ساڵیادی 29 ساڵەی مەرگی هێمن مهابادی
سه‌ید محه‌ممه‌د ئه‌مین شێخولئیسلامی ناسراو به هێمن کوڕی سه‌ید حه‌سه‌نی موکری وله بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا جامی چۆڕی بووه. دایکی ناوی زێنه‌ب وکچی شێخی بورهان که ئێستا بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی موکریانن، هێمن به‌هاری ساڵی 1300ی کۆچی هه‌تاوی به شه‌وی جێژنی به‌رات له گوندی لاچینی سه‌ر به شاری سابڵا‌غ ئه‌ستێره‌ی ژیانی تریفه‌ی دا وچاوی به رووناکایی گه‌ردوون هه‌ڵێنا. به بوونی هێمن شیری ****ی دایکی وشک ده‌بێ و به شیری ژنێکی دیکه فڕچک(گۆج)ده‌کرێ و دوای بوونی ئه‌و، دایکی له‌شی ساغ به خۆیه‌وه نابینێ. هێمن له رۆژگارێکدا له دایک ده‌بێ که ره‌زاخانی چه‌کمه ره‌قی که‌لله وشک جڵه‌وی حکوومه‌تی پێیه وشه‌پ شه‌پێن به کاژه‌ڵاکی مرۆڤی زانا ورووناکبیر ده‌کا، بێ‌وچان خه‌ریکی تاڵان وکوشت و کوشتاره و ئاسمانی به سه‌ره نێزه راگرتووه و زه‌وی له ژێر پێی ده‌له‌رزێ، لاسای ئاتاتورکی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی ده‌کرده‌وه، جلوبه‌رگی کورده‌واری به ته‌واوی قه‌ده‌غه ده‌کرێ و ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ستی هات، سووکایه‌تی به خه‌ڵک کرد وشه‌پکه و ته‌پڵه‌ی هێنا نێو بازاڕه‌وه. هێمن له‌م که‌ش و هه‌وایه‌دا گه‌وره ده‌بێ، به‌ش خوراوی و کۆیله‌تی ئینسان وه‌کوو خوێن له مێشک وده‌مار وئێسک و پێستی دا ده‌گه‌ڕێ و ده‌بێته سه‌ربه‌ندی ژیانی.
له كاتی منداڵی‌دا گوێچکه به حه‌کایه‌ته‌کانی دایه مرۆت ده‌گرێ، که پیرێژنێکی دنیا دیده بووه و زۆر شتی به‌نرخی لێ فێر بووه. ئه‌لف وبێ لای سه‌عیدی ناکام ده‌خوێنێ و پێش ئه‌وه‌ی ئه‌لف و بێی فێر بکا، بزنۆکێ و مه‌ڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ ده‌خوێنێته‌وه و هێمن له به‌ری ده‌کا و هه‌روه‌ها شێعره‌کانی شێخ ره‌زا و زۆر شتی دیکه‌ی لێ فێر ده‌بێ و پاشان بۆ درێژه دانی خوێندن، باوکی ده‌ینێرێته سابڵا‌غ و له قوتابخانه‌ی سه‌عاده‌تی ئه‌و شاره ده‌ست به خوێندن ده‌کا.هێمنێکی لادێی که جگه له زمانی کوردی هیچی دیکه‌ی نه‌ده‌زانی و له‌و قوتابخانه‌یه‌ش که‌س نه‌یده‌توانی به کوردی قسه بکه، منداڵان گاڵته‌ی پێده‌که‌ن وپێی ده‌ڵێن کرمانج، چونکه ئه‌و کاته له سابڵا‌غ به خه‌ڵکی دێیان ده‌کوت کرمانج، هێمن ئه‌و ساڵه خوێندنه‌ی به سه‌رکه‌وتنێکی زۆر باشه‌وه تێپه‌ڕ ده‌کا وهاوین ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاوایی و له لای مه‌لای دێ و باوکی ده‌رس ده‌خوێنێ و ته‌مرینی نووسینی خه‌ت ده‌کا. باوکی که ده‌زانێ خه‌تی خۆش بووه، ده‌ستی پێ له خوێندن هه‌ڵده‌گرێ و ده‌ڵێ: بڕۆ ده‌رسی مه‌لایه‌تی بخوێنه. هێمن که هیچ کات خۆشی له مه‌لا نه‌هاتووه، تووشی ئه‌م تاڵییه ده‌بێ و چوار ساڵ له
خانه‌قای شێخی بورهان ده‌خوێنێ، به‌لام ئه‌و خوێندنه هیچ که‌ڵکێکی نابێ، چونکه ئه‌و چوار ساڵه به گاڵته ده‌باته سه‌رێ وله خانه‌قای شێخی بورهان که 8-9 نه‌فه‌ر ده‌بن،جگه له هه‌ژار و هێمن ته‌وای خاڵۆزا و پوورزا ده‌بن، پاشان ده‌چێته لای مامۆستا فه‌وزی و رێگای ژیانی پێ نیشان ده‌دا و ساڵ و نیوێک له لای ئه‌و ده‌رس ده‌خوێنێ.
