سەرۆكایەتی هەرێم جل و بەرگ نیە تەنیا بۆ یەك كەس بێت
یاریدەدەری ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ڕونی دواین هەڵوێستی حزبەكەی لەسەر پرسی دەستور و ویلایەتی بارزانی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت نامانەوێت و بەهیچ جۆرێك قبوڵی ناكەین لە نوسینەوەی دەستوردا هیچ لایەنێك كەنار بخرێت. 

لەو بارەوە د.محمد ئەحمەد یاریدەدەری ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاند، دەستور دەبێت ئارامی و دڵنیایی بۆ هەموان دروست بكات مافی هەمو پێكهاتە و لایەنەكان بپارێزێت و لەسەر بنەمای نیشتمانی بێت نەك مەرامی سیاسی، ئێمە نامانەوێت و بەهیچ جۆرێك قبوڵی ناكەین لە نوسینەوەی دەستوردا هیچ لایەنێك كەنار بخرێت .

محمد ئەحمەد وتیشی، ئەو لیژنەیەی بۆ دەستور پێكدەهێنرێت، دەبێت لایەنە سیاسیەكان بیر لەوە نەكەنەوە كە ئەو بابەتە بۆ فشار و كارتی سیاسی بەكار بهێنن و لەدەستوردا جێگیری بكەن ، دەبێت جیاوازیەكان لە دەستوردا یەك بگرنەوەو ناكۆكیەكان پەراوێز بخرێت. 

لە بارەی سیستمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان یاریدەدەری ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت ئێمە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانین، بەڵام هەموو سیستمێك باشی و خراپی خۆیی هەیە و دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت و سیستمی حوكمڕانی بۆ قۆناغەكان جیاوازە .

لەسەر پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و ویلایەتی بارزانی و ئەو دەنگۆیانەش كە دەڵێن یەكگرتوو بێ هیچ دانوستانێك دەنگ بە بارزانی دەداتەوە محمد ئەحمەد وتی ئەو دەنگۆیانە نەك ڕاست نین بەڵكو ئەوانە تەنها موزایەدەو قسەی بێ بنەمان و یەكگرتوو لە پێناو هیچ كەسێكدا یاسا شكێنی ناكاو لە مەبدەئی خۆی لانادا ، ئێمە پێمان وایە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم جل و بەرگ نیە تەنیا بۆ یەك كەس بێت وادەزانین دەبێت ئەم باسە بە سیستم و یاسا ڕێك دەخرێتەوە .
نەوا
به‌روار:  21/04/2015
613   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   486
کۆی سه‌ردان:   29233048