دیداری سەدام و دکتۆر فوئاد لە قاهیرە
ئامادەكردنی: غەسان شربل
وەرگێڕانی: ئەحمەد عەبدوڵا

لە كافتریایەكدا لە قاهیرە، دوو گەنجی عێراقی یەكتریان بینی، یەكەمین سەدام حسێن و دووەمیان فواد مەعسوم بوو. یەكەمیان بەعسییەكی تكریتی و دووەمیش كوردێك لە باكوری عێراق. لەوانەیە لەو كاتەدا هیچ كامیان پێشبینی ئەوەیان نەكردبێت رۆژێك لە رۆژان ببنە سەرۆكی عێراق. ئەم دوو كەسە یەكتریان بینیەوە لە سەردەمی سەرۆكایەتی سەدام حسێندا، بەڵام ئەوكاتە فواد مەعسوم وەك نوێنەری داواكاری مافەكانی كورد سەدانی كردبوو.

لێرەدا هەندێ‌ پرسیار لەسەر وێستگەكانی ژیانی پێش دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك كۆمار، لە بەشی دوووەم و كۆتایی لە فواد مەعسوم دەكەین.

•یەكەم دیداری خۆت و سەدام حسێنت لە بیرە لە قاهیرە؟
_ من ئەوم نەدەناسی، لە كافتریەك یەكترمان بینی كە بە زۆری عیراقییەكان روویان تێدەكرد و بەشداری كارای كردبوو لەهەوڵی كوشتنی عەبدولكەریم قاسمدا.

•ئەوە چۆن بوو؟
_ شتێكی زۆر گرنگ نەبوو، ئەوەنەبێت تەنها بەشداری كردبوو لە پرۆسەكەدا. ئەو خوێندكاری بەشی یاسا بوو، بەڵام ئەوەی من لە هاوپۆلەكانیم بیستبێت بەشداری نەدەكرد لە وانەكانیدا.

•كات تێپەڕبوو، تۆ سەدامت بینیوە، چۆن؟
_ كاتێك بوبووە سەرۆك كۆماری عێراق و دوای ساڵێك لە گفتوگۆی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و حكومەتی عێراق لە ساڵی 1984 دا.

•گفتوگۆكان چۆن بوون؟
_ بۆ چاوخشانەوە بە حوكمی زاتی، ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك، هەروەها بەنسبەت بەرەی عێراقییەوە( بەرەی نیشتیمانی و نەتەوەی پێشكەوتوو) كە پێكهاتبوو لە حزبی بەعس، حزبی شوعی و هەندێ‌ حزبی كوردی و عەرەبی دیكە. من لەوكاتەدا سەرۆكایەتی وەفدەكەم دەكرد و وەفدی ئەوانیش عەلی حەسەن مەجیدی سەرۆكایەتی دەكرد و لەو كۆبونەوانەدا لەسەر پێنج بڕگە رێككەوتین، دەربارەی حوكمی زاتی و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و بەرەی نیشتیمانی، بەڵام لەسەر هەندێ‌ لە بەیانە سیاسییەكان رێكنەكەوتین.

