بارزانی دەڵێ نابێ شەڕی خۆكوژی هەبێت و خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت

سەرۆكی هەرێم هۆشداری دەداتە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پەكەكە و رایدەگەیەنێت، رێگە نادەین گۆڕەپانی كوردستان ببێتە شوێنی تەسفیەی حساباتی سیاسیی لایەنەكان لەگەڵ یەكتر.

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند: زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو شەڕ و بارگرژییە دەكەم كە ڕۆژی 24ـی 5ـی 2015 لەنێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا ڕووی داوە. داوا لە هەر دوو لا دەكەین كە دان بەخۆدابگرن و كێشەكان قووڵتر نەكەن و نەبنە هۆی بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی بارگرژیی نێوانیان و كێشەكانیان لەڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەییشتن چارەسەر بكەن.

بارزانی راشیگەیاندووە: شەڕی خۆكوژی زیانی گشت لایەكی تێدایە و كەسیش لەم شەڕەدا سەركەوتوو نابێت. نە لە ئاستی حزبی و نە لە ئاستی نەتەوەیی هیچ بەرژەوەندییەك لە گرژی و شەڕی خۆكوژیدا نییە. پێشتر ڕامگەیاندووە كە دەبێ بە هەموو شێوەیەك شەڕی خۆكوژی تەحریم بكرێت و ئێستایش بە هەمان شێوە دووبارەی دەكەمەوە كە نابێ شەڕی خۆكوژی هەبێت و خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت.

سەرۆكی هەرێم لە كۆتایی پەیامەكەیدا جەختی لەوەكردۆتەوە، كە ڕێگە نادەین گۆڕەپانی كوردستان ببێتە شوێنی تەسفیەی حساباتی سیاسیی لایەنەكان لەگەڵ یەكتر. پێویستیشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵی خۆی بخاتەگەڕ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و ڕێگەگرتن لە تەشەنەكردنی بارگرژیی نێوان ئەم دوو لایەنە.
نەوا
به‌روار:  25/05/2015
525   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   939
کۆی سه‌ردان:   29256055