ئەگەر پێغەمبەر كوردبوایە، بە هیچ شێوەیەك عەرەب دوای نەدەكەوت


هێمن مەنســـــور

پیاوی ئاینی ئیسلام بەڕێز(ئەحمەد قوبانچی) بە رەگەز عەرەب لە وتارەكانی جەخت لە سەر ناكۆكیەكان وزیادەرەوی لە ئایەتەكان و سورەتەكانی ناو قورئان دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باس لەسەر، سەرچاوە مێژووییەكان وتەفسیرو شیكردنەوەی  وتەو  رووداوە  مێژووی یەكانی كەسایەتیە باڵاكانی ناو ئیسلام و كردەوەكانیان دەكاتەوە، ئەگەر مرۆڤی عەرەب وغەیرە عەرەبی، عەرەبی زان، لە یوتوب بەوردی گوێ‌ لە موحازەرە تۆمار كراوە ڤیدیۆییەكانی بگرێ‌و دوور لە ترسی سزا خەیاڵاویە دروستكراوەكان، بۆی دەردەكەوی كە ئەم كۆمەڵگا بە دین كراوە، چ كارەساتێكی خوێناوی بە سەریا هێنراوەو دەهێنرێ‌..  ناوبراو هەموو وتەو شیكردنەوەكانی لە سەر بنەمای نوسراوە مێژوویەكان و وتەی كەسایەتیە بەناو بانگ و باوەر پێكراوەكان، شیكردنەوەو راست و دروستی دەڵێتەوە، بۆ نمونە لەیەكێك لە وتەكانی ئامۆژگاری نەتەوەی كورد دەكات، وەك ئەوەیە بڵێت..ئەی نەتەوەی كورد، ئێمەی عەرەب گیرمان خواردووە، ئەی ئێوە بۆ سەرتان لە خۆتان شێواندووەو لە سەر میراتی بە جێماوی پر لە كێشەو ناكوكی عەرەب وئیسلام .

لێرەدا بە پێویستم زانی دەقی وتەكانی ناوبراو وەرگێرم، لەپێناو، بەلا رێدا نە چوونی نەوەكانمان، ئەمەی  خوارەوە وتەی وەرگێراوی ناوبراوە..

ئەحمەد قوبانچی

لەبەر ئەوەی من عەرەبم، هۆكارێكم پێ‌ یە، كە باوەش بە ئیسلامدا بكەم، لە بەر ئەوەشە قورئان بە موعجزە دەبینم، وشەكانیشی لە سەرووی توانای زمانەوانیمەوەیە. دووەمیش سەیر نییە كەوا موحەمەد عەرەبی بە سەركردەو پێغەمبەری خۆم بزانم.

بەڵام سەیرم لەوەیە، برایانی كورد، چی لە قورئان تێگەیشتوون، كەوا رازی بن بەوەی پێغەمبەرێك سەركردایەتیان بكات كە لە نەتەوەكەیان نەبێت.

من دڵنیاتان دەكەم ئەگەر موحەمەد  كورد  بووایە،بە هیچ شێوەیەك عەرەب دوای نەدەكەوت، بەتایبەتیش ئەگەر قورئانەكەی بە كوردی بوایە.

لێرەدا ئەگەر بڵێین...

 بەڕێز ئەحمەد قوبانچی.. هیچ گومانمان نیە لە راستگۆیی و دڵسۆزیت، پێم وایە زۆرمان نەوتووە ئەگەر بڵێین دەست خۆش، بەراستی پیاوێكی بوێری، ئەوەت وتووە كە هەتا ئێستا لە ناوخودی نەتەوەی كورد كەس بەراشكاوی هەڵوێستی بویری تۆی نەنواندووە ..بەڵام راستیەك هەیە دەبێ‌ بەڕێز قوبانچی ودۆست ودوژمن بیزانێ، نەتەوەی كورد هەر وەك هەموو نەتەوە  كانی سەر زەمین خاوەن پەیامبەرو ئاینی خۆی بووە، ئاینێكیش بە دروشمەكانی (بیری چاك، كرداری چاك، گوتاری چاك) ئەو هەموو چاكانە وای بۆ دەچم حەز بە ژیانی ئارام وخۆش گوزەران كردبێت.. بەڵام بە زەبری بێ‌ بەزەییانەی شمشێرەكانی نەتەوەو ئاینەكەی، بەڕێز قوبانچی، نەتەوەی كورد ملكەچی بۆچوونە ناكۆكەكانی ئاینی ئیسلام بووە.

من لێرەدا جورئەتی ئەوە ناكەم بڵَێم هۆكاری ملكەچی نەتەوەی كورد چی بوو. 