•ئەوە لە كاتی جەنگی عێراق-ئێراندا بوو؟
_ گفتوگۆ لەكاتێكدا دەستی پێكرد، سوپای عێراق لە بەرەكانەوە كشابونەوە. رۆژێك بەرێز قاسملۆ، پرسیاری لە سەدام حسێن كردبوو، كە بۆچی سود لە كوردەكانی عێراق وەرناگرێت و بەشدارییان پێبكات لە شەڕی ئێراندا. دواتر قاسملۆ بە مام جەلالی وت و سەدام حسێنیش ئامادەی بۆ گفتوگۆ دەبڕی، قاسملۆ كەوتە نێوان هەردوو وەفدەكە و بەشداری یەكەم یەكتربینینی كرد، كە لە یەكێتی لەلایەن تاڵەبانی و لایەنی عێراقیش سەدام حسێن سەرۆكایەتی دەكرد. گفتوگۆكان دەستی پێكرد و بۆ ماوەی ساڵێك شەڕ لەنێوان هەردوولادا وەستا و لەو ماوەیەدا عیزەت دوری و عەلی حەسەن مەجید سەردانیان كردین.
سوپای عێراق خۆی رێكدەخستەوە و لەهەندێ‌ بەرەوە سەركەوتنی بەدەستهێنا و چاوەڕوانی راگەیاندنی رێككەوتن بوین. لەگەڵ عیزەت دوری دانیشتبوین وتی، دەبێت بچمەلای سەرۆك و پێی بڵیم لەسەر هەموو شتەكان رێككەوتوین و چاوەڕانی رێككەوتنین، منیش پێموت تێبینیمان لەسەر هەندێ‌ لەشتەكان هەیە و دەبێت لەگەڵ سەرۆك قسەبكەین، بەڵام كە گەڕایەوە هیچ دڵخۆش نەبوو.
لەسەر بونی حزبەكانی تریش رێككەوتین، چونكە پێمانوابوو ئەگەر هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نیشتیمانی بكرێت ئەوان دەتوانن كورسی بێنن، بۆیە وتمان دەبێت ئەوانیش بێنە بەرەی نیشتیمانییەوە. دوو رۆژ دواتر سەدام حسێنم بینی، هەروەها تاڵەبانیش پرسیاری لە عیزەت دوری كرد، كە لەگەڵ عەلی حەسەن مەجید بوو، وتی، ئایا رێككەوتنی ئێمە هاوكات بوو لەگەڵ رێككەوتنی عێراق و توركیا؟ عیزەت دوری دەستی بە جنێودان بە تورك و توركیاكرد و ئەوەیش مانای ئەوەبوو ئەوان دەستیان وەردابووە رێككەوتنەكەوە.
میوانەكانی سەدام حسێن دانیشتبوون چاوەڕوانیان دەكرد، بەڵام كاتێك ئێمە سەردانمانكرد، سەدام خۆی لە دەرەوەی نوسینگەكەی چاوەڕوانی دەكردین. نزیكەی دوو كاتژمێر قسەمان كرد، سەدام زۆر بە باشی و بە ئەدەبەوە قسەی دەكرد، بەڵام قسەكانی هەموومانی وەستاند"ئێمە نامانەوێت لەسەر گفتوگۆكانمان بەردەوام بین"، دواتر من بۆچونم وابوو، كە گفتوگۆكانمان سەركەوتوو نابێت، چونكە پێموابوو سەدام حسێن لە شتێك دوودڵ بوو. دوای مانگ و نیوێك دوو وەفدی تری نارد و وتی بەردەوام دەبین لە وتووێژ، بەڵام ئێمە رۆژی 17 كانونی دووەمی 1985  كۆتایهێنانی رێككەوتنەكەمان راگەیاند و شەڕمان دەستپێكردەوە.

•چیتر بیرماوە لە گفتوگۆكان، باسی شەڕی عێراق-ئێرانتان نەكرد؟
_ من لەگەڵ تاڵەبانی و فەرەیدون و عومەر عەبدولعەزیز بووم. سەرەتا تاڵەبانی ئێمەی بە سەدام حسێن ناساند، دواتر سەدام دەستی كرد بە باسكردنی سەروەری عێراق و مێژووی عێراق، نەبوغەزنەسەر و سۆمەرییەكان و ئاشورییەكان. ئەم وتوێژە نزیكەی 20 دەقەی خایاند و لەسەر ئەوانە قسەمان كرد كە لەسەر رێكبوین و ئەوانەیش كە رێكنەكەوتبوین لەسەری. مام جەلال هیچی تری نەوت، بەڵام سەدام حسێن وتی، ئەگەر نەمانتوانی رێككەوین ئەوام ئێمە هەر لە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئێوە بەردەوام دەبین.

•ئێوەی بە یارمەتیدانی ئێران تۆمەتبار نەكرد؟
_ لەم بوارەوە زۆر بە ئەدەبەوە قسەی كرد و باسی ئێرانمان نەكرد.

