راگەیەنراوی مەلا بەختیار لەسەر دۆخی ناوخۆی یەكێتی
راگەیاندنی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، دەربارەی دۆخی یەكێتیی

هەڤاڵانی یەكێتیی!

بەداخەوە، دواكەوتنی كۆبوونەوەكان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی، خستۆتە دۆخێكی ئاڵۆزو بەرپرسیارێتی مێژوویی هەستیارەوە، سەبارەت بەپرسی ژیانی حزبایەتی، پرنسیپی ناوخۆیی، هەورەها دیسپلینی بەرپرسیارو كادرو ئۆرگانەكان؛ هەتا ئەم پرسانەش، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و رێسای حزبایەتی، چارەسەر نەكرێ‌، بێگومان مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، ناتوانن ئەركە سیاسی، نەتەوەیی، ئیداری‌و ئاسایشی ناوخۆ و ناو یەكێتیش، بەپێی پێویست ئەنجام بدەن.

بەتایبەتی لەم هەفتەیەدا، ناڕەزایی‌و نیگەرانییەكان، بێڕادە رووبەڕووی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی دەكرێن. بۆیە:

لەبەرئەوەی لەم هەلومەرجەدا، مەترسییەكی زۆر لەسەر دۆخی ناو یەكێتیی‌و پێگەی یەكێتیش لەكوردستان‌و عیراق ‌و ناوچەكە، هەیە، بەڕێز بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ (24/2/2015) داوای كۆبوونەوەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی كرد. لەكۆبوونەوەكەدا، دوو بابەت باسكران‌و بڕیاریان دەربارە دران:

یەكەمیان: كارگێڕ، بڕیار دەربكات لیژنە ساغكراوەكان، بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی ناوخۆیی یەكێتیی، دەستبەكاربن.

دووەمیان: لەدوای دەركردنی ئەو بڕیارانە، چاوەڕوانی گەڕانەوەی بەڕێز جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی بكەن لەم رۆژانەدا، هەتا دەستبەجێ‌ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، یان ئەنجومەنی سەركردایەتی بكرێ‌‌و تیایدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی چی بەپەسەندو پێویستزانی، بۆ سیاسەتی لەمەودوای یەكێتیی لەسەر كۆی ئەركە سیاسی‌و نیشتمانییەكانی، هاوكات چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی یەكێتیی‌و گێڕانەوەی دیسپلینی حزبایەتی‌و ناوەندی بڕیاردان، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریان دەربارە بدات.


هەڤاڵان!
بەهیواین چارەسەركردنی تێكڕای كێشە ناوخۆییەكان، خەمی سەرەكی هەمووان بێ‌، هەتا ئێستاش پشوو درێژی تەواوی هەڤاڵان‌و ئۆرگانەكانی یەكێتیی، سەرەڕای بیری جیاواز، لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكان، یارمەتیدەرمان بووە بۆ دیالۆگی ناوخۆی هەڤاڵانە. بەڵام ئەزمون دەریخست لەوەزیاتر دواخستنی كۆبوونەوەكان، هەم یەكێتیی زیاتر دووچاری تەنگژە دەكات‌و هەم هەڤاڵانیش لەپۆستە جیاوازەكاندا، دووچاری كارو كاردانەوە دەبن. سەرەنجامیش یەكێتیی دووچاری زیانی زۆرتر دەبێ‌.

هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی بەحوكمی بەرپرسیارێتییەكەی، لەم باریكە رێیەی ژیانی یەكێتییەكەماندا، بێ‌ درێغ هەوڵیداوە بەئارامی كێشەكان چارەسەر بكرێ‌. 

بەستنی كۆبوونەوەی سەركردایەتیش، هەر لەپێناوی هەمان ئامانجدایە، بەئومێدی ئەوەی هەموان پەرۆشتتربین بۆ یەكێتیی ناو یەكێتیی، بەتایبەت لەم دۆخەدا، كە سەدان پێشمەرگەو فەرماندەی تێكۆشەری یەكێتیی شەهید بوون‌و دەیان هەزاری تریشمان، رووبەڕووی مەرگی نەمری، لەسەنگەرەكانی پێشەوەدا، مایەی شانازین.
بەدڵنیاییەوە، تێكڕا هەڤاڵان دەبێ‌ لەگەڵ چارەسەری كێشەكان بن. لەدوا ئەنجامیشدا، ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەند، هەرلایەك بەپێی بەرپرسیارێتیان، كە پەیڕەوی ناوخۆ بۆی دیاریكردون، بەرپرسیاری راستەوخۆی دوا بڕیار‌و چاودێری جێبەجێ‌ كردنی بڕیارەكانن، لەسەر پرس‌و پرنسیپ‌و دیسپلینی یەكێتیی.

لەگەڵ رێزی
راگەیاندنی  هەڤاڵ لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی
2015/2/24
پوکمیدیا
به‌روار:  24/02/2015
717   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   300
کۆی سه‌ردان:   29253050