هه‌ژار له پێشه‌کی دیوانی سه‌یفولقوزاتدا، به‌م جۆره باسی خۆی و هێمن ده‌کا:هێمن و من دوو منداڵی کرچ وکاڵی له‌ڕ و قرخن، به ته‌مه‌ن ده دوازده ساڵ بووین، له خانه‌قا گه‌یبووینه یه‌ک، ناخێری گیانمان ده‌رس بخوێنین، خویندنی چی؟ دوو گێل و حۆلی په‌ڕ بڵاو، له یه‌ک ده‌مدا له لای دوو مامۆستا دامه‌زراین، یه‌کی ریش پان، له عاڕه‌بی شاره‌زایه و خه‌تی نییه، ئه‌وی دی گه‌رده‌ڵ، فارسی زانه و خه‌تی خۆشه. جا وه‌ره شه‌ق و دار بخۆ، خۆ جنێو هه‌ر باسی ناکرێ، سوێندی که‌سم له سه‌ر نییه، ئه‌گه‌ر بڵێم تڵپاتی ته‌ڕیش فێر نه‌بووین، نیسکێک درۆی تێدا نییه، ماڵم هه‌قه له ترێ دزینی ناو ره‌زی، له پللار ده‌داران گرتن، له راوی دووپشک و ئه‌سپێ و کێچ و جوجه و قوڕ شێلان و هێلکه له هێلان ده‌رهێنان، هیچ که‌س تۆزی نه‌ده‌شکاندین. بۆ نه‌گبه‌تی هێمن وه شێعر هاتبوو، هه‌روا گاره گاره‌ی ده‌هات، جار و باره شێعرێکی نیوه و کۆڵه‌ی خواری لاپانی داده‌نا، به فیزه‌وه نیشانی ده‌دام. یانی ها بم ناسه، من چیم، منی کڵۆڵ نه‌مده‌توانی مێعریش بکه‌م. به‌و جۆره شێعر کوتنی هێمن له خانه‌قاوه سه‌ری هه‌ڵداوه و پێگه‌یشتووه. له گوندی کولیجه له لای سه‌ید عه‌وڵای سه‌ید مینه که پیاوێکی نه‌خوێنده‌وار بووه، به‌ڵام زۆر زانا وتێگه‌یشتوو ده‌بێ ،ماوه‌یه‌ک ده‌رس ده‌خوێنێ و به گه‌وره‌ترین مامۆستای، مامۆستا هێمن حیساب ده‌کرێ. ته‌مه‌نی هیمن ده‌چێته سه‌ر و بۆ ئه‌وه‌ڵین و دوایین جار له گوندی کولیجه ئاشق ده‌بێ، ئێشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی ،به‌ڵام ئه‌م ئاشق بوونه زۆر ناخایه‌نێ و لێک جیا ده‌بنه‌وه و هه‌ر له‌و گونده فێری سواری وته‌قڵه وراوه که‌و و که‌روێشک ده‌بێ. ساڵی 1317ی کۆچی هه‌تاوی که ته‌مه‌نی 17 ساڵانه ده‌بێ، مامۆستاکه‌ی گوندی کولیجه به جێ دێڵێ و ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گوندی خۆیان واته شیلاناوێ که ماڵیان چبووه ئه‌وێ و مل له کار وکاسبی هه‌ڵده‌کێشێ و به رۆژ خه‌ریکی کاری کشت و کاڵى ده‌بێ و شه‌وانه خه‌ریکی خوێندنه‌وه و شێعردانان، باوکی پێی ده‌زانێ و ده‌فته‌ری شێعره‌کانی ده‌سووتێنێ.