مەسەلەی كەركوك؟

•لەسەر كەركوك گفتوگۆتان كرد، لەسەرچی رێككەوتن؟
_رۆژێك لە كاتژمێر 12 و نیوی نیوەڕۆ، چوین و لە پێش چاوی بەشێك لە سەركردەكان لە پڕ پرسیاری كەركوكیان كرد و ویستیان شەرمەزارمان كەن، بەڵام ئێمە خۆمان ئامادەنەكردبوو، ئیتر گفتوگۆكان درێژەیان كێشاو باسی زۆر مەسەلەی گرنگتركران. بەڵام پێشنیازی ئەوەكرا كەهەموو بابەتەكان یەكلای بكرێنەوە و دواتر باس لە ئاسایكردنەوەی بارودۆخی كەركوك كرا. هەنگاوی یەكەم وتما دەبێت، رێگری لەسەر ناونانی بازاڕ و شوێنەكانی نیشتەجێبون هەڵبگیرێت، هەروەها قەدەغە هەڵبگیرێت لەسەر كڕینی خانوو  دروستكردنی لەلایەن هاوڵاتیانی كوردەوە و لەسەر ئەمانە رێككەوتین و دوای ئەوە بە هیلاكی گەڕاینەوە بۆ هۆتێل، بەڵام هەستمان بە سەركەوتنێكی گەورە دەكرد. دوای ئەوە لەلایەن بەرێوەبەری نوسینگەی عەلی حەسەن مەجیدەوە ئاگادارییان كردین، كە كێشەیەك لە مۆری رێككەوتنەكەدا هەیە و دەبێت دووبارە ئیمزای بكەینەوە، بەڵام ئێمە وتمان تازە رێكەوتنەكەمان ناردوە بۆ تاڵەبانی. شۆفێرێك هات و لە بەردەرگای هۆتێلەكە چاوەڕوانی دەكردین، كە چوین هەستمكرد سەدام حسێن لە رێككەوتنەكە رازی نەبوو، بۆیە فەرمانی پێكردبوون رێككەوتنەكە دەستكاری بكەن، هەرچەندە ئێمە لە راستی بەیانی دواتر رێككەوتنەكەمان نارد بۆ تاڵەبانی.

•گفتوگۆلەگەڵ عیزەت دوری و عەلی حەسەن مەجیدا قورسە؟
_ بەڵێ‌ گفتوگۆكردن لەگەڵ عیزەت دوریدا قورس بوو، بەتایبەتی كاتێك تاڵەبانی و بارزانی بونیان هەبوایە، ئەگەر ئەویش نەبوایە ئەوا تارق عەزیز لەوێ‌ دەبوو.

•ئەی تارق عەزیز چۆن بوو؟
_ تارق عەزیز لە گفتوگۆی ساڵانی 1991-1992 رۆڵی گەورەی بینی.

•لەگەڵ بارزانیدا بەشداری وەفدی گفتوگۆتان كردوە؟
_ بەڵێ‌ دووجار سەرۆكایەتی وەفدی كردوە، جارێك لەلایەنی یەكێتییەوە نەوشیروان مستەفا بەشداری كردوە و جارێكی تریش من لەوێ‌ بووم، خاوەنی بیرێكی بەهێزە و جەغت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە قسەی لەسەر دەكرێت.

•ئەی عەلی حەسەن مەجید؟
_ عەلی كەسێكی خوار و خێچ بوو، هەروەها حسێن كامل.

• حسێن كاملیش وابوو؟
_ بەڵێ‌ رۆژێك ویستمان كۆبونەوەكە جێبهێڵین، بەهۆی ئەو قسە رەقانەی حسێن كامل كردی.

•عەلی حەسەن مەجید چۆن قسەی لەگەڵ دەكردن؟
_ قسەمان لەسەر زەروزیانی كورد كرد لە پرۆسەی ئەنفالدا، كە نزیكەی 182 هەزار كەس بوون. دواتر ئەو وتی لەسەر ئەو بابەتە قسە دەكەن، ئێمەش وتمان ئەوە مەسەلەیەكی یاساییە و پەیوەندی بەو كەسانە وكەسوكارییانەوە هەیە و ئەوە زیانێكی گەورەیە، بەڵام ئەو وتی ژمارەی بەو جۆرە نیە و كەمترە، لەوكاتە مەحمود عوسمان گوێی لێبوو ئەویش وتی بەڵێ‌ 50 هەزار كەس تێپەڕناكات.

