خانووە تازەکەی نەوشیروان مستەفا
نەشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە باڵەخانەیەکی جیاواز لە شوێنی کۆبوونەوەکانی پێشوو، ئەمڕۆ پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، ئەو شوێنە ماڵە نوێیەکەی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانە.
باڵەخانەکە کە بەرزییەکی مامناوەندی هەیە، لە سێ نهۆم و 12 ژوور پێكدێت، دەکەوێتە دامێنی گردی زەرگەتە و چەند رۆژێک لەمەوبەر نۆژەنکراوەتەوە.
شوان قلیاسانی، جێگری رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ( تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" ئەو شوێنە پێشتر 12 شوقە بوو و تایبەتکرابوو بە جێگای حەوانەوە و مانەوەی ئەو رۆژنامەنووس و کارمەندانەی گۆڕان کە خەڵکی دەرەوەی شاری سلێمانی بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی کاک نەوشیروان ماڵەکەی خۆی تەنگ و بچووک بوو، ئەو باڵەخانەیەی نۆژەنکردەوە و كردی بە یەک بینا، ئێستا جگە لەشوێنی حەوانەوە، زۆربەی کۆبوونەوە و کاروبارەکانیشی هەر لەوێ بەڕێدەکات".
ساڵانێک نەوشیروان مستەفا لە گردی عەلی ناجی نیشتەجێبوو، خانووەکەی ئەو یەکێکبوو لەو فەرمانگانەی موڵکی شارەوانی سلێمانین و بەکرێیەکی رەمزی ساڵانە تێیدا نیشتەجێبوو.
گردی عەلی ناجی هاوکات ماڵی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و ماڵی مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی هەمان حیزب، لەگەڵ ماڵی قادر عەزیز، سکرتێری حیزبی ئایندە و چەند کەسایەتییەکی دیکەشی لێیە.
ڕووداو
بهروار: 01/04/2015
1304 جار خوێندراوهتهوه
|