پيرۆزبێت ( 24 )ه‌مين ساڵيادى راپه‌ڕين
مالمۆکورد
پيرۆزبێت ( 24 )ه‌مين ساڵيادى راپه‌ڕينى به‌هارى 1991 ى باشوورى كوردستان _ جەماوەری خۆڕاگری كوردستان ... _ كەسوكار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی كوردستان ... _ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مان و وڵاتپارێزه‌كانى كوردستان ... ئەمڕۆ ( 24 ) ساڵ بەسەر یادی راپەڕینی جەماوەری باشووری كوردستان تێپەڕ دەبێت، زوڵم و ستەم و دڕنده‌یی رژێمی بەعسی رووخاو به‌رامبه‌ر بە خەڵكی باشووری كوردستان، وایكرد كه‌وا جەماوەری كوردستان لەدژی ئه‌م رژێمە ملهوڕە بێنه‌ سەر شەقامەكان و لێی راپه‌ڕن و تەواوی خاكی پیرۆزی كوردستان لەبەعەسییە خوێنڕێژه‌كان پاكبكه‌نەوەو موژدەی ئازادی باشووری وڵات بەهەموو كوردستاندا بلاوبكه‌نه‌وە، لەم رۆژەدا گەلی كوردستان بەهەموو دونیای راگەیاند كە چیتر زوڵم و سته‌م و ژێردەستەیی قبوڵ ناكات و، خەبات و تێكۆشانی لەپێناو ئازادی و رزگاری تا سەربەخۆیی كوردستان بەردەوام دەبێت. لەكاتێكدا كه‌وا یادی راپەڕین دەكەینەوە، باشووری كوردستان و عێراق و ناوچەكە له‌ ره‌وشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان، له‌لایه‌ك تیرۆریستانی داعش شه‌ڕێكی دڕندانه‌ی نه‌خوازراویان سه‌پاندۆته‌ سه‌ر كوردستان و گه‌لی كوردستان له‌ شه‌ڕێكی چاره‌نووسسازدایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆریستاندا، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ چارەسەرنەبوونی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو ئابلوقە ئابوورییەی حكومەتی عێراق خستوویەتیە سەر كوردستان ئه‌ویش شه‌ڕێكی دیكه‌یه ‌و‌ به‌رۆكی كوردستانی گرتووه‌، بێگومان ئەم رەفتارەی حكومەتی عێراق دوورە لە یاساو دەستوورو كارێكی نائەخلاقی و نامرۆڤانەیەو رەفتارێكی ئەوپەڕی دڕندایەتییە بەرامبەر خەڵكی كوردستان و چی‌ له‌ هه‌ره‌شه‌كانی تیرۆیستانی داعش كه‌متر نییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ قه‌یرانی دارایی كوردستان و په‌رته‌وازه‌یی ناوه‌ندی سیاسی كوردستان، هەموو ئەو پرسانە خەڵكی كوردستانیان نیگەران كردووە، بۆ دەربازبوون لەو ناخۆشی و زەحمەتیانە پێویستیمان به رێكخستنه‌وه‌ی ناوه‌ندی سیاسی كوردستان و‌ راوێژی یه‌كترو یەكڕیزی و یەكدەنگی تەواوی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە، پێویستە ئەمەش بكەینە بنەمای كاری هاوبەشمان و په‌ند له‌وه‌ وه‌ربگرین كه‌وا چۆن راپه‌ڕینمان به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی كرد ئاواش ده‌توانین به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی ده‌سكه‌وته‌كانی راپه‌ڕێن بپارێزین و بیچه‌سپێنین و پێشیبخه‌ین، بێگومان رێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردستان و بەرنامە رێژی بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی نەتەوەیی بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان ده‌بنه‌ فاكته‌ری به‌هێزی مانه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنمان. لەم یادە شكۆدارەدا وێڕای پیرۆزباییمان بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، جەختدەكەینەوە سەرئەوەی كە پێویستە بەگیانی شۆڕشگێڕی راپەڕین درێژە بەخەباتی نەتەوەییمان بدەین و، كار بۆ وەدیهێنانی ئاواتەكانمان بكەین، هەروەها لەم یادەدا داوا لە حكومەتی كوردستان دەكەین، زیاتر ئاوڕ لەخەڵكی كوردستان بدەنەوەو هەوڵی زیاتر بدەن بۆئەوەی مووچەو قووتی پێشمەرگەو فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا دابین بكەن، لەبەر ئەوەی زۆربەیان ژیانیان لەسەر مووچەكانیانە، لەم یادەدا سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی راپەڕین و گشت شەهیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان دادەنوێنین. -شكۆدار بێت یادەكانی راپەڕین و سەربەرزی بۆ شەهید سەربەست مەحموودو تەواوی شەهیدانی كوردستان. -بێتەدی كوردستانێكی سەربەخۆو ئازاد و یەكگرتوو دیموكرات. مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK 14 ی رەشەمێ‌ / 2714 ی كوردی 5 ی ئاداری / 2015 ی زایینی

به‌روار:  04/03/2015
682   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   576
کۆی سه‌ردان:   29261055