مەلاکەی هەولێر نێرباز بووە
رووداو- هەولێر

زیاتر لە دوو هەفتەیە مەلایەكی شاری هەولێر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە و ئێستا لە زیندانی گرتن و گواستنەوەیە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گرتنی ئەو مەلایە دەڵێت "بە تۆمەتی نێربازی دەستگیركراوە و لە لێكۆڵینەوەشدا دانی بە تاوانەكەدا ناوە".

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، مەلا (ئـ) پێشنوێژ و وتارخوێنی یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری هەولێر، نزیكەی دوو هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ چەند گەنجێكی دیكە لە قەزای بنەسڵاوە دەستگیركراوە.

سەرچاوە ئاگادارەكە بە (رووداو)ی گوت "ئەو مەلایە لە بنەسڵاوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە و بەپێی مادەی 401 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و ئێستا لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی هەولێرە".

عەلی وەلی، موختاری ئەو گەڕەكەی مزگەوتەكەی لێیە، ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە ئەو مەلایە دەستگیركراوە و گوتی "ئێمەش وەكو ئێوە بیستوومانە كە دەستگیركراوە، بەڵام نازانین لەسەر چی گیراوە". گوتیشی "ئەو مەلایە تازە هاتووەتە ئەو مزگەوتەی گەڕەكەكەمان، پێشنوێژ و وتارخوێن بوو، بەڵام ئێمە هیچ زانیاریمان لەبارەی نییە، چونكە كەسێك كە دێتە گەڕەكەكەمان دەبێت فۆرمێك لەلای موختار پڕبكاتەوە. فۆرمەكە زانیاری كەسیی تێدایە لەبارەی ناوی سیانی خۆی و هاوسەر و منداڵەكانی لەگەڵ پیشەكەی، بەڵام ئەو سەردانی ئێمەی نەكردووە، بۆیە نازانین ئەو كەسە كێیە و لە كوێ‌ هاتووە".

(رووداو) پەیوەندی كرد بە مەلا عەبدوڵڵا سەعید، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی، بەڵام ئەو رەتیكردەوە كە ئەو مەلایە ئەندامی ئەوان بێت و گوتی "هیچ مەلایەك بەو ناوە ئەندام نییە لەلای ئێمە". مەلا سەعید گوتیشی "كەسێك كارێكی وا ئابڕووبەرانەی كردبێت، هەر مەلا نییە و گوناهە پێیبگوترێ مەلا".

سەبارەت بە وەرگرتنی ئەو مەلایە بە ئەندام لە یەكێتییەكەیان لە ئایندەدا، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی گوتی "ئێمە ناتوانین پێش بڕیاری دادگا بكەوین، چونكە ئەو جارێ تۆمەتبارە و هێشتا تاوانەكەی بەسەردا ساخ نەبووەتەوە".

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پێشووی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف، دوای بیستنی هەواڵەكە پرسیاری لە كارمەندان و بەڕێوەبەرانی وەزارەتی ئەوقاف كردووە، بەڵام هەموویان گوتوویانە ئەوان ئاگاداری گرتنی ئەو مەلایە نین. 

مەریوان نەقشبەندی گوتی "ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین لەم ماوەیەدا تەنیا یەك مەلا لە دارەتوو دەستگیركراوە، بەڵام پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە، بەڵكو بەتۆمەتی ئەوەی خەڵكی هانداوە بۆ چوونە ناو داعش دەستگیركراوە".

سزاكەی چییە؟

ئەو جۆرە تاوانانە دەچنە بابی سێیەمی یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969 لە یاسای سزادانی عێراقی كە بە بابی (الفعل الفاضح المخل بالحياء) ناسراوە و مادە 400 تاوەكو 404 دەگرێتەوە. ئەم مەلایە بەپێی مادەی 401ی ئەو یاسایە دەستگیركراوە.

لە مادە 401ی ئەم یاسایەدا هاتووە "ئەوەی كردەوەیەكی ئابڕووبەرانەی لێ ئاشكرا ببێ، بە بەندكردن سزا دەدرێ كە لە شەش مانگ زیاتر نەبێ، هەروەها بە سزایەكی دارایی كە لە پەنجا دینار زیاتر نەبێ، یان بە یەكێ لەم دوو سزایە".
ڕووداو
وێنەکە  لە ئەرشیفەوە وەرگیراوە
مالمۆکورد
به‌روار:  24/02/2015
4805   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   505
کۆی سه‌ردان:   29261111