•قسەتانكرد لەسەر بۆمبارانی هەڵەبجە و هۆكارەكانی؟
_ جەغتمان لەسەر رێككەوتن دەكردەوە، تا رێگری لە حاڵەتی لەو شێوەیە بگرێت لە داهاتودا.

•بارزانی لە كۆبونەوەدا بەشداری كردوە، كە سەدام حسێنیش بەشدرابوبێت؟
_  بەڵێ‌، چەند جارێك.وەفدەكە پێكهاتبوو لە من لە یەكێتی، عەدنان موفتی لە سۆسیالیست، مەحمود عوسمان و سامی عەبدورەحمان لە حزبی گەل.
•ئەوە دواین گفتوگۆتان بوو لەگەڵ سەدام حسێن؟
_  لە چەند كاتێكدا نوێنەری هات، وەك بەرێوبەری هەواڵگری.

•ئاشنایەتیت لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری عێراق هەبوو؟
_ بە فازل باراكیان ناساندم، سروشتی وەك تارق عەزیز وابوو، لەو ڕوانگەوەی پێویستمان بە كەشێكی هێمن و لەبار هەبوو بۆ گفتوگۆ.

•سەدام حسێن هەوڵی دەدا، جیاوازییەكانی بارزانی و تاڵەبانی زەق بكاتەوە؟
_ تێبینی ئەوەم نەكردوە، لە كۆبونەوەی ساڵی 1992 دا، بارزانی و تاڵەبانی ئامادەبوون.

•دوای ساڵی 1992 گفتوگۆكانیش كۆتاییان پێهات؟
_ نەخێر، هەندێ‌ نوێنەر هاتن، وەك بەرێوەبەری ئاو بۆ باسكردنی ئاوی بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان، یان كردنەوەی بیری نەوت لە ناوچەی كۆیە. پێویستمان بە نەوت بوو، بۆیە ئەوانیش چەند ئەندازیارێكیان نارد بۆ كردنەوەی بیرەكان و شێوازی دەرهێنانی نەوتمان وەك 70 ساڵ پێشتربوو، ئەوەیشی بەرهەمهەمان دەهێنا دەگەیشتە 45 بەرمیل نەوت لە رۆژیكدا.

•كەی تاڵەبانی پێیوتیت، كە ئەمەریكییەكان دەیانەوێت رژێمی سەدام حسێندا بروخێنێت؟
_ لە كۆنگرەی ساڵی 2002  لەندەندا، كە لە 15-17 كانونی یەكەمدا سازكرا و بارزانی و تاڵەبانیش بەشداریان كرد و سەفەرێكی نهێنیان كرد و بەشێك لە بەپرسانی ئەمەریكا بەشداریان كرد، لەوێنەی زاڵمای خەلیل زاد.

•دوای روخانی رژێمی سەدام حسێن، ئەمەریكییەكان پێشنیازی پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیان كردبوو بە سەرۆكایەتی تاڵەبانی بەڵام سەرینەگرت؟
_ جەنەراڵی جەناڵی خانەنشینی ئەمەریكی جایگارنەر، پێشنیازی دروستكردنی حكومەتێكی كاتی كردبوو و داوای لە تاڵەبانی و بارزانیش كرد بچنە بەغداد و هاوكاری بكەن، بەڵام دواتر ئەنجومەنی حكوم پێكهاتوو و بارودۆخ ئالۆزتربوو.

