"پارتی، گۆڕانیش بە دەردی یەكێتی دەبات"
پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ یەكی ئادار پشوەكەی تەواو بوو، سبەینێ‌ سێ‌ شەممە دەست بە دانیشتنەكانی دەكاتەوە و كارە لە پێشینەكانیشی پرۆژەی دەستور دەبێت.
دەستوری هەرێم
پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان لە خولی دوەمی پەرلەمانی كوردستان (زۆرینە یەكێتی و پارتی) پەسەند كراوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لەسەر ناوەرۆكەكەی و سیستمی حكومڕانی هەرێمی كوردستان نەخراوەتە ڕاپرسی.

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ویلایەتەكەی لە خولی سێیەمی پەرلەمان بە دەنگی پەرلەمانتارانی یەكێتی و پارتی لە حوزەیرانی 2013 تاكو ئابی 2015 درێژكرایەوە، ئەو داوای كرد لە خولی چوارەمی پەرلەماندا بە زوویی مەسەلەی دەستور یەكلابكەنەوە.

فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێدا بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوە كرد، سبەینێ یەكەم دانیشتنی خولی گرێدانی دوەم دەست پێ دەكاتەوە، دەستپێكی كارەكانمان ئامادەكردنی دەستورە بۆ ڕاپرسی.

سكرتێری پەرلەمان ڕونیكردەوە، لیژنەیەكی 21 كەسی لە كەسانی ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان پێكدەهێندرێت و دەنگی لە سەر دەدرێت، ئەو لیژنە كاردەكات بۆ وەرگرتنی پرۆژەی حزبەكان و ڕاوبۆچونی كەسانی شارەزای بوارەكەو پرۆژەكە هەموار دەكەنەوە، دواتریش لە پەرلەمانی كوردستان دەخرێتەوە دەنگدانەوە.

وتیشی :"ئەگەر پڕۆژەكە لە لایەن پەرلەمانەوە دەنگی لە سەر دراو پەسەندكرا، ئەو كات سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەرێمی كوردستان وادەیەك بە خستنە ڕاپرسی دەستورەكە دیاری دەكەن".

درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بارزانی لەبری دەستور
كەمتر لە پێنج مانگ ماوە بۆ تەواوبونی ویلایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەوەش پەیوەستە بە پرۆژەی دەستور و پەسەندكردنی.

لەهەرێمی كوردستان دوو بۆچون لەبارەی سیستمی حكومڕانیەوە هەن، یەكێكیان كە پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەندارێتی لێ دەكات، سیستمی سەرۆكایەتییە، ئەوەی دیكە كە زیاتر بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی دەكەن، سیستمی پەرلەمانییە، بەڵام ئەوەی هەموان كۆدەكاتەوە، ئەوەیە دەڵێن دەبێت دەستور ئیتیفاقی لە سەر بكرێت.

پرسیار ئەوەیە ئایا تا مانگی ئاب پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت پرۆژەی دەستور پەسەندبكات و بیشیخاتە ڕاپرسیەوە؟ لەمبارەیەوە فەخرەدین قادر وتی :"هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەستور هەیە، بۆیە ناكرێت چیتر دەستور بكرێتە قوربانی حزبەكان، پێویستە بەرپرسیارەتی مێژوویی هەڵبگیرێت و چیتر دوانەخرێت".

ئەگەر دەستور پەسەند نەكرێت تا مانگی ئاب، ویلایەتی سەرۆكی هەرێم تەواو دەبێت، ئەو كات باس لە ڕێگەچارەكانی پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكرێ كە بە بەتاڵی دەمێنێتەوە.

حزبەكان باس لە درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی دەكەن
لە ئێستاوە مقۆمقۆی درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی لەنێو سێ‌ حزبە گەورەكەی هەرێمی كوردستان لە ئارادایە، نەك پەسەندكردنی دەستور و پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم بە پێی ئەو دەستور و ڕێگەیەكی دیموكراسی.

ئەگەرچی هەمو حزبەكان بە زووی دەزانن قسە لەبارەی درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بارزانی بكەن، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ میدیا و بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە پێویستی و زەرورەتی درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی دەكەن.

هەرچی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی خاوەن ڕێككەوتنی ستراتیژی و هاوكاری سەرەكی درێژكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان و وەرگری چێژی شكستێكی گەورەی هەڵبژاردن كە بەوتەی چاودێران بە درێژكردنەوەی ویلایەتەكەی بارزانی بوە، ئێستا بەهۆی پشتگیری بەشێكی یەكێتی لە درێژكردنەوەی ویلایەتەكە و ڕەتكردنەوەی بەشێكی دیكەیان بۆ جارێكی دیكە، كێشە نێوخۆییەكانی ئەم حزبە هێندە دیكە قوڵ بونەوە.

لەبارەی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە، دوای سەردانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی حزبەكە بۆ لای بارزانی لە هەفتەی ڕابردو، هەندێ لە میدیاكانی پارتی باس لە قایلبونی گۆڕان بە درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی دەكەن، بەڵام بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان ئەمە ڕەت دەكەنەوە.

یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش كە دوو پارتی ئیسلامی پێكهێنەری حكومەت و پەرلەمانن بێ دەنگیان لەسەر ئەم پرسە هەڵبژاردوە، ئەوان دەڵێن جارێ زوە بۆ قسەكردن لە سەر ئەم پرسە، بەڵام چاودێران پێیانوایە، بێدەنگی ئەوان، واتە قایلبون بە درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی دەگەیەنێت.

پەرلەمانی كوردستان لە 30ی حوزەیرانی 2013 دوای مشتومڕێكی زۆر لە سەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم و خۆپاڵاوتنی چەند كاندیدێك لە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا پرۆژەیاسایەكی یەكێتی و پارتی گەیەندرایە پەرلەمان و بەماوەیەكی كەم سەرباری ناڕەزاییەكانی ئەو كاتی ئۆپۆزسیۆن پەسەندكراو ویلایەتی بارزانی درێژكرایەوە.

چاودێران ڕەخنە لەوە دەگرن كە پەرلەمان لە هەندێ حاڵەتدا كار بۆ بەیاساییكردنی بڕیارە حزبییەكان دەكات، بۆ نمونە دور نییە هەمان سیناریۆی 2013 دوبارە بێتەوە و بە ئیتیفاقی پێنج حزب لە بری دوو حزب ویلایەتی بارزانی درێژبكرێـتەوەو پرۆژەی دەستوریش پشتگوێ بخرێ.

بەڵام سكرتێری پەرلەمانی كوردستان پێداگرە لەوەی پەرلەمان بڕیار و كاری یاسایی دەكات، پەرلەمانتاران بە گشتی نوێنەری هەمو هاوڵاتیانن، نەك بەتەنها حزبەكان.

لەبارەی ڕێگەچارەكردنی پڕكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لە حاڵی پەسەندنەكردنی دەستوردا، وتی :"دەبێت ئەو كات بیر لە ڕێگەچارەیەكی دیكە بكەینەوە".

بارزانی 24 ساڵە سەرۆكی ئەم هەرێمەیە
ئەحمەد میرە مامۆستای زانكۆ لە وتارێكدا ئاماژە بەوە دەكات :"بەپێی ڕێككەوتنی (30)ی حوزەیران كاتی ویلایەتە بۆ درێژكراوەكەی كۆتایی پێدێ‌، ئەم درێژكردنەوەیە بۆ بارزانی بوو بە خێر‌و هیچی وایشی نەمابوو سەری یەكێتی بخوات‌و لەگۆڕەپانی سیاسی بیكاتەدەرەوە".

میرە دەشنوسێت :"مەسعود بارزانی بەشێوەیەكی كرداری لەمانگی ئازاری (1991)ەوە حكومڕانی هەرێمە، یاخود بەدیاریكراوی لەو كاتەوە بەشێكی زۆری جوگرافیای هەرێمی بەڕێوەبردووە، رێك تا ئێستا ئەم پیاوە (24) ساڵە پیاوی یەكەمی هەرێمە".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەكات :"لەدنیای بەڕێوەبردندا (24) ساڵ‌و (5) مانگ ماوەیەكی ئێجگار زۆرە لەبەردەم كەسی یەكەمدا، بۆ ئەوەی گۆڕانكاریی گەورە‌و مەزن ئەنجامبدا، ئەگەر نەیتوانی، دەبێ‌ خۆی بڕیاری ئەوە بدا كە كورسییەكەی چۆڵبكات‌و بە خەڵك بڵێ‌ ئەوەی تا ئێستا بە من كراوە ئەوەیە كە بینیوتانە".

ئەوەشی خستووەتەڕو :"مانگی ئاب كۆتایی بە ماوە درێژكراوەكەی دێ، وەك پێشتر وتمان، یەكێتی لەدرێژكردنەوەی ئەم ویلایەتەدا باجی زۆری دا، لەئێستاشدا بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستاندا باڵادەستە‌و هێزەكانی تری ئۆپۆزیسیۆنیش پێگەیان لەپەرلەماندا دیارە، لێرەوە دەكرێ‌ ئەو خاڵە بورووژێنین؛ ئایا درێژكردنەوەی جارێكی تری ویلایەتی بارزانی لەپەرلەماندا (گۆڕان)یش بەدەردی یەكێتی دەبا، یاخود بەپێچەوانەوە ئەم بابەتە دەبێتە قومبەلەیەكی سیاسی‌و جارێكی تر دەستكاریی نەخشەی سیاسیی هەرێم دەكا؟".
دەشڵێت:"مانگی ئاب بۆ بارزانی‌و گۆڕان‌و یەكێتییش مانگێكی چارەنوسساز دەبێت‌و پێویستە هەموویان بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوەدا بكەن كە لەم مانگەدا روودەدا، دەشبێ چاوەڕێی ئەوە بین مانگی ئاب وەك جارانی پێشوو بۆ بارزانی یان خەڵكی كوردستان بە خێر دەشكێتەوە؟".
خەڵک
به‌روار:  01/03/2015
2197   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   696
کۆی سه‌ردان:   29262218