شه‌ڕی براكوژی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه
مالمۆکورد
شه‌ڕی براكوژی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه
_ جه‌ماوه‌ری وڵاتپارێزی كوردستان...
_ حیزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان...
_ كه‌س و كار‌و بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدانى كوردستان ...
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 24 / 5 / 2015 شه‌ڕی نه‌خوازراوى براكوژی له‌نێوان پارتى كرێكارانى كوردستان PKK و حيزبى ديموكراتى كوردستانى ئێران له‌ناوچه‌كانی خنێره و كێله‌شین روويدا، ئێمه له يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستان YNDK به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌م شه‌ڕه‌ی نێوان هه‌ردوولا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، بێگومان شه‌ڕی براكوژی و زیانێكى زۆر به نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌گه‌يه‌نێ و ته‌نها ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان سوودى لێده‌بینن، ده‌بێته هۆكارێك بۆ خوێنبه‌ربوونی كورد به‌ده‌ستی براكه‌ی و ماڵوێرانی و زیانی گه‌وره‌ش به بزاڤی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌گه‌یه‌نێ.
كوردستان موڵكی هه‌موو لایه‌كمانه‌و پێویسته لایه‌نه كوردستانییه‌كان بۆ سه‌رخستنی خه‌بات و تێكۆشان له‌هه‌موو پارچه‌كان پشتيوانى يه‌كبن و به‌رگری له‌یه‌كدى بكه‌ین و هاوكار بین بۆ سه‌ركه‌وتنی گه‌له‌كه‌مان، لێره‌وه داوا له‌هه‌ردوو حیزبی برا ده‌كه‌ین به‌زووترین كات چه‌كه‌كانييان بێده‌نگ بكه‌ن و كۆتایی به‌شه‌ڕی براكوژی نێوانیان بهێنن و، كێشه‌و گرفته‌كانى نێوانيان له‌سه‌ر مێزی برای خوێن و پشتی گفتوگۆ بكه‌ن و كێشه‌كان وه‌كو گرفتی نێوان دوو برا له‌ناو یه‌ك خێزان چاره‌سه‌ربكه‌ن و چیتر خوێنی كورد له‌شه‌ڕی نه‌گریسی براكوژی به‌هه‌ده‌ر نه‌ده‌ن.
ئێمه له YNDK شه‌ڕی براكوژی نێوان لایه‌نه‌كانمان حه‌رامكردووه، ئاماده‌ی هه‌موو جۆره هاوكارییه‌كین بۆ كۆتایی هێنان به‌و شه‌ڕه نه‌خوازراوه‌ى ئێستاش، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی لوله‌ی تفه‌نگه‌كانمان له‌یه‌كتر بكه‌ین، با ئاراسته‌ی تفه‌نگه‌كانمان روو له‌دوژمن بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی داگیركه‌ر و دوژمنانی كورد بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌ریه‌كن، ده‌با هه‌نگاوی دروست بۆ پاراستنی گيانى برايه‌تى نێوانمان بنێین و يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانى به ئامانج بگرين و، به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى گه‌لى كوردستان بخه‌ينه سه‌رووى هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندييه حيزبى و كه‌سييه‌كان، با له‌م قۆناخه هه‌ستيار و ناسكه‌ى كوردستاندا كوردايه‌تى بكه‌ين نه‌ك حيزبايه‌تى.
-نه‌فره‌ت له‌شه‌ڕی براكوژی...
-رووڕه‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.
مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK
/3 جۆزه‌ردان/ 2715ی كوردی
2015/ 5 / 24ی زایینی
هه‌ولێر - باشووری كوردستان
به‌روار: 24/05/2015
808 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|