ئەوەی داعش بە پێشمەرگە دیلەکانی دەکات بەربەرییەتە و پێجەوانەی بەهاکانی ئیسلامە
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان لەبەیاننامەیەكدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە رایدەگەیەنێت كوشتنی پێشمەرگە دیلەكان لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، پێچەوانەی هەموو عورفێكی ئایینی و مرۆییە.

د.عەلی قەرەداغی دەڵێت" دەبێت زۆر بەشێوەیەكی جوان و مرۆڤ دۆستانە مامەڵە لەگەڵ دیلدا بكرێت و سوكایەتی پێنەكرێت، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ داعش دژ بە پێشمەرگە دیلەكان دەیكات پێچەوانەی هەموو بەها بەرزەكانی ئیسلام و شەریعەتە و كارێكی نامرۆیی و ستەمكاری و بەربەرییە".

قەرەداغی دەشلێت " کردەوەکانی داعش دەبێت لەلایەن هەموو موسڵمانێكی خاوەن ئیمان و مرۆڤێكی بەویژدانەوە ئیدانە بكرێت".

لە درێژەی بەیاننامەکەیدا عەلی قەرەداغی ئیدانەی تەقینەوەکەی رۆژی هەینی ٢٠ی ئازاری لەگەڕەكی موفتی شاری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان دەکات و دەڵێت "ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە تاوانە قێزەونەكانی داعش و داواکارم لەخوای گەورە قوربانیانی ئەم تاوانانە بەشەهید لەقەڵەمبدات و شیفای بەپەلەش بنێرێت بۆ بریندارەكان و خوای گەورە سەبوری كەسوكاریان بدات". 

ئەم لێدوانە نوێیەی قەرەداغی لە کاتێکدایە لەگەرمەی شەڕی داعش لەبەرەکانی شەنگال و جەلەولاو باشوری کەرکوک و مەخمو، فتوای ئەوەی دا هەر پێشمەرگە لەو شەڕەدا بکوژرێت شەهیدە.

دکتۆر عەلی قەرەداغی یەکێکە لە زانا ئیسلامیەکانی کورد، کە لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە، جگە لە ئەندامیەتی و سەرۆکایەتی چەند ڕێکخراویکی خێرخوازی و ئەکادیمی، خاوەنی ٣١ کتێبی جیاوازە لە بوارەکانی شەریعەت و فیقهی ئیسلامی بواری دارایی و بانکی، دەیان توێژینەوەی زانستی لەو بوارەدا پێشکەش کردووە، لە ئیستاشدا ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان و هەروەها جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا یە بۆ فتواو توێژینەوە.
نالیا
به‌روار:  24/03/2015
531   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   943
کۆی سه‌ردان:   29264196