نێچیرڤان بارزانی لە پرسەی شا عەبدوڵڵا بەشدار دەبێ
شاندێكی حکومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی وڵاتی سعودیە دەكەن بەمەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی پادشای پێشووی سعودیە.

مەریوان نەقشبەندی، لە بەشی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف ‌و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بڕیارە شاندێكی حكومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت ‌و كەمال موسلیم وەزیری ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی سەردانی وڵاتی سعودیە بكەن بۆ ئەوەی رۆژی‌ یەكشەممە بەشداریی پرسەی شا عەبدوڵڵا کوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود پادشای پێشووی عەرەبستانی سعودیە بكەن.

بەرەبەیانی 23ی كانوونی دووەم شا عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولعەزیز بەهۆی نەخۆشییەوە‌و لەتەمەنی 91 ساڵیدا كۆچی دواییكرد و شا سەلمان کوڕی عەبولعەزیزی 79 ساڵ لە شوێنی دانرا.

شا عەبدوڵڵا پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات دەیویست پەیوەندییەکانی سعودییەو هەرێمی کوردستان پتەو بکات. لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 14ـی کانوونی دووەمی 2015 نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی شانشینی سعودیە كرد، كە بە سەرۆكایەتیی وەزیری رێپێدراو د. عەبدولڕەحمان بن غرمان ئەلشەهری، بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی سعودیە سەردانی كوردستانیان كردبوو. شاندەكە بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان راگەیاند، كە بە فەرمانی راستەوخۆی شا عەبدوڵڵا كونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەكەیان لە هەولێر دەكەنەوە و هیوایان خواست كردنەوەی كونسوڵخانەكە ببێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ریاز لە هەموو بوارەكاندا.
ڕووداو
به‌روار:  24/01/2015
576   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   937
کۆی سه‌ردان:   29264379