ناوی هێمن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و زه‌مانه که له کۆمه‌ڵه‌ی ژ-کاف وکۆماری کوردستاندا وه‌کوو پێشمه‌رگه‌یه‌ک خزمه‌تی به نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کرد و له نێو تێکۆشه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه که هه‌ر یه‌که‌ی ناوی نهێنیان هه‌بوو، به هێمن ناسرا و هه‌ر وه‌کوو بۆخۆی ده‌ڵێ:من هیچم له پێشمه‌رگایه‌تی لێ حاڵی نه‌بوو و هیچ که‌ڵکێکم لێ وه‌رنه‌گرت، ته‌نیا ئه‌و خێره‌ی بۆ من هه‌بووه، ئه‌ویش که ئه‌و ناوه دوورودرێژه‌ی له کۆڵ خستم. له 25ی گه‌لاوێژی ساڵی 1321ی کۆچی هه‌تاوی له شاری سابڵا‌غ کۆمه‌ڵه‌ی ژ-کاف به ده‌ستی ره‌حمانی زه‌بیحی وچه‌ند که‌سی دیکه داده‌مه‌زرێ.هێمن ده‌بێته ئه‌ندامی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه و شه‌و ورۆژ له بیری ئه‌وه داده‌بێ که چی بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه بکا که کاری رزگاری کوردستانه، هێمن له‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌دا ده‌بێته ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری نیشتمان ودوایه‌ش گۆڤاری ئاوات. له ساڵی 1324ی کۆچی هه‌تاوی که له سه‌ر بناغه‌ی ژ-کاف، ****بی دێموکڕاتی کوردستان به رێبه‌رایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د داده‌مه‌زرێ،هێمن بۆ یه‌که‌م جار له مزگه‌وتی سووری مه‌هاباد له به‌رابه‌ر خه‌ڵک دا شێعر ده‌خوێنێته‌وه و ده‌بێته سکرتێری هه‌یئه‌ت ره‌ئیسه‌ی میللی دێموکڕات و دوایه له کۆمیسیۆنی ته‌بلیغاتی ****بدا ده‌ست به‌کار ده‌کا.له‌و کۆماره‌دا بۆ دانانی کتێبی کوردی بۆ فێرگه‌کانی کوردستان کاری کردووه، له گۆڤاره‌کانی ئه‌وده‌می ****ب وه‌ک کوردستان، هاواری کورد، هاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان وهه‌ڵاڵه‌دا شێعر و وتاری بڵاو کردۆته‌وه. له کۆماری کوردستاندا پێشه‌وا شانازی پێوه کردووه و رایگه‌یاندووه که شێعره‌کانی پڕ مانان وده‌بێ ته‌واوی ئه‌ندامانی ****ب له به‌ری بکه‌ن و بیکه‌نه پڕۆگڕامی تێکۆشینی خۆیان.
