هێرشەکەی داعش بۆ سەر گرێ سپى تێکشکا
ئێوارەى ئەمڕۆ ٣٠ى حوزەیران گروپێک لە چەکدارەکانى داعش هێرشیان کردبووە سەر گەڕەکێکى گرێ سپى و لەدواى ئەوەى لەلایەن هێزەکانى یەپەگەوە گەمارۆدران، سێ چەکداریان کوژران و دوو چەکدارى دیکەشیان بریندار بوون.

ئاژانسى هەواڵى هاوار بڵاویکردووەتەوە، گروپێکى شەش کەسى لە چەکدارەکانى داعش دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ ٣٠ى حوزەیرانى ٢٠١٥ لە ڕۆژهەڵاتى گرێ سپییەوە هێرشیان کردبووە سەر ئەو شارە و لە یەکێک لە خوێندنگەکاندا لەلایەن هێزەکانى یەپەگە - یەپەژەوە گەمارۆدران.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆى پێکدادانى نێوان هێزەکانى یەپەگە - یەپەژ و چەکدارەکانى داعشداK سێ چەکدارى داعش کوژارن و دوو چەکداریشیان بریندار بوون و بەرەو تورکیا هەڵهاتوون و ئۆپراسیۆنیش بۆ دەستگیرکردنى چەکدارى شەشەم بەردەوامە.

هاوکات ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى یەپەگە بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى ڕابردوودا و لە ئۆپراسیۆنێکى نوێى هێزەکانیاندا لە ناوچەى مەزرا سۆفى، کە دەکەوێتە باشوورى کۆبانێ دوو چەکدارى داعشیان دیلکردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، شەڕڤانێکیش کە ڕۆژى ٢٧ى حوزەیران لە پێکدادانێکدا لە ڕۆژئاواى کۆبانێ بریندار بوو بوو، ئەمڕۆ ٣٠ى حوزەیرانى ٢٠١٥ بەهۆى قورسیى برینەکانیەوە گیانى لە دەستداوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ٣٠ى حوزەیران ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، چەکدارانی داعش لە نزیک دەروازەیەکى سنوورى هێرشیان کردووەتە سەر شاری گرێ سپی لە سنووری تورکیا و هەوڵیانداوە دەست بەسەر گەڕەکێکى ئەو شارەدا بگرن.

ڕێکخراوى چاودێریى مافى مرۆڤى سوریا ئەوەشى بڵاوکردووەتەوە، هێرشى نوێى چەکدارەکانى داعش بۆ سەر گرێ سپى لە کاتێکدایە، ماوەى دوو هەفتەیە گروپى چەکدارەکانى داعش لە سەرجەم بەرەکانى شەڕ لە بەرامبەر یەپەگەدا ڕووبەڕووى شکستى گەورە بوونەتەوە.

شارى گرێ سپى لە ڕۆژى ١٥ى حوزەیرانى ٢٠١٥ەوە لەلایەن هێزەکانى یەپەگە - یەپەژە و بورکانى فوراتەوە کۆنترۆڵکرا، کە ماوەى دوو ساڵ لە کۆنترۆڵى چەکدارەکانى داعشدا بوو.

ڕۆژى ٢٥ى حوزەیرانى ٢٠١٥ چەکدارانى داعش لە ناو شارى کۆبانێ و گوندى بەرخا بۆتان، شەش ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراویان تەقاندەوە و دوابەدواى ئەوەش سێ کردەى خۆکوژییان ئەنجام دا.

بەهۆى هێرشى چەکدارەکانى داعشەوە لە شارى کۆبانێ ٢١٠ هاووڵاتى و لە گوندى بەرخا بۆتانیش ٢٣ هاووڵاتیى دیکە کۆمەڵکوژ کرابوون و ٢٧٣ هاووڵاتیى مەدەنیش بریندار کراون. هەروەها ٢١ شەڕڤان و ١٤ ئەندامى ئاسایش لە کۆبانێ و گوندى بەرخا بۆتان شەهید بوون.

لە ڕۆژى ٢٨ى حوزەیرانى ٢٠١٥ و لە دواى سێ ڕۆژ پێکدادان و بەرەنگارى کۆبانێ بە تەواوەتى لەلایەنە شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژەوە کۆنترۆڵکرایەوە
نالیا
به‌روار:  01/07/2015
2356   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   219
کۆی سه‌ردان:   29231545