لەمێژووی كورددا هیچ سیاسییەك هێندەی نێچیرڤان بارزانی بۆ حكومداری دەرفەتی پێنەدراوە
راپۆرتی: هونەر حەمەڕەشید
ئەم راپۆرتە لەژمارە 45 گۆڤاری شار لەرۆژی (15/3/ 2015) بڵاوبووەتەوە
نێچیرڤان ئیدریس بارزانی خاوەنی زۆرترین شانسە لەناو سیاسییەكانی كورددا كە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی كوردی وەرگرتبێ، بەڵام ئەو شانسە پڕی بووە لەهەوراز‌و نشێوی كە بەشێكی پەیوەندی بە سیاسەتەكانی ئەو‌و بەشی زۆری پەیوەندی بەجۆری سیستم‌و حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان هەیە.
 
سیاسەتەكانی نێچیرڤان بارزانی هەروەكچۆن شكستی تێدایە ئاواش خاوەنی دەسكەوت‌و سەركەوتنە، بەڵام بەهەڵسەنگاندنێكی خێرای ئەو سیاسەت‌و حوكمڕانییە لە15 ساڵی رابردوویدا، دەردەكەوێ شكستەكانی زۆر زیاترن لەسەركەوتنەكانی. ئەو دەیەوێ لەناو سیستم‌و حوكمڕانییەكی تەواو حزبیی‌و تەقلیدیی، حكومەتێكی مۆدێرن‌و دەوڵەمەند بەپارەی نەوت دروست بكات ئەمەیش ئەو هەنگاوەیە كە كورد پێیدەڵێ ئاش لەخەیاڵێك‌و ئاشەوانیش لەخەیاڵێكی دیكە.
 
نێچیرڤان بارزانی‌و ئەزموونی بەرپرسیارێتی
نێچیرڤان بارزانی كەسایەتی سیاسی كوردو پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئێستا بۆ جاری چوارەم سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە‌و لەهەمانكاتدا جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش. 
 
نێچیرڤان ساڵی ١٩٦٦ لەدایكبووە، كاتێ ساڵی ١٩٧٥ عێراق‌و ئێران لەجەزائیر لەدژی شۆڕشی كوردستان (شۆڕشی ئەیلول) رێككەوتن‌و مەلا مستەفای بارزانی خەباتی چەكداریی راوەستاند، ئەو دەمە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بنەماڵەكەی ئاوارەی ئێران بوون‌و لەوێ لەزانكۆی تاران، زانستە سیاسییەكانی دەخوێند. 
 
ئیدریس بارزانی باوكی نێچیرڤان بارزانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو‌‌و رۆڵێكی دیاری هەبوو لەناو تەڤگەری رزگاریخوازیی كوردستاندا، هەر لەمنداڵییەوە ‌لەناو ریزەكانی شۆڕشدا‌ بوو‌‌و لەتەك پێشمەرگەكان بوو، كاتێك ئیدریس بارزانی كۆچی دواییكرد، نێچیرڤان بارزانی ناچار بوو بنەماڵەكەی بەجێبهێڵێ‌‌و بەشداری لەشۆڕ‌ش‌و بەرخودانی چەكدارییدا بكات‌. 
 
ئەو زوو لەناو ریزەكانی پێشمەرگە‌و شۆڕشدا‌ پێشكەوت‌و بەرپرسیارێتی درایە، كاتێ ساڵی ١٩٨٩ بوو بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمە بەیەكەم ئەزموون دادەنرێت بۆ وەرگرتی بەرپرسیارێتی لەژیانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی خۆیدا كە ئەوكات تەمەنی 23 ساڵان بووە. 
 
نێچیرڤان بارزانی ساڵی ١٩٩٦ بووە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەئیدارەی هەولێرو ساڵی ١٩٩٩ بووە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (كابینەی چوار) هەر لەئیدارەی هەولێر لەو كاتەوە تائێستا بێجگە لەساڵی 2010 تا 2012 بەردەوام سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە. 
 
