زیندانییەکی کوردی رۆژئاوای کوردستان لە ئێران دەگوازرێتەوە
رەمەزان ئەحمەد کەمال زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان سەرەڕای ناجێگیربوونی رەوشی تەندروستی کە لە زیندانی رەجایی شاری تاران بەند کرابوو، ئەمڕۆ هەینی (24/4/2015) رەوانەی دەرەوەی زیندان کراوە. 

بەپێی زانیارییەکانی کەمپینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، رەمەزان کەمال ئەحمەد، کوردێکی 34 ساڵەیە و خەڵکی شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی 7 ساڵ پێش ئێستا لە دەوروبەری شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای برینداربوونی لەلایەن سوپای پاسدارانی رژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێت و لەوکاتەوە تائێستا بەشێوەیەکی گونجاو چارەسەری پزیشکی بۆ ئەنجامنەدراوە. 

لەکاتی دەستبەسەرکردنی لەلایەن رژێمی ئێرانەوە سەرەڕای ئەوەی چەندین فیشەک بەر دەست و قاچی کەوتووە، بەڵام هێزەکانی رژێمی ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدەن و مەسافەیەکی درێژیش بەدوای ئۆتۆمبێلدا لەسەر زەوی رایدەکێشن. 

ئەو زیندانیە سیاسییە لەلایەن دادگای شاری خۆی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کریکارانی کوردستان (پەکەکە)، بڕیاری لەسێدارەدان بەسەریدا سەپاند، بەڵام دوای ناڕەزایەتی زیندانییەکە لەو بڕیارە و دوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە، سزاکەی گۆڕدرا بە 10 ساڵ زیندانی و گواستنەوەی بۆ زیندانی قەزوین. 



ئەو زیندانییە لەماوەی دەستبەسەر بوونیدا تائێستا لە زیندانەکانی ماکۆ، قەزوین، ئەوین، زیندانی رەجایی شار هێڵدراوەتەوە، هەروەها بەهۆی سزاکەیەوە تائێستا نەیتوانیوە چاوی بە ئەندامانی بنەماڵەکەی بکەوێ یان پەیوەندیان پێوە بکات. 

رەوشی تەندروستی ئەو زیندانییە لەئێستادا زۆر ناجێگیرە و تائاستێک کە دەستی راستی بەهۆی پێکانی بە گوللـە، نیوە فەلەج بووە و لەماوەی رابردوودا لە زیندان بەهۆی کەمتەرخەمی لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە، برینەکانی تووشی ئیلتیهابات بووە. 



چەندین جاریش بەهۆی کەمتەرخەمی لە چارەسەری تەندروستی پێویست بۆی، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە. تەنانەت پێدانی دەرمانیش پێی لەکاتی پشووە دریژەکانی وەک نەورۆز لە ئێراندا وەستێندراوە بۆ دوای پشووەکان. 
ڕۆژنیوز
به‌روار:  24/04/2015
653   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   707
کۆی سه‌ردان:   29238020