ئەبوبەكر بەغدادی لە ئۆکرانیایە
وەزارەتی ناوخۆی ئۆكرانیا، بڵاویكردەوە: زانیاریان لایە كە ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) لەناو خاكی وڵاتەكەیاندایەو شارەزایەكی بواری تیرۆریش دەڵێت، بەغدادی بەسەختی بریندارەو لەقەزای بەعاج چارەسەر دەكرێت.

وەزارەتی ناوخۆی ئۆكرانیا، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە: بەپێی زانیاریەكان كەسێك كەناوی (ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەرائیی)یەو عێراقیە و سەركردەیەكی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیەو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) ناسراوەو تەمەنی 45 ساڵە، لە خاكی وڵاتەكەیاندایە.

باس لەوەشكراوە: بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیانە (بەغدادی) لە شاری ئۆدیسایە و خەریكن لیسی داواكراوانی پۆلیسی (ئینتەرپوڵ) دەپشكنن بۆ ئەوەی بزانن فەرمانی دەستگیركردنی هەیە.

وەزارەتی ناوخۆی ئۆكرانیا، داواش لە هاوڵاتیانی شاری ئۆدیسا دەكات: هەركەس زانیاری لەسەر ئەو كەسە هەیە ئاگاداریان بكاتەوەو پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكات.

لەلایەكی ترەوە، هیشام هاشمی، شارەزای تایبەت بە كاروباری گروپە توندڕەوەكان ئاماژەی بەوەكردووە: ڕۆژی 18ی مانگی ڕابردوو، ئەبوبەكر بەغدادی كەوتووەتە بەر گورزێكی ئاسمانیی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان و بە سەختی بریندار كراوەو ئێستا لە قەزای بەعاج لەژێر چارەسەردایە.
نەوا
به‌روار:  21/04/2015
773   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   462
کۆی سه‌ردان:   29228200