هێمن هه‌ر له پله‌ی یه‌که‌می تێکۆشانی‌دا وه‌ک شاعرێکی نه‌ته‌وایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی بیر و باوه‌ڕی خه‌ڵکی بۆ لای خۆی راکێشابوو،چونکه هه‌ڵبه‌سته‌کانی له راسته‌قینه‌دا ببوونه ئاوێنه‌ی دڵی کۆمه‌ڵانی گه‌ل و ده‌ربڕی بیر و ئاواتیان. هێمن هه‌ر له رۆژی یه‌که‌می تێکۆشانی هونه‌ری خۆیه‌وه بۆ خاوێن کردنه‌وه و په‌ره پێدانی زمانی زگماکی قۆلی هه‌ڵماڵی. هه‌ڵبه‌سته‌کانی به زمانێکی ساکار ده‌هۆنییه‌وه و به‌زمانی گه‌ل ده‌دوا، جا به‌و بۆنه‌وه پێشه‌وا پێی ئه‌سپاردبوو، که بۆ گه‌لێک وشه‌ی فارسی و عه‌ڕه‌بی که له رێڕه‌وی خه‌باتی سیاسی‌دا به کار ده‌هێندرێن، وشه‌ی کوردی په‌تی بدۆزنه‌وه و به‌کاری بێنن، هێمن به سه‌رۆکی کۆمیسیۆنێک که بۆ ئه‌و کاره دیاری کرابوو، دانرا، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌کی کورت به داخێکی زۆر گرانه‌وه کۆمار ده‌ڕووخێ و هێمن ده‌ڵێ: ئه‌و رووداوه دڵته‌زێنه و ئه‌و کاره‌ساته جه‌رگ بڕه هه‌موو کوردێکی به شه‌ڕه‌فی خه‌مناک و تازیه‌بار کرد.
ساڵی 1325ی کۆچی هه‌تاوی دایکی پێ له که‌وشان ده‌کا و پێی ده‌ڵێ: ده‌بێ ژن بێنی، به‌ڵام هێمن نایه‌وێ ژن بێنێ و به‌هه‌ر جۆرێک بێ، دایکی، هێمن رازی ده‌کا و داوای برازایه‌کی خۆی بۆ ده‌کا و هێمن قه‌تی نه‌دیوه، به‌م جۆره له25ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌و ساڵه‌دا بووکی بۆ داده‌به‌زێنن و هه‌ژار له زه‌ماوه‌نده‌که‌یدا هه‌ڵده‌په‌ڕێ و به‌رهه‌می ئه‌م ژن هێنانه ش کوڕێک به ناوی سه‌لاح ده‌بێ. ساڵی 1327ی کۆچی هه‌تاوی وشکه ساڵی پێش دێ و ئه‌ویش وه‌ک خه‌ڵکی دیکه ده‌که‌وێته چه‌رمه‌سه‌ری و ناڕه‌حه‌تییه‌وه و گرانییه‌کی به ته‌و‌ژم ئێران داده‌گرێ، زۆر که‌س له برسان ده‌مرن وخه‌ڵک له‌و ساڵه‌دا کوللێره‌ی جۆ و هه‌رزن ده‌خۆن.
له 25ی گه‌لاوێژی ساڵی 1332ی کۆچی هه‌تاوی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له مه‌یدانی شاری سابڵا‌غ پێک دی وهێمن شێعری ” ده‌بڕۆ ئه‌ی شاهی خائین، به‌غدا نیوه‌ی رێت بێ” ده‌خوێنێته‌وه. له کوده‌تای 28ی گه‌لاوێژی ئه‌و ساڵه هێمن به ته‌واوی قاچاغ ده‌بێ و ماوه‌یه‌کی زۆر به کێوانه‌وه ده‌بێ و ساڵی 1344ی کۆچی هه‌تاوی باوکی ده‌مرێ و هێمن ده‌ڵێ: ده‌ردی باب مردن، ده‌ردێکی زۆر گرانه وپیاو له هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بابی بمرێ، هه‌ست به هه‌تیوی ده‌کا و دوو ساڵ دوای باوکی، دایکیشی ده‌مرێ و ئه‌م رووداوانه به ته‌واوی پیری ده‌کا.