ئەزموونی راستەقینەی نێچیرڤان
نێچیرڤان بارزانی رۆژی ٧ی ئایاری ٢٠٠٦ بووە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان (كابینەی یەكگرتنەوە- پێنجەم) ئەمەش دوای دابەشبوونی حكومەتی هەرێم بۆ دوو ئیدارە، دواتر ساڵی 2009 دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەت بوو، بۆ بەرهەم ساڵح، ساڵی 2012 جارێكی تر بووەوە بەسەرۆكی حكومەت لەكابینەی حەوتەم‌و ماوەی دووساڵ سەرۆكایەتی حكومەتی كرد، پاشان ساڵی 2013 لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدكرایەوە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت‌و لەساڵی 2014 سەرۆكایەتی حكومەتی لەكابینەی هەشتەم وەرگرتەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی زۆرترین ماوە سەرۆك حكومەت، یان سەرۆك وەزیرانی حكومەتەكانی هەرێمی كوردستان بووە، بەوەی سەرەتا لەساڵی ١٩٩٦ بووە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئینجا لە٢٠ی كانوونی یەكەمی ١٩٩٩ تاكو ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، ٧ی ئایاری ٢٠٠٦ بووە سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان (كابینەی یەكگرتنەوە).
 
نێچیرڤان ساڵی ٢٠٠٦ تاكو ٢٠٠٩ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە بەحكومەتی یەگرتنەوە دەناسرێت، دواتر لەشوباتی ٢٠١٢ ئەو پۆستە دووبارە دەدرێتەوە بە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و دووبارە نێچیرڤان بارزانی دەكرێتەوە سەرۆك وەزیران ئەمەش تاكو ئەیلوولی ٢٠١٣ بەردەوامبوو، لەهەڵبژاردنەكانی ئەیلوولی ٢٠١٣ دووبارە پارتی لەهەڵبژاردنەكەدا زۆرینەی بە دەستهێناو نێچیرڤان بارزانیش بۆ جارێكی دی كرایەوە سەرۆك وەزیران.
 
بەپێی ئەو دابەشكارییە بێ، نێچیرڤان بارزانی زیاتر لە15 ساڵ جێگر، یان سەرۆكی حكومەت بووە، چ لەئیدارەی هەولێر، چ لەحكومەتی هەرێمی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك چوار ساڵ لەئیدارەی هەولێر جێگری سەرۆك حكومەت بووە، دواتر شەش ساڵ لەئیداری هەولێر سەرۆكی حكومەت بووە هەر لەو ئیدارەیە، ئێستاش زیاتر لە8 ساڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لەئیدارەی یەكگرتوو.
 
بەوتەی چاودێران لەو مایەوەدا نێچیرڤان بارزانی، كە جێگر، یان سەرۆكی حكومەت بووە، زۆرترین گەندەڵیی سیاسیی‌و ئابووریی‌و سەربازیی لەدامودەزگا حكومییەكاندا كراوە، زۆرترین پارە بەهەدەر دراوە لەسامانی گشتی كە ئێستا رۆژانە دەیان بەڵگە لەو بوارانە ئاشكرادەبن. لێرەدا ئەوەی پێویستە بوترێ، لەو فرسەتەی بەنێچیرڤان دراوە، كەسێكی سەركەوتوو بووە، یان شكستخواردوو؟
 
زۆرن ئەوانەی كە نێچیرڤان بارزانی، بە «ئەندازیاری ئاوەدانی» ناودەبەن، ئەوەی ناوبراو بە «ئەندازیاری ئاوەدانی» ناودەبات، نموونەی كارەكانی بەپرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت، لەهەولێرو دهۆك دەهێننەوە، بەتایبەتی كادران‌و بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان.
 
فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە نێچیرڤان بارزانی ئەوەی لەدەستی هاتبێ كردویەتی بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەهەموو بوارەكاندا.
 
سۆفی دەڵێ: «نێچیرڤان بارزانی لەماوەی دەسەڵاتیدا لەسەرۆكایەتی حكومەت، كاری زۆری كردووە بۆ بوژانەوەی كەرتی ئابووریی‌و وەبەرهێنان، بۆ سەلماندنی ئەم قسانەم هەزاران نموونە لەبەردەستماندایە لەوانە هەوڵی زۆریداوە ژمارەیەكی باش كۆمپانیای گەورەی جیهانیی بێنێتە هەرێمی كوردستان‌ تا وەبەرهێنان لەنەوتدا بكەن، ئەمانەش لەچوارچێوەی ئەوەدایە كە ئەو كار بۆ ئابوورییەكی سەربەخۆ بۆ هەرێمی كوردستان دەكات».
 
