قەندیل خاکی ئێراقە ، بۆیە دەبێ پەکەکە چۆڵی بکا
مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ "پارتی کرێکارانی کوردستان  (پەکەکە) دەبێ قەندیل چۆڵبکەن ، چونکە ئەوە خاکی عێراقە" هەروەها دەڵێ "ئەو هێزانەی یەپەگەش، کە لە شنگالن دەبێ دوای داعش بڕۆن هەروەک چۆن پێشمەرگە کۆبانێی بەجێهێشت".

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە میانەی هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر باسی چەند پرسێکی هەنووکەیی کوردستان دەکات لەوانەش شەڕی داعش و قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

لەسەرەتادا مەسرور بارزانی باسی دوایین رەوشی بەرەکانی جەنگ دەکات لەگەڵ داعش و دەڵێت: "رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە لەبەرامبەر داعشدا پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە و تەنانەت نزیک بووین لەوەی هەست بکەین داعش خەریکە کۆتایی پێبێت، بەڵام کەوتنی شاری رومادی و شاری تەدمور لە سووریا جارێکی دیکە ورەی بە چەکدارانی داعش داوەتەوە".
  
ئەو ماڵپەڕە لە پێشەکی هەڤپەیڤینەکەدا نووسیویەتی، کورد لە باشوور و رۆژئاواش دوو هاوبەشی کاریگەری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعشن و لە هەوڵە جیدییەکانی تێکشکانی داعشن، بەڵام ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان لە سووریا و عێراق وایکردووە، ئەو کاریگەرییە زۆرەی کورد بشاردرێتەوە.

مەسرور بارزانی باسی لە ژمارەی شەهیدەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان تا ئیستا 1280شەهیدی هەیە و نزیکەی 7هەزاری دیکەش بریندارن، زیانە گیانییەکانی داعشیش لە رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ پێشمەرگە و هێرشە ئاسمانییەکان دەگاتە 11هەزار چەکدار". 

سەبارەت بە هێزەکانی پەکەکە و یەپەگە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ  "پەکەکە دەبێت قەندیل چۆڵبکات و یەپەگەش بگەڕێتەوە شوێنی خۆی". 

مەسرور بارزانی بەو ماڵپەرەی گوتووە، "پەکەکە دەبێ قەندیل چۆڵبکات ،چونکە ئەوە خاکی عێراقە و یەکێکش لەو هۆکارانەی کە دەمانەوێ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەربگرێ بۆ ئەم هۆکارە دەگەڕێتەوە و دەمانەوێ بە ئاشتی چارەسەر بکرێ".

لەبارەی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە قەندیل و شنگال هەروەها شەرڤانانی یەپەگە لە چیای شنگال، بارزانی رایگەیاند" ئەوان میوانن، هەروەک چۆن هێزی پێشمەرگە بۆ هاوکاری شەڕڤانان چوونە کۆبانێ و گەڕانەوە، ئەوانیش دەبێت بگەڕێنەوە".

سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیاش، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی کاری زیاتر لە تورکیا دەکات، چونکە ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانێتی دژ بە داعشیشە، بۆیە دەتوانێت بەشێوەیەکی باشتر بەشداری بکات. سەبارەت بە نیگەرانییەکانی تورکیاش لە ئەگەری دروستبوونی کیانی سەربەخۆی کورد لە رۆژئاوا، بارزانی دەڵێت "من پێم وایە تورکیا دەبێت زیاتر لە بوونی داعش نیگەران بێت".

مەسرور بارزانی لەو هەڤپەیڤینەدا سەبارەت بە کێشەکانی عێراق باس لەوە دەکات، کە عێراق ئێستا بۆ سێ بەش دابەشبووە، ناوچەکانی باشووری کوردستان لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەبرێت، ناوچە سونییەکانیش لەلایەن داعشەوە، باشووریش لەلایەن شیعەوە. بەڵام گوتی "داعش بەشێک نییە لە هیچ دیالۆگێک و وەک هاوسنووری کورد قبوڵ نییە، بەڵکو دەبێت تێکبشکێنرێت".

مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردووەتەوە کە سەربەخۆیی کورد و رێگەدان بە کڕینی چەک بەگوێرەی پێیوستی خۆی، دەتوانێت ببێتە هاوکارێکی باش بۆ تێکشکانی داعش. 

دوا پرسیاری ماڵپەرەکەش بریتییە لە مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ، مەسرور بارزانی ئەو هەڵوێستەی چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر پارتی بە "یارییەکی ناشرین" ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات کە حیزبەکەی هەمیشە لەگەڵ سازانە و زۆرینەش بووبێ  هەر بەسازان مامەڵەی لەگەڵ پرسەکان کردووە.

مەسرور بارزانی دەڵێت:" بەداخەوە رکابەرەکانی پارتی هەر کاتێک تەنیا دەرفەتێک دەبینن بۆ لێدانی پارتی، ئەوا سازانی نیشتیمانیان بیردەچێتەوە".
ڕووداو
به‌روار:  04/07/2015
1737   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1165
کۆی سه‌ردان:   29309718