* ئایا بەرگری كرد، بەڵام لەوە زیاتری پێ‌ نەكرا..؟

* یان میلەتێكی ئاشتی خوازو حەزی لە ژیان وپێكەوە ژیان بووە..؟

*یان نەتەوەیەكی ترسنوك وبێ‌ دەسەڵات بووە و نەیتوانیوە  بەرگری بكا..؟

 ئەمەو دەیان پرسیاری بێ‌ وەڵام هیچ كاتیش پێویست بەوەڵام ناكا، ئێمە لەبری ئەوەی بە دوای ڕێگا تاریكەكانی مێژووی بەسەر چوو بگەرێین وبكەوینە شەری ئەوەی ئەمە وابووە، یان وانەبووە،كێ‌ راستبووە، كێ‌ هەڵە، كەسمان قازانج ناكەین ودەگەرێینەوە سەر هەمان ڕێگا كە شەوارەمان لێی كردوو،هەر بەدەوری خۆماندا خولاینەوە..عەرەب پەندێكی هەیە دەڵێ‌ (الفات مات ) واتە ( ئەوەی ڕۆیشت مرد) مەبەست با بەدوای مردوو نەكەوین، لەگەڵ زندووەكان لە ناو زندوویی ژیان بەرەو خۆش گوزەرانی ژیان ڕێگاكان لەبەر بگرین.. هەر چەند ڕێگاكان ئاسان نیەوپێویستی بە ماندوو بوون وقوربانی دانە،لە بەر ئەوەی ئاینەكان، باوەریان بە ئازادی نی یە، ئەوە لای ئاینزاكان ئاشكرایە، رێگادان بە ئازادی، واتە ئاشكرا كردنی راستیەكان و كۆتایی هاتنی هێزی وەهمیەكان، هەر وەك قوبانچی وسەدان كەسی پێاوی ئاینی خاوەن هەستی مرۆڤایەتی كە بەدرێژایی تەمەنیان باسكیان هاویشووە لە ناو دەریای ئاینەكان وراستیەكانیان بۆ دەركەوتووە، ئێستاش وژدانیان ئازاریان دەدات راستیەكان بشارنەوە، لەبەر بەرژەوەندیە تەسكەكانیان ئازاری مرۆڤەكان بەدەن و زیاتر خۆڵ لە چاوی نەوەكانی ئێستاو داهاتووی كۆمەڵگا بكەن هەر لەو پێناوەشدا لە وانەیە ژیانی خۆیان بخەنە مەترسی یەوە..  لێرەدا زۆر هەن باس لەراستیەكان دەكەن، بەڵام كاریگەری ئەوتۆی نیە وەك ئەو پیاوە ئاینیە بەڕێزانە، بڕوام وایە هەڵوێست وەرگرتنی زۆرتری پیاوە ئاینیەكان  لە راست و دروستی رووداوەكان، زۆر زۆر زووتر ڕێگا سەختەكان زۆر كورت و ئاسانتر دەكاتەوەو قوربانیەكان، زۆر كەمتر دەبێتەوە، هەر ئەوانیش رێزدار دەبن لای خواو بەنەو دەبنە سەر كاروان كێشی مرۆڤە بێگەردەكانی ئەم دوونیاو بەهەشتی كۆتایی ژیان .

لەكۆتایی دا دەڵێم...

پیاوانی بەشەرەفی ئاینی..  ئێوە ئەو كەسانەن كە لە هەموو مرۆڤەكان زیاتر ترستان لە خوایە،تاوان هەر ئەوە نی یە،كەسێك بەكردەوە،كەسێك بكوژێ‌..  بەڵكو لەوە تاوانتر لای خواو بەنە ئەوەیە، مرۆڤ  لەشتێك تێنەگاو بەهەر هۆیەك بێت راستگۆ نەبێت،لە گەڵ مرۆڤەكان وبەلا رێدا  بردنیان و بەرەو كوشتنی یەكتر ئاراستە كردنیانە..
 
من وای بۆ دەچم، دەبێ‌ ئازاترین وڕاستگۆترین كەس، پیاوانی ئاینی بن، دەبێتیش ئەوان لە هەموو كەس زیاتر دژی بە حیزبی كردنی ئاین بن و هەموو وتەو وتارە توند رەوانەكان مەحروم بكرێ‌،هەر خۆشیان ببن بە پێشەوای لە شكركێشی جەماوەری نەتەوەیی، لە پێناو ڕزگار كردنی خاكی نەتەوەیی، لەپێناو قبوڵ كردنی تاعەتەكانتان لای خواو، ببن بە جێگای شانازی  لە مێژووی نەتەوەی كورد.
دووڕیان
به‌روار:  01/07/2015
2785   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1006
کۆی سه‌ردان:   29264527