•خومەینیت لە پاریس بینی دواتریش لە تاران چیت بیردەكەوێتەوە؟
_ پێمانوت دەتوانین یارمەتیت بدەین و بەپێی ئەو ئەزمونەی هەمانە مەشق بۆ كادیرەكانت بكەینەوە، هەروەها چەكت بۆ بگوێزینەوە بۆ ئێران، بەڵام ئەو وتی، كە شۆڕشەكەیان ئاشتییانەیە و پشت بە پرۆسەی(اللە اكبر) دەبەستێت و چاوەڕوانی فەرمانی ئەون بۆ دەستپێكردنی شۆڕش، بەڵام ئەگەر سەركەوتوو نەبین دەست ئەبەین بۆ چەك، دواتر پێمان وتەوە كە ئەوكاتەیش دەتوانین یارمەتی بدەین، بەڵام ئەو وتی سوباس پێویستمان نابێت.
دوای گەڕانەوەیشی بۆ ئێران سەردانمان كرد بۆ بەخێرهاتنەوەی و پێمانوت سەبارەت بە و چەكانەمان كە ئێران دەستی بەسەرداگرت بوو، بەڵام ئەو وتی، من پیاوێكی ئاینیم و پەیوەندیم بە حكومەتەوە نیە. ئێمەش پێمانوت، راستە بەڵام قسەكانی تۆ كاریگەری هەیە و حسێن خومەینی كوڕەزات بابێت لەگەڵمان بۆ لای سەرۆك وەزیران مەهدی بازرگان و یارمەتیمان بدات، لەوكاتەشدا سەرۆك وەزیرانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، كە كەسێك بوو بە ناوی دەروێشی فروهەر، راسپاردبوو.

•ئەو چەكانە لە كوێوە هاتبون؟
_ چەكی شۆڕشی كوردبوون، هەندێكی لە سوپای عێراقەوە دەستكەوتبوو، هەندێكی تری لە دەرەوە هێنرابوو، سەرچاوەكانیان جیاوازبون.

•چەكی سوریا و لیبیا نەبوون؟
_ نا، تا ئەوكاتە هێشتا پەیوەندیمان لەگەڵ سوریادا نەبوو.

•ئێرانییەكان پێیانخۆش بوو كە سەرۆكایەتی عێراقت وەرگرت؟
_ نەیانوتوە، كە لەگەڵمن یان دژی من، بەڵام باڵیوزی ئێران پیرۆزبای حەسەن رۆحانی پێگەیاندم.

•دوای ئەوەی بویت بە سەرۆك قاسمی سولەیمانیت بینیوە؟
-لە میانەی سەردانێكی پەرلەمانیدا بۆ ئێران بینیمان، ئەوكاتەی دایكی مردبوو، لەوێ‌ وینەیان گرت و دواتر هەندێ‌ لە رۆژنامەكان هێرشیان كردینەسەر، بەڵام من قاسمی سولەیمانی ماوەیەكی درێژە دەناسم.

•قاسمی سولەیمانی لە هەشتاكانەوە دەناسی؟
_ لە كۆتایی هەشتاكانەوە دەیناسم كە هاوكاتە لەگەڵ مەسەلەی ئۆپۆزسێونی عێراقی.

•ئەوە سیفاتی سەرۆكە، كە كوردبێت و بە فارسی قسەبكات؟
_ بێگومان نا، بەڵام من لە قاهیرە فێری فارسی بووم. ئەوكاتەی لەگەڵ ژمارەیەك خوێندكاری ئەفغانیدابووم كە بە فارسی قسەیان دەكرد، زمانی كوردیش وشەی فارسی تێدایە وەك لە عەرەبیشدا هەیە.

•تۆ مەلا مستەفای بارزانیت دەناسی؟
_ بەڵێ‌، چەندجارێك بینیومە. هاوڕێی مەلا مەعسومی باوكم بوو. مەلا مستەفا پیاوێكی بەناوبانگ بوو، یەكەم پیاوێكی ئاینی بوو، كە رووبەڕووی عەبدولكەریم قاسم بوەوە و بەهۆیەوە ساڵێك زیندانی كرا و دواتر بەهەوڵی چەند كەسایەتیەك ئازادكرا و گەڕایەوە بۆ كۆیە و لەوێوە شۆڕشی دەستپێكرد.
بارزانی پیاوێكی گەورەبوو، فەرماندەی گشتی هێزی چەكداری كۆماری مهاباد بوو. جارێك پەیامێكی بە شەوكەت عەقراویدا ناردبوو، كە نوێنەری بزوتنەوەی شۆڕشی كوردبوو لە قاهیرە و منیش جێگری بووم. نامەكەی بۆ لوتكەی عەرەبی ناردبوو لە دارلبەیزا و داوای چارەسەری كێشەی كوردی كردبوو، هەروەها باسی لەوەشكردبوو، كە ئەگەر كێشەكان چارەسەرنەكرێن، ئەوا كێشەی كورد دەبێتە قوبرسێكی ترن كە ئەوكاتە كێشەی قوبرس میدیاكانی تەنیبوو. دواتر من لەگەڵ پەیامەكە گەڕامەوە بۆ گوندێكی دورە دەست و شەو درەنگانێ‌ گەشتمە ئەوێ‌ و هەندێ‌ چادیری لێبوو، كە چرایان هەڵكردبوو، دەنگێكی جیاوازترم گوێ لیبوو، ئەوە دەنگی مەلا مستەفا خۆی بوو. چومە ژورەوە و تا دەقەیەك هیچم نەوت، دواتر داوای لێكردم نامەكە بخوێنمەوە، ئینجا منیش نامەكەم خوێندەوە، هیچی نەوت تا ئەوكاتەی گەیشتە بەراودكردنی كورد لەگەڵ قوبرس، لێرەدا وەستا و وتی دووبارەی بكەرەوە.