بۆ جاریکی دیکه هه‌وای نووسینی گۆڤار به مێشکی دادێ و به‌هاری ساڵی1364ی کۆچی هه‌تاوی به‌ردی بناغه‌ی گۆڤاری سروه له شاری ورمێ داده‌مه‌زرێنێ و یه‌که‌م ژوماره‌ی گۆڤاره‌که له سه‌ره‌تای هاوین گه‌یشته ده‌ستی خه‌ڵک و هێمن ئه‌مه ده‌ڵێ: “ئومیده‌وارم ئه‌م سروه‌یه هه‌ر بێ و هه‌ر دڵان ببووژێنێته‌وه و هه‌ر گوڵان بگه‌شێنێته‌وه‌و هه‌ر دڵی کوردان خۆش بکا”.
هێمن له‌و که‌سانه بوو که ته‌مه‌نی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی له سه‌نگه‌ری فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب وفۆلکلۆر و شۆڕش دا به‌خت کرد و وه‌ک مۆم سووتا و رێگای پاشه رۆژی بۆ رووناک کردین. پاش ده‌رچوونی چوار ژماره له سروه‌ی ره‌نگینی کوردستان، مۆمی ژیانی هێمن دوایین فرمێسکی هه‌ڵوه‌راند و له29 ی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی 1365ی کۆچی هه‌تاوی بۆ هه‌میشه ماڵاوایی لێ‌کردین و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری سابڵا‌غ به خاکیان سپارد.
دیاره هێمن مردووه و له نێومان دا نه‌ماوه، به‌ڵام ئاسه‌واره‌کانی و یادگاره‌که‌ی کاتی پیری هه‌ر ماون و به دیتنی ئه‌وان هیچ کاتێک هێمنیش له بیر ناچێته‌وه.
هێمن شاعێر‌و زانای فه‌رهه‌نگ دۆست و تێکۆشه‌ری رێگای بووژاندنه‌وه‌ی کورد و فه‌رهه‌نگه‌که‌ی بوو، خاوه‌ن بیر و تێفکرین و بیر کردنه‌وه بوو. هێمن ده‌نگی به‌رزی ئازادی، ئاشتی و دێموکڕاسی خوازی کورد بوو. خوازیاری یه‌کیه‌تی گه‌لان بوو. کوردایه‌تی هێمن، مرۆڤایه‌تی بوو. شاعێری جوان په‌ره‌ست، شاعێری بابرده‌ڵه، که بێبه‌ش له ئاو وخاک و وڵاتی خۆی، په‌ڕیوه‌ی سنوور‌و مفته‌لای ده‌ستی رۆژگار، پیری هه‌ناسه سوار، ده‌رکراوی به زۆر دابڕاوی یار و ئازیزانی، بولبولی بێبه‌ش له گوڵزار و چه‌مه‌ن، بێ ئه‌نیس و هاوده‌م، ئاشقی دڵ پڕ له ئه‌وین وخۆشه‌ویستی وڵاته‌که‌ی، هه‌نگاو به هه‌نگاو خه‌م به دوای مامۆستای ئازیزه‌وه‌بوو، وه‌کوو سێبه‌ری خۆی رۆژێک لێی جیا نه‌بۆته‌وه و رۆژی شادی رووی له دڵه خه‌مباره‌که‌ی نه‌کرد، ئه‌و مرۆڤه بێ نازه خۆ له ئاسن و پۆڵا دروست نه‌کراوه،به‌ڵکوو له خوێن و گۆشته، بۆیه پڕ به دڵی خۆی ئه‌ناڵێنێ و به ئاوازێکی به سۆزه‌وه ئه‌ڵێت:
پارچه گۆشتێکه، دڵی من روو نییه
ناڵه ناڵی من دره‌نگه زوو نییه
له شێعرێکی دیکه‌دا ده‌ڵێ:
شینم زۆر گێڕاوه، شادی‌م که‌م دیوه
ئه‌ڵێن هه‌یه، به‌لام نه‌مدیــــــــوه
شاعێر، شینی یه‌کجار زۆر دیوه، به‌ڵام شادی و کامه‌رانی به ده‌گمه‌نیش نه‌دیوه و ئه‌زانێ شادی هه‌یه، زۆر که‌س له گه‌ڵیا راز و نیاز ده‌که‌ن، به‌ڵام هێمنی خه‌مبار هه‌ر نه‌یدیوه، له لای هه‌ر وه‌کوو نامۆیه‌که، وه‌کوو دوژمنێکه، بۆ ماوه‌یه‌کی که‌میش روو له‌و ناکات. مامۆستای به‌ڕێزمان شێعره ته‌ڕ وناسکه جوانه‌کانی، زۆربه‌ی زۆری به خه‌م زاخاوه ،خه‌م کاری زۆری تێکردووه، بۆیه به هیچ جۆرێ ناتوانێ خۆی له شه‌پۆل لابدات. هێمن شاعێری گه‌ل ، شاعێری ئێشق و ئازادی ،دڵه گه‌وره‌که‌ی هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی له لێدان که‌وت، بۆ گه‌له‌که‌ی و ئازادی نیشتمان لێی دا.
