپیدا کردووه و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵدا په‌یدا کردوون.
بۆ زیاتر زانیاری ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند (مونیر گۆران) بڕوانه ئه‌م لینکه:
http://www.monirgoran.nl/
به‌رنامه‌ی دووه‌م:
خاتوو ئیفۆنا ڤان دێربایل، له شاری ئوترێخت له‌دایک بووه و گه‌وره بووه، وێنه‌گرێکی به‌ڵگه‌نامه‌یی و دۆکۆمێنتاری و ڕۆژنامه‌وانیه، به‌شداری چه‌ندین پیشانگه‌ی فلیمی به‌ڵگه‌نامه‌یی کردووه، ساڵی 2000، خه‌ڵاتی یه‌که‌می جیهانی (FOTOGRAFIA Flamenca) له Jerez de la Frontera ی ئیسپانیا برۆته‌وه. خاتوو ئیفۆنا ژنێکی دۆستی نزیکی کورده و گه‌لێک تێکه‌ڵاوی ژیانی کورده‌واری بووه و ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌کی تایبه‌تی بۆ گه‌لی کورد و فه‌رهه‌نگ و که‌لتوری کورد هه‌یه، ئه‌یوانین بڵێن کوردناسێکی هۆڵه‌ندییه، ئیستا کتێبێکی تایبه‌تی ده‌رباره‌ی (ڕێنمای گه‌شتیاری بۆ هه‌رێمی کوردستان) ئاماده‌کردووه و له ژێرچاپدایه. چه‌ندین جار سه‌ردانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کوردستان کردووه.
له به‌رنامه‌که‌ی ئه‌مڕۆدا خاتوو ئیفۆناله ئاماده‌کردنی خۆی نمایشێکی هه‌مه‌جۆری جلوبه‌رگی کوردی هه‌موو ناوچه جیاوازه‌کانی کوردستانی پێشکه‌ش ئاماده‌بووان کرد.
بۆ زیاتر زانیاری ده‌رباره‌ی خاتوو (ئیفۆنا ڤان دێربایل) بڕوانه ئه‌م لینکه:
به‌روار: 27/07/2015
970 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|