•دەتوانی پێناسەی پەیوەندی خۆت لەگەڵ مەسعود بارزانی بكەیت، بەتایبەتی تۆ لە یەكێتی نیشتیمانیت؟
_ ئاساییە بۆچۆنی جیاوازمان هەبێت، ئێمە لە دوو حزبی جیاوازین، بەڵام بۆچونی جیاوازیش رێزلێگیراوە. من خۆم 23 رۆژ لای پارتی دەستبەسەربووم.

•لە كام ساڵدا؟
_ لە 31 ئابی 1996 دا.

•ئەوە جاری یەكەم بوو كە تۆ زیندانی بكرێیت؟
_ بەڵێ‌، ئەوە یەكەمجارم بوو لە ژیانمدا زیندانی بكرێم.

•لە كوێ‌ زیندانی بوویت؟
_ لە مەسیف سەلاحەدین.

•ئەوكاتەی هەردوو حزبەكە لە شەڕدابوون؟
_ كە هێرشەكە دەستپێكرد من لە هەولێرم، وتیان دەبێت هەولێر جێبهێڵیت، منیش رەتمكردەوە، چونكە ئەوە دەبوە هۆكاری شكستی یەكێتی، بەڵام ناچاربوین شەوەكەی هەولێر جێبهێلین، بەڵام پارتی پێیانزانین و دەستگیركراین. بە رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ كردم و دوای 23 رۆژ كە زانیان هاوكارییان لەگەڵ ناكەم، دواتر رۆژێك پێش ئازادكردنم بارزانیم بینی، ئەو وتی، دەمانەوێت بتپارێزین و نامانەوێت لە هەولێر بمێنیتەوە، چونكە ئەوكاتە ژیانت دەكەوێتە مەترسییەوە و بەرپرسیارەتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئێمە، بۆیە نزیكی سنوری ئێران دەكەینەوە، ئەو كات پێگەی سەرەكی یەكێتی و مام جەلال لە ئێران بوو.

•لەوكاتەدا پەیوەندییەكانی تاڵەبانی و بارزانی ئاڵۆزبوو؟
_ ئاڵۆزبوون، بەڵام تاڵەبانی دەست پێشخەری كردوو یەكلایەنە شەڕەكەی راگرت. ئەو دەیویت لەو شەڕەدا كەس سەركەوتونابێت، مام جەلال وتی من دەچم بۆ لای بارزانی، بەڵام ئەو رەتیكردەوە.

•ئەحمەد چەلەبی رۆڵی سەرەكی لە نزیككردنەوەی بارزانی و تاڵەبانی دەبینی؟
_ رۆڵی نایابی دەبینی، هەوڵی دەدا بۆ رازیكردنی هەردوولامان. هەروەها چەلەبی رۆڵی سەرەكی گێرا لە دەركردنی یاسای رزگاركردنی عێراق لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكا، هەروەها رۆڵی لە كوردستان.

   سەرچاوە: رۆژنامەی حەیات
خەڵک
به‌روار:  01/03/2015
1277   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   243
کۆی سه‌ردان:   29231621