چاودێری کوردۆساید - چاک کۆنگره‌ی پێنجه‌می خۆی ساز ده‌کات
مالمۆکورد
له رۆژانی شه‌ممه و یه‌کشه‌ممه, واته ٢٤ و ٢٥ی کانونی دووه‌م رێخکراوی چاودێری کوردۆساید - چاک کۆنگره‌ی پێجه‌می خۆی به ناوی (کۆنگره‌ی شنگال و کوبانی) و له ژێر دروشمی (با هه‌موو تواناکانمان له‌پێناو دوباره نه‌بونه‌وه‌ی تاوانی جینۆساید یه‌کخه‌ین) له شاری لوڤن له وڵاتی به‌لجیکا ساز ده‌کات.
کۆنگره‌که دوو رۆژ ده‌خایه‌نێت، به ئاماده‌بوونی ده‌یان نوێنه‌ری سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌کانی رێکخراوه‌که له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپای خۆرئاوا، هه‌روه‌ها به‌شداری راسته‌وخۆی چه‌ند ئه‌ندامێک له باکور و باشوری کوردستانه‌وه ساز به‌رێوه‌ده‌چێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌ندامان ژماره‌یه‌کی باش له میوان و نوێنه‌رانی حزب و رێکخراوه کوردییه‌کانی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان داوه‌تکراون
وه‌ک چاوه‌رێ ده‌کرێت جگه له هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌یه‌کی نوێ بۆ به‌رێوه‌بردنی رێکخراوه‌که، هاوکات له کۆنگره‌که‌دا هه‌ندێک گۆڕانکاری پێویست له به‌رنامه و په‌یره‌وی ناوخۆی رێکخراوه‌که‌شدا بکرێت، که له ئاست ئه‌مڕۆی پرسه‌کانی گرنگه‌کانی کۆمه‌لکوژی و کارکردن بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه وه قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتوان و که‌سوکاری قوربانییان و به‌سزا گه‌یاندنی یاسایی تاوانباراندا بێت. هه‌روه‌ها کاریش بۆ به دادگاگه‌یاندنی ئه‌و کۆمپانیا و ولات و ده‌زگایانه‌ی هاوکاریی ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌کانیان کردوه، بکات.
شایه‌نی باسه چاودێری کوردۆساید - چاک به‌هۆی له‌بیرکردن، که‌مته‌رخه‌می و بێده‌نگی حکومه‌تی هه‌رێم و حزبه کوردستانییه‌کان به‌رامبه‌ر به دۆسییه‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، هه‌روه‌ها سیاسه‌تی پاکتاوی نه‌ته‌وه‌یی و له‌ناوبردن له هه‌موو پارچه‌کانی كوردستاندا، هاته دامه‌زراندن. ئه‌وه بوو سه‌ره‌تا له رێکه‌وتی 6.1.2002 به‌بانگه‌وازێك به ناوی (كه‌مپینی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال) راگه‌یه‌نرا. کار له سه‌ر پرسه‌کانی گه‌لکوژی و پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستاندا ده‌کات. تا ئێستا چوار کۆنگره و پلینیۆمێکی به‌ستوه.
له 3-6-2006 دا یه‌که‌م کۆنگره‌ی زیندووی خۆی له ئا‌ڵمانیا له باژێڕی کۆڵن به‌ست. له1-2 ی دیسه‌مبه‌ری2007 دا، کۆنگره‌ی دووه‌می ئاوارته‌ی خۆی له ئا‌ڵمانیا به‌ست. له ڕێکه‌وتی 24-25 ی ژه‌نیوه‌ری 2009 دا له هۆڵه‌ندا پلۆنۆمێکی به‌ست, له‌و پلۆنۆمه‌دا ناوی ناوه‌ند له “ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفالكردن و جینۆسایدی گه‌لی كورد-چاك “ه‌وه گۆڕدرا بۆ “چاودێری كوردۆساید-چاك”. له رۆژانی 27، 28 و 29ی نۆڤه‌مبه‌ری 2009 دا، كۆنگره‌ی سێیه‌می خۆی له وڵاتی دانمارك گرێدا. له رۆژانی 19-20ی مانگی مه‌ی 2012 چواره‌م کۆنگره‌ی ئاسایی خۆی له شاری (ڤییه‌ننا) له نه‌مسا ساز کرد.
شایه‌نی باسه ئه‌م رێکخراوه تاکه رێکخراوێکی کوردی مه‌ده‌نییه که ئه‌ندامی له سه‌ر ئاستی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان، زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا و که‌نه‌دا و ئه‌مریکا هه‌یه. دوانزه ساڵه به‌رده‌وامه و زۆر کاری جۆریی کردوه و توانیویه‌تی دۆسیه‌کانی جینۆساید و کۆمه‌ڵکوژی گه‌لی کوردستان بگه‌یه‌نێته په‌رله‌مانه‌کانی ئه‌وروپا و زۆر ناوه‌ندی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تی له سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه.
چاودێری کوردۆساید –چاک
23/1/22015
به‌روار: 24/01/2015
922 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|