گواستنه‌وه‌ی حاكم هاوژین شەرمەزار ده‌كرێت
به دروشمى "ئیتر به‌سه داڵده‌دانى تاوانبار و مسته‌شاره‌کان و نا بۆ گواستنه‌وه‌ى حاکم هاوژین" ژماره‌یه‌ک چالاکوان و ڕۆژنامه‌نووس له به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى له شارى هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا.
پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، ژماره‌یه‌ک له چالاکوان و ڕۆژنامه‌نوسان له به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌ولێر گردبوونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا و داوایان له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری کرد لیستی ناوی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال ڕاده‌ستی پۆلیسی ئینته‌رپول بکات.
عه‌لى محمود، چالاکی مه‌ده‌نی له لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامه‌نوسان ڕایگه‌یاند:" داوا له ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ده‌که‌ین که لیستى ناوى تۆمه‌تباران ڕاده‌ستى پۆلیسى ئینته‌رپوڵ بکات و ناڕازین له گواستنه‌وه حاکم هاوژین و ده‌بوایه خه‌ڵات بکرێت."
عه‌لى محمود، وتیشی:" داواکارین حاکم هاوژین بگه‌ڕێنریته‌وه سه‌ر کاره‌که‌ى".
ئاماده‌بوانى گردبوونه‌وه‌که، له به‌یاننامه‌یه‌کدا ڕایانگه‌یاند:" گواستنه‌وه‌ى حاکم هاوژین ده‌ستوه‌ردانه له کاره‌کانی ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و یاسادانان و پێویسته پشتیوانی له ناوبراو بکرێت."
هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا، وتیشیان:" نابێت کۆنه به‌عسی و مسته‌شاره‌کان به‌هه‌زاران دۆنم زه‌ویان پێبدرێت و دادوه‌ره ڕاستگۆکانیش سزا بدرێن."
هاوکات لاى خۆشیه‌وه پارێزه‌ر ڕێبین سه‌باح، ڕایگه‌یاند:" ده‌ستێوه‌ردانى حزبى و سیاسى گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه بۆسه‌ر یاسا له‌هه‌رێمى کوردستان و ده‌بێت چیتر ڕێگه نه‌ده‌ین ئه‌و کاره بکرێت".
ڕۆژ نیوز
به‌روار: 21/04/2015
788 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|