پیاو و ژن کە جووت دەبن ، شەیتانیش بەشدارە
حەمە سەعید حەسەن
دۆکتۆر عەبدولواحید موحەممەد کە مامۆستای زانکۆیە لە پایتەختی ڕۆشنبیری، دەڵێت: (پیاو کە دەچێتە لای ژن، لەو پرۆسەی جووتبوونەدا، شەیتانیش بەشدارە، بۆیە پێویستە دەستنوێژی هەبێت و بەدەم زیکری ناوی خواوە، دەست بە ئیشەکە بکات، ئەگەر نا، جین و کرۆمۆسۆمی شەیتان تێکەڵ بە جین و کرۆمۆسۆمی منداڵەکە دەبێت.) ئەو ئوستازە بانگخوازە لە هەمان گوتاریدا دەڵێت: (هەموو توببی دونیا کۆ ببنەوە، نازانن، بۆچی منداڵ هەر لە سکی دایکی دێتە دەرەوە، دەگری؟ وەڵامی ئەو پرسیارە، تەنیا لای ئیسلامە، چونکە شەیتان چڕنووکی لێ دەگرێت.) ئەوە بۆیە لە ڕیزبەندیی ئەکادیمیاییی زانکۆکانی دونیادا، ناوی زانکۆی سولەیمانی، یەکسەر دوای ناوی هارڤارد دێت!
با وای بۆ بچین، هەموو پیاوانی موسڵمانی دونیا، تا دەستنوێژ هەڵنەگرن، جووت نابن، بەم پێیە چی منداڵی غەیرە موسڵمانی دونیا هەیە، (بە بوودایی و هیندۆس و کریستیانەوە کە نزیکەی سێ چارەکی منداڵانی جیهان پێک دەهێنن،) بە جین و کرۆمۆسۆمی شەیتانەوە لە دایک دەبن! لە سالێکدا، لە دونیادا، هەر یەکی لە گۆشەیەکی ئەم زەوینە بەرینەوە، سەدوچل میلیۆن منداڵ لە دایک دەبن، ئایا شەیتان چۆن فریای ئەو هەموو چڕنووکە دەکەوێت؟ ڕەنگە لە شەو و ڕۆژێکدا نزیکەی دوو ملیارد سەرجێیی ڕوو بدات، ئایا شەیتان چۆن پێ ڕادەگات، لە هەموویاندا بەشداری بکات؟ ئایا شەیتان لەو پرۆسەیشدا بەشدارە کە لەناو شووشەیەکدا، تۆوی پیاوێک هێلکەی ژنێک دەپیتێنێت؟ شەیتان وەهمە، پێش سەرهەڵدانی سێ ئایینە ئاسمانییەکە، کە لە هەر سێکیاندا هەیە، لە ئەفسانە و لە ئایینە زەوینییەکانیشدا هەبووە. باشە ئەوە خودای گەورەیە، ئاگاداری جووڵەی مار و مێرووە یان شەیتان؟ دادوەرێک لە زیناکەرێک دەپرسێت: ئەو ئیشە خراپەت بۆچی کرد؟ زیناکەر: قوربان شەیتان پێی کردم. دادوەر: شەیتان لە فەرمانی خوا یاخیبوو، ئێستا دەڵاڵیی بۆ تۆ دەکات!
به‌روار:  29/03/2015
1256   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   656
کۆی سه‌ردان:   29249711