ڕاگەیاندنی فراکسیۆنی پارتی لەسەر شەڕەکەی پەرلەمان
دەقی روونکردنەوەکەی فراکسیۆنی پارتی :

روونكردنەوەیەك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

سەبارەت بەو رووداوە نەخوازراوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان روویدا، رایدەگەیەنین: رووداوەكە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە سیاسەتی ئێمەوە نییە و وەك دۆخێكی کەسایەتی نەخوازراویش سەیری دەكەین، كە لە نێوان چەند پەرلەمانتارێكدا درووست بووە. نموونەی ئەوها لە پەرلەمانی وڵاتانی دیموكراسیشدا دەبینرێ و بە هیچ شێوەیەک هەولی گەورە کردنی ئەم بابەتە خزمەتی پرۆسێسی دیموکراسی ناکات.

هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو رووداوە بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە سیاسەت و جۆری پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ناكات، هەم وەك دوو هێزی سیاسی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان و هەم وەك دوو فراكسیۆنی سەرەكیش لە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، چاوەڕوانی ئەنجامی بەدواداچوونی ئەو لیژنەیە دەكەین، كە لە سەر داوای بەرێز سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ ئەو رووداوە درووستبووە.

هەروەها نیگەرانی خۆیشمان لە بەرانبەر ئەو بەیاننامەیە دەردەبڕین، كە لەلایەن فراكسیۆنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامییەوە دەركراوە، چونكە بریار بوو بە یەکەوە ئەو بەیاننامەیە دەربکەین و دەبوایە ئەو بەیاننامەیە بەبێ‌ ئێمە دەرنەكرابا.

محەمەدعەلی یاسین
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
25/3/2015
ڕووداو
به‌روار:  25/03/2015
658   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   959
کۆی سه‌ردان:   29264034