گٶڕان لە هەزار پۆستی ناو حكومەت تەنیا ٧ حەوت، پۆستی وەرگرتوە

ڕۆژی  دوو شەممە،  نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەسەردانێكی ڕانەگەیەنراو گەیشتە هاوینە هەواری پیرمام و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێم كۆبۆوە، لەهەمان كاتدا وەفدی دانوستانكاری گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری پارتی كۆبونەوەیەكی دیكەیان كرد.

بە پێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەی بارزانی و نەوشیروان مستەفادا بە وردی ڕەوشی بەرەكانی جەنگی  ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ چەكدارانی "داعش" خرایە بەرباس و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەرز نرخێندران.

هەر لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە :" بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا خرایە بەر باس و ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بە هەنگاوێكی ئیجانی لەقەڵەم درا".

لە بەشێكی تری  راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، سەرۆكی هەرێم و نەوشیروان مستەفا لە دانیشتنەكەدا جەختیان لەسەر یەك دەنگی و یەك هەڵوێستیی هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان كردۆتەوە  و بەڕێزەو باسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانیان كردووە و تەئكیدیش كرایەوە كە بارودۆخی ئێستا كاتییە و كوردستان بە سەربەرزییەوە ئەم دۆخەی ئێستا تێدەپەڕێنێت.

ئەم دوو كۆبونەوە جیاوازەی گۆڕان و پارتی خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كرا، بە پێی وتەی میدیاكانیش لە كۆبونەوەكەی نەوشیروان مستەفا و بارزانیدا چەندین تەوەر گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە، لەوانەش قەیرانی دارایی هەرێم و مەرجەكانی كورد بۆ بەشداریكردن لە جەنگی ڕزگاركردنەوەی موسڵ، هەروەها باردۆخی كەركوك و هاتنی حەشدی شەعبی بۆ سنوری كەركوك، ئەمە جگە لەوەی ڕێككەوتنەكەی هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكان بوون.

هەروەها پشكەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتەمی حكومەت گرنگترین تەوەرەكانی كۆبونەوەكەی بارزانی و نەوشیروان مستەفا بون، بەو پێیەی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا فشارێكی زۆری ئەندام و لایەنگرانی بزوتنەوەكەی لە سەرە دەربارەی بێدەنگبونی بزوتنەوەكە لەو پشكانەی كە مافی خۆیەتی وەریبگرێت و پارتی و یەكێتی ڕادەستی ناكەن.

لەوباریەوە مونیرە عوسمان؛ ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند:" بەردەوامبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ناو حكومەت، هەڵەیەكی ستراتیژی گەروەیە، چونكە لە كۆی زیاتر لە 1000 پۆستی حكومی تەنها 7 پۆستمان هەیە، پێویستە پێداچوونەوە تەواو بكات و بە زووترین لە حكومەت بكشێتەوە".

وتیشی:" پێموایە هەم لایەنگرانیش و هەم ئەندامانی گۆڕان لە پەرلەمان و وەزیرەكانیش لەم شێوە حكومڕانیەی ئێَستا ڕازی نین، ڕەزامەند نین لە سەری كە بەشداریان كردووە".

سەرچاوەیەكیش لە بزوتنەوەی گۆڕان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:" بەشێكی زۆری سەردانەكەی نەوشیروان مستەفا بۆ لای بارزانی پەیوەندی بەو فشارانەوە هەیە كە دەكرێتە سەر نەوشیروان مستەفا بۆ كشانەوەی لە حكومەت".

هەر بەپێی وتەی سەرچاوەكەی (خەڵك) نەوشیروان مستەفا بە بارزانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پشكی گۆڕان لە كابینەی هەشت ڕادەست نەكەن، ئەوا گۆڕان ناچار دەبێت لە حكومەت بكشێتەوە، كشانەوەی گۆڕانیش لەم كاتە هەستیارەدا یەكسانە بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت.

هەر بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بارزانی بە نەوشیروان مستەفای ڕاگەیاندووە، پارتی ڕازییە ئەو پشكانەی گۆڕان لە كابینەی هەشت بەری دەكەوێت ڕادەستیان بكات، بە مەرجێك گۆڕان پشتگیری پارتی بكات لە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی  هەرێمدا.

پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ قاعیدەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان تاچەند بەدرێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی  هەرێم ڕازییە، لەكاتێكدا پێشتر ئەو بزوتنەوەیە ڕەخنەی توندیان لە یەكێتی گرت، كاتێك لە لە 30ی حوزەیران 2013پەرلەمانی كوردستان دەنگیان بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا.

هەروەها بژاردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم ڕازینەبوون بەم پێشنیارەی پارتی چییە؟ ئایا لە هاوینی ئەمساڵ كورسییەكەی سەركایەتی هەرێم بە بەتاڵی دەمێنێتەوە، یان وەك لە پێشدا وترا سەرۆكی هەرێم وەك یاریزانێكی موعجیزە ئاسا تا تەوابوونی سەرجەم یارییە سیاسییەكان بە شێوەی سەرەكی لە گۆڕەپانەكەدا یاری دەكات.

ڕۆژی ١٨|٦|٢٠١٤ كابینەی هەشتەم متمانەی، لە بەردەم پەرلەماندا، وەرگرتوە، تا ئێستا بزوتنەوەی گٶڕان، لە  هەزار پۆستی ناو حكومەت تەنیا ٧ حەوت، پۆستی وەرگرتوە،
خەڵک
به‌روار:  24/02/2015
685   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   291
کۆی سه‌ردان:   29253666