بەڵام كەسانێكیش هەن باز دەدەن بەسەر ئەو دەستكەوتانەی سۆفی بە گرنگ وەسفیان دەكات‌و نێچیرڤان بەسەرۆكێكی شكستخواردوو ناو دەبات. 
 
ئەوانەی ئەم بۆچوونەیان هەیە نموونەی ئێستا دەهێننەوە كە هەرێمی كوردستان قەیرانی دارایی هەیە‌و ژمارەیەكی زۆری خەڵك بەنایاسایی دامەزراون‌و دەوامناكەن. ژمارەیەكی زۆر دەرچووی زانكۆو پەیمانگەكانیش هەن‌و پسپۆڕێتیان لەچەند بوارێكدا هەیە كەچی دانەمەزراون‌و ئێستا بێكارن، حكومەت یەك ساڵ زیاترە ناتوانێ مووچە لەكاتی خۆی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بكات، گەندەڵیی تەواوی دامودەزگاكانی حكومەتی تەنیوە، رۆژ بەرۆژ قەیرانی زیاتر تووشی هاووڵاتیان دەبێ، دەڵێن خۆ دەبێ ئەمانە كەسێك لێی بەرپرسیاربێ!
 
بێستون فایەق، پەرلەمانتاری گۆڕان، لەپەرلەمانی كوردستان لەمبارەیەوە دەڵێ: «راستە نێچیرڤان بارزانی یەكێكە لەو كەسانەی لەكوردستان زۆرترین فرسەتی دراوەتێ‌، بەڵام نەیتوانیوە لەماوەی حكومدارییەكەی هیچ سەركەوتنێك تۆمار بكات».
 
بێستون پێیوایە، ئەو دۆخەی ئێستا لەهەرێمی كوردستان هەیە، بەرهەمی ئەو ئەزموونە حوكمڕانییەیە كە نێچیرڤان 15 ساڵە لەسەرەوەی بەڕێوەبردنیەتی، بۆیە دەڵێ: بێگومان هەموو ئەو قەیرانانەی ئێستا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، بەشی هەرە زۆری نێچیرڤان بارزانی لێی بەرپرسە.
 
ئەو زیاتر لەسەر ئەم پرسە رۆیشت‌و وتی: «لەماوەی رابردوودا بەهۆی دەستتێوەردانی حزب لەكاروباری حكومەت‌و ئاڕاستەكردنی بەرپرسانی حكومەت لەلایەن حزبەكان بەخودی سەرۆكی حكومەتیشەوە، هۆكارێكی گەورە بووە بەوەی هەرێمی كوردستان بەم دۆخە خراپە گەییشتووە. خۆ ئەوە شتێكی روونە كە نێچیرڤان لەبەرانبەر ئەو دەستتێوەردانانە هیچ هەڵوێستێكی رۆشن‌و یەكلاییكەرەوەی نەبووە».
 
بەپێی داتاكان حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵی 2005 تا ساڵی 2013 لەلایەن بەغدادەوە زیاتر لە100 ملیار دۆلاری چنگ كەوتووە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە كە بودجەی ساڵانەی هەرێم بووە بەبڕی جیاوازو لەبودجەی چەندین وڵاتی جیهان زیاتر بووە، تەنیا تەخشان‌و پەخشان كراوە بەسەر حزب‌و كەسایەتییە سیاسییەكاندا، ئەمە بەوتەی شارەزایانی ئابووریی.
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی ئەو ساڵانەدا‌و بەو بڕە پارە زۆرە، نەك تەنیا نەیتوانیوە هیچ پاشەكەوتێك بكات تەنانەت هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژیی ئەوتۆی لەبواری وەبەرهێنان ئەنجامنەداوە كە بتوانرێ لەقەیرانێكی وەكو ئێستا سوودی لێوەربگیرێ‌و بەشێك لەكێشە داراییەكانی پێ چارەسەر بكرێت.
 