به فه‌رمووده‌ی خۆی:
هه‌تاکوو دوا پشـــــوو رێبواری رێگه‌ی ئێشق و ئازادیـــــم
ئه‌گه‌ر بێجگه له ناکامیـــــش نه‌بینـــــم، به‌رهه‌مێـــــکی تـــر
هێمن که یه‌کێک بوو له گه‌وره‌ترین شاعێران و نووسه‌رانی کورد له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له باری پاراستن و بووژاندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب، گه‌ره‌ترین هه‌قی خستۆته سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ی، چونکه له تاریک وروونی به‌یانی ژیانی را، بۆ خڕ کردنه‌وه‌ی کۆماکانی ئه‌ده‌بی کورده‌واری و ورد بوونه‌وه له وشه‌کانی، به که‌و کردن و هه‌ڵاواردنی غه‌واره‌کانی و سوورکردنی خرمانی زمان وزاراوه‌ی کوردی، که‌وته کار وته‌نانه‌ت گوڵ هه‌ڵگرتنه‌وه و پاشه‌رۆکیشی بۆ خه‌ڵکی دیکه نه‌هێشته‌وه.
ئاسه‌واره‌کانی مامۆستا هێمن بریتین له:
1- تاریک و روون(شێعر و په‌خشان).
2- پاشه‌رۆک(شێعر و په‌خشان).
3-توحفه‌ی موزه‌ففه‌رییه(فۆلکلۆری کوردی، که کاری ئۆسکارمانه وهێمن وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی).
4- شازاده وگه‌دا .
5- قه‌ڵای دمدم .
6- هه‌واری خاڵی .
7- چه‌پکێ گوڵ، چه‌پکێ نێرگز.
8- ئه‌فسانه کوردییه‌کان (کاری قه‌نات کۆردۆ که هێمن وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی).
9- ناڵه‌ی جودایی .
به ئاوا‌ره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری توانی کتێبی ناڵه‌ی جودایی بنووسێ،ئه‌گه‌ر به جوانی لێی ورد بینه‌وه، ده‌بینین که ناڵه و هاوار و فیغانی دڵه، ناسۆرییه، خول دانه‌وه و نزا و هاوار وئازاری ناخ و ماندوویه‌تی هزر و نائارامی رۆح و بێ تاقه‌تی جه‌سته‌یه به‌رامبه‌ر جودایی،جودایی له خێزان، له خانوو،ماڵ و گوند و گه‌ڕه‌ک ،شاخ وده‌شت و دراوسێ و که‌س و کار و یادگاره‌کانی سه‌رده‌می منداڵی و لانه‌ی گه‌وره‌بوون و گه‌لێ شتی به نرخی دیکه که له یاد ناکرێن وله ده‌روون دوور ناکه‌ونه‌وه.
رۆحی شاد ورێگای پڕ رێبوار
سایتی نووسین
به‌روار: 17/04/2015
2520 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|