یەکێتیی داوای لێبوردن دەکات
یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر وتاری بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گەیاندە ئەو حزبە و بەرپرسێکی باڵای حزبەکەش داوای لێبوردن دەکات. شاندێکی باڵای یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان کە پێکھاتبون لەسەرۆک و ئەندامانی رێکخراوەکە سەردانی بارەگای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی-یان کرد و لەگەڵ بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی مەلا بەختیار و ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد بە جیا کۆبوونەوە. سەردانی شاندەکەی زانایانی ئاینی بۆ گەیاندنی ناڕەزایی و نیگەرانی زانایانی ئاینی بوو لە کۆنفڕانس و وتارێکی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی کە ھەفتەی پێشوو لەسلێمانی بەڕێوە چوو. جەعفەر گوانی وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان وتی: "دوای گفتوگۆ و قسەکردنێکی زۆر لەگەڵ مەلا بەختیار، بە روون و ئاشکرا ئەوەمان پێ گەیاند کە نیگەران و توڕەین لەو وتارەی لە کۆنفڕاسەکەدا پێشکەشی کرد. چونکە ئێمە پێمان ئاساییە لە کاتی ململانێ و کێشەی سیاسیدا رەخنەتان لە ھەندێک رەوتی سیاسی و بیروبۆچوونی کەسێک ھەبێت، بەڵام پەنا بە خوا و قورئان و قسەوتن لەو بارەیەوە جێگەی قبوڵکردن نییە و نیگەرانی ھەموو لایەکی بەدوای خۆیدا ھێناوە". بەوتەی بەرپرسەکەی زانایانی ئاینی لە بەرامبەردا مەلا بەختیار بە شاندەکەی راگەیاندووە کە لە ئێستاوە دەستبردن بۆ خوا و قورئان و پێغەمبەر دەبێتە ھێڵی سور لەلایان و ئەوە دەکەنە بەرنامەی خۆیان، بە پێچەوانەوە ئامادەن بۆ روبەڕوبونەوەی ھەر رێوشوێنێک کە بەرامبەریان بگیرێتە بەر". لە بارەی ئەنجامی کۆبونەوەی دووەمیان لەگەڵ ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، گوانی وتی: "ھێرۆخان بە ناوی یەکێتی و مەلا بەختیارەوە داوای لێبوردنی کرد و ئاماژەی کرد بەوەی ئەو جۆرە کارانە خزمەت بە کەس ناکات و ھەوڵ دەدەن دووبارە نەبێتەوە". ئەو نیگەرانییەی زانایانی ئاینی ئیسلامی دوای ئەو کۆنفڕاسە دێت کە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە ناوەندی رۆشنگەری چاودێر لە دامەزراندنی رێکخراوی دابڕان بەرەو رۆشنگەری ھاوچەرخ بە دروشمی" ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ ھەمووان" کە لە سلێمانی سازی کردبوو ، تێدا مەلا بەختیار وتارێکی پێشکەش کرد. زانایانی ئاینی و لایەنە ئیسلامییەکان دەڵێن کۆنفڕاسەکە باسی ئاینی ئیسلامی کردووە و سووکایەتی بە قورئان و پیرۆزییەکانی موسڵمانان کردووە. لە درێژەی ئەو ناڕەزایەتییانەدا پێش دوو ڕۆژ کەمپینێک لەژێر ناونیشانی (نا بۆ دژایەتی ئیسلام ، بەڵێ بۆ پێکەوە ژیان و ئاسایش وتەبایی) ڕاگەیەندرا . لە کەمپینەکەدا وەک لەڕاگەیەندراوەکەیاندا ھاتووە داوا لە بەرپرسان و کابەردەستان ھەرێم کراوە: "ئاگاداری ئەوبەرپرسانەبن کە دەیانەوێ بیری ململانێی ئیسلام و ئایین و ئایدۆلۆژییەکانی تر لەکوردستان قوڵ بکەنەوە تا ئارامی ھەرێمەکەمان تیک بدەن، دژایەتی موسڵمان و بانگخوازان لەبەرژەوەندی ھەرێمەکەماندا نییە، تەنھا بۆ ئەو کەسانە گونجاوە کە دوژمنی گەلەکەمانن و دۆڕاون لە دونیای سیاسەتدا، ئەگەر سەرۆکی ھەرێم و سەرکردە دڵسۆزەکانی ئەم ھەرێمە نەیەنە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم تاکە تاکە بەرپرسانە دانەنێین ئەوە ناچارین رێوشوێنی یاسایی و مەدەنیانە بگرینەبەر". 
کەی ئێن ئێن
به‌روار:  02/04/2015
682   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   599
کۆی سه‌ردان:   29251567