نەبەز گۆرانی رۆژنامەنووس پێیوایە حكومەتی هەرێم‌و خودی نێچیرڤان بارزانی لەماوەی رابردوودا تەنیا پارەیان تەخشان‌و پەخشان كردووە، ئەو وتی: «كێ‌ دەتوانێ ناوی یەك پرۆژەی وەبەرهێنانم پێبڵێ كە لەلایەن حكومەتەوە ئەنجامدرابێ‌و ئێستا بەرهەمی هەبێ؟ هۆكاری ئەو بێ بەرنامەییەی حكومەت لەخەرجكردنی پارە‌و داهات، بۆ خودی نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە. نەك فرسەتی زۆر دراوە بە نێچیرڤان بارزانی، بەڵكو چارەنووسی وڵاتێك دراوەتە دەست كەسێكی نەشارەزا لەئیدارەدان‌و بێ ئەزموون، كە تا پەنجا ساڵی تر دەبێ نەوەكانی ئێمە باجەكەی بدەن».
 
سەبارەت بە بۆچوونی ئەوانە كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەندازیاری ئاوەدانیی ناودەبەن نەبەز گۆران دەڵێ: «ئەو كەسانە خۆیان بڕیاریانداوە وایببینن، ئەگەر بێتو ئەم وڵاتەش وێران بكات هەر پێیدەڵێن ئەندازیاری ئاوەدانیی، بەڵام لەڕاستیدا نێچیرڤان بارزانی شكستخواردووە لەحكومڕانیدا».
 
بێستون فایەقیش هاوڕایە لەگەڵ نەبەز گۆڕان‌و دەڵێ: ئەزموونی حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێكی شكستخواردووە لەحكومەتی هەرێم، بۆیە دەبێ رێگەچارەكیش بۆ ئەوە دابنرێ.
 
لەبارەی ئەوەی، كە لایەنەكان بۆ لەو بارودۆخە بێدەنگن، ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێ: ئەگەر یەك تۆز لایەنەكان ئازایەتیان تێدابێ دەبێ بە نێچیرڤان بارزانی بڵێن «بەسە ئیتر تۆ بەكەڵكی حوكمداریی نایەیت‌و بڕۆ نمایشی فاشیۆن بكە».
 
یەكێك لەو بوارانەی لەماوەی حوكمداریی نێچیرڤاندا شانازیی پێوە دەكرێ لەلایەن دۆستەكانییەوە، سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە خودی نێچیرڤان بارزانیش لەچەندین بۆنەدا شانازی پێوەكردووەو باسی لەوە كردووە كە ئەوان لەرێی نەوتەوە كار بۆ ئابوورییەكی سەربەخۆ دەكەن‌. بەڵام پێچەوانەی ئەم بۆچوونە عیزەت سابیر، شارەزا لەبواری ئابووریی پێیوایە سیاسەتی نەوتی هەرێم هەڵە ئاڕاستەكراوەو نەتوانراوە بچێتە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە.
 
عیزەت وتی: «ئەو لایەنەی بواری نەوت زۆر باشە كە ئێستا رێژەیەكی زۆر بەرهەم دەهێنرێ، رۆژانە نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیلە، بەڵام مامەڵەكردن‌و فرۆشتنی نەوتەكە خراپە، كە بەهیچ شێوەیەك نەچووەتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە. سیاسەتی دووركەوتنە لەبەغداو پشتبەستن بەتوركیا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەڵەیەكی گەورەیە، كە ئەو بۆ خودی نێچیرڤان بارزانی نەگێڕایەوەو وتی: «ئەو سیاسەتە سیاسەتی ئەنجوومەنی باڵای نەوت‌و گاز بووە لەهەرێمی كوردستان‌و پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت».
 
ئابووریی گەشەكردووی كوردستان كە بوو بووە جێی سەرنجی وڵاتانی دنیا، مایەی دڵخۆشی بوو بۆ خەڵكی كوردستان‌و لەو ماوەیەدا رەوشی ئابووریی خەڵك روو لەباشییەكی خێرا دەكرد. ئەمانە بوو بوونە كاڵایەكی بەرچاوی بانگەشەی لایەنگرانی نێچیرڤان كە سیاسەتێكی سەركەوتووی هەبووە، بەڵام كاتێ قەیرانێكی ئابووریی رووی كردە كوردستان دەركەوت ئەو گەشەكردنە ئابوورییە لەسەر بناغەیەكی فشەڵ‌و خراپ بەكارهاتوو بنیاتنراوە‌و ئێستا لەلێواری هەرەسهێناندایە، گەشەكردن لەسەر بناغەی فشەڵ نە سەركردەی كاریزمای دەبێ‌و نە پاڵەوان.
 شارپرێس
به‌روار:  15/04/2015
922   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   542
کۆی سه‌ردان:   29261540