کوردە فەیلییەکان داوای وەزاەرتێ دەکەن لە هەولێر
سامی فەیلی سەرۆكی كۆمەڵەی كوردە فەیلییەكانی هەرێمی كوردستان، داوا دەكات بەرپرسانی هەرێم بایەخی پتر بە فەیلییەكان بدات و بۆ ئەو مەبەستەش تەرخان كردنی وەزارەتێك بۆ كاروباری فەیلییەكان و راوێژكارێكی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەو مەبەستە بە پێویست دەزانێت. ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی زیاتر لە 100 كەس كۆمەڵەی كوردە فەیلییەكانی هەرێم لە هۆتێڵ ئاڵتون سەرای لە هەولێر، دووەم كۆنگرەی گشتیی خۆی بەست و سەرباری خوێندنەوەی راپۆڕتی سیاسی كۆمەڵەكە، هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەكە بەڕێوە چوو كە لەكۆی هەشت پاڵێوراو، پێنجیان سەركەوتن. سامی فەیلی باقر سەرۆكی كۆمەڵەكە لە خوێندنەوەی راپۆڕتی سیاسیی كۆمەڵەكە لەبەردەم ئەندامانی سەرباری روونكردنەوەی هەڵوێستی فەیلییەكان كە كوردی رەسەنن و بەشێكی جیانەكراوەن لە میللەتی كورد. وتی، ئەوان سەرباری قوربانییەكانییان رووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەتەوە لەلایەن حكوومەتی هەرێم و ناوەندەوە، ئەگەرچی ئەوان قوربانیی دەستی رژێمی پێشووتری عێراقیش بوون. فەیلی لەوبارەیەوە هەشت داواكاریی لە راپۆڕتی سیاسی كۆمەڵەكە خوێندەوە كە دیاریترینییان بریتی بوون لە "بەشداریی پێكردنی فەیلییەكان لەدەسەڵات و پەراوێز نەخستنییان، هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان ئەوانەی رۆڵەی فەیلییەكانی تێدایە لەلایەن وەزارەتیكاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی هەرێمەوە، پێدانی وەزارەتێك بۆ كاروباری فەیلییەكان و راوێژكارێكی سەرۆكی وەزیرانی هەرێمیش فەیلی بێت، باسكردن لە نەهامەتی فەیلییەكان لە سیستەمی خوێندن". كۆمەڵەی كوردە فەیلییەكان لە 19ی12/1998 لە هەولێر دامەزراوە و كۆنگرەی دووەمیشی كە ئەمڕۆ دووشەممە لە هەولێر بەست لەژێر ناونیشانی" وەفاداری بۆ شەهیدە فەیلییەكان". كوردە فەیلییەكان بەشێكن لە كورد كە لەسنووری نێوان ئێران و عێراق نیشتەجێن، بە زۆرینە لە ناوچەكانی جەلەولا و خانەقین و مەندەلی تا دەگاتە بەدرە و جەسان و كوت و نعمانییە و عەزیزیە كە ئەم ناوچانەش بە زۆرینە دەكەونە پارێزگای واست، هەروەها لە هەندی گوندی پارێزگاكانی میسان و رۆژهەڵاتی دیالەش هەن، جگە لەوانەش بەشێكیان لە ئێران دەژیین. كوردە فەیلییەكان بە ئاین ئیسلامن و سەربە مەزهەبی شیعە و بە دیاریكراوی مەزهەبی جەعفەری، قسەكردنیشیان بە زمانی كوردییە و جیاوازە لە شێوەزاری قسەكردنی كوردیی ناوچەكانی دیكەی وەكو سۆرانی و بادینی. پێشتر ژمارەیەكی زۆر لە كوردی فەیلی لە بەغدا دەژییان، بەڵام رژێمی سەدام حوسێن لە هەشتاكاندا زۆری لێ دەركردن و ئەوانیش بە ناچاری روویان كردە ئێران و دواتر بەشێكیان گەڕانەوە. 
کەی ئێن ئێن
به‌روار:  02/03/2015
736   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   542
کۆی سه‌ردان:   29261097