نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح: لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانین
لەدوای کۆبوونەوەی هەردوو شاندی یەکێتی و پارتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح جەختیانکردەوە لەسەر ئەوەی کە هەردوولا بڕوایان بە سیستەمێکی پەرلەمانی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان هەرچەندە بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ئەو پرسە.

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند:" پرسی دەستوور و سەرۆکایەتی هەرێم بۆ یەک کەس نییە و پێویستە بە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین هەرچەندە بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر پرسەکان، بەڵام ئێمەیش لەگەڵ سیستەمێکی پەرلەمانین بۆ هەرێمی کوردستان". 

نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی:" ئێمە قسەمان لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم کرد بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە ئێمە بە پێکەوە دانیشتن هەوڵبدەین پرسەکان چارەسەر بکەین".

بارزانی سەبارەت بەو پرسانەی کە یەکێتی داوای دەکات وەک مەلەفی سیاسەتی هەرێمی کوردستان ، مەلەفی ئابووری و مەلەفی ئەمنی گوتی:" ئێمە ئامادەین لەسەر ئەو پرسانە دابنیشین و گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی بکەین".

لە وەڵامی ئەوەی دەگوترێت یەکێتی داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کردووە بارزانی گوتی:" یەکێتی باسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی لەگەڵ ئێمە نەکردووە".

بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  لە وەڵامی ئەوەی دەگوترێ یەکێتی رێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە، رایگەیاند:" ئەوەندەی من بزانم یەکێتی رێککەوتنی پیشوەختی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە، بەڵام ئامادەین گفتوگۆ لەسەر هەموو پرسەکان بکەین". گوتیشی:" ئێمە وەک یەکێتی پێشتریش گوتومانە کە لەگەڵ سیستەمێکی پەرلەمانیداین بۆ هەرێمی کوردستان".

نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەو پرۆژانەی لەلایەن 4 لایەنەکەوە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی:" بەڕای ئێمە وەک پارتی شوێنی قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە ئەو لیژنە دەستوورییەیە کە پێکهاتووە".

بەرهەم ساڵح سەبارەت بە چارەنووسی رێککەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتی گوتی:" رێککەوتننامەی ستراتیژی دەسکەوتێکی گەورە بوو لەدوای سەردەمی شەڕی ناوخۆ، بەڵام راستییەکەی نەخشەی سیاسی ئێستا جیاوازە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا و بەتەنیا پارتی و یەکێتی نیین کە بڕیار لەسەر ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان دەدەن و ئێستا حیزبی دیکەیش پەیدا بووە".

نیچیرڤان بارزانی لەسەر ئەو سیستەمەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە گوتی:" بۆچوونێکی راست نییە کە دەگوترێت سیستەمی ئێستای هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتییە بەڵکو پەرلەمانییە و تێکەڵێکە لە هەردوو سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی".

بارزانی لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی:" بۆ نووسینەوەی دەستوور ئێمە ئامادەین گفتوگۆ بکەین لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە کەمبکرێتەوە یان زیاد بکرێت".

سەبارەت بە چارەنووسی حکومەتی بنکە فراوان لەدوای رووداوەکەی 23 حوزەیران نێچیرڤان بارزانی گوتی:" ئێمە پێکەوە کار دەکەین رێککەوتووین لەسەر حکومەتێکی هاوبەش و پێکەوە هەست بە بەرپرسیارەتی دەکەین، بەڵام لەراستیدا ئەمەی کە لە پەرلەمان کرا بنەمای رێککەوتنەکەی هەژاند". 

بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە درێژەی کۆنفرانسە هەواڵییەکەدا گوتی:" خەڵکی ئەم وڵاتە چاوەڕوانی باشترن، کۆمەڵێک بۆچوونی جیاوز هەیە لەسەر تەنانەت پرسی نەتەوەییش، لەڕاستیدا بەمجۆرە ناتوانین درێژە بەم رەوشە بدەین".

سەبارەت بە چارەنووسی رێککەوتننامەی هەولێر و بەغدا نێچیرڤان بارزانی گوتی:" ئەوەی کە پابەندی رێککەوتن نییە بەغدایە، ئێمە پێمانخۆشە بەغدا پابەند بێت بە رێککەوتنەکەوە، بەڵام ئەگەر لە ناچاری بەغدا پابەند نەبێت رێگای دیکە دەدۆزینەوە".

لەسەر پرسی موسڵ و بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی گرتنەوەی موسڵ نێچیرڤان بارزانی گوتی:" گرتنەوەی موسڵ بۆ ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان گرینگە، بەڵام تاوەکو ئێستا پلانێکی رێک و پێک نییە کە ئێمە بڕیاری لەسەر بدەین ئایا بەشداری دەکەین یان نا".
ڕووداو
به‌روار:  05/07/2015
674   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   478
کۆی سه‌ردان:   29261266