مام ڕۆستەم دەڵێ : نەگۆڕانم نەیەكێتی.
پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین‌و هەڵسوڕاوێكی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەراگەیاندن نابێت، بەڵكو بەكرداری ئەو كارە جێبەجێ‌ دەكرێت، دەشڵێت ئێستا نەگۆڕانم نەیەكێتی.

زریان محه‌مه‌د، ئاوێنه‌نیوز: مام ڕۆستەم هەڵسوڕاوی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان‌و پێمشه‌رگه‌ی‌ دێرین تایبه‌ت بەئاوینه‌نیوزی ڕاگەیاند "یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان یەكێكە لەو كارانەی كە من خەونی پێوەدەبینم‌و هیواخوازی ئەوەم ڕۆژێك بچمە لای هێزێكی پێشمەرگە‌و سەر بە هیچ حزبێك نەبێت".

مام رۆسته‌م ئاماژەی بەوەش كرد "یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەڕاگەیاندن نابێت، بەڵكو بەكردار ده‌بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت گولبژێر بكرێن، هەندێك لەتازەكان دابنرێن‌و هەندێك لەكۆنەكانیش سەرپەرشتیان بكەن، واتە بكرێنە هێزێكی نیشتیمانی بەهەموو ماناكانییەوە".

به‌ڕای‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌، دەبێت پێشمه‌رگه‌ وانەیەكی بۆ دابنرێت كە جگە لەنیشتیمان‌و خاك‌و خۆشەویستی نیشتیمان بەهیچ شێوەیەك باسی حزبایەتیان بۆ نەكرێت، هێزێك بێت سەر بەهیچ لایەك نەبێت، تەنها هی كورد بێت.

باسی لەوەش كرد "یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كارێكی ئاسان نییە، هەندێك لەقسەكانیش موزایدەن".

لە بارەی درێژەدان بەكاری سیاسی، هەڵسوڕاوەكەی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "لەئێستادا نەیەكێتیم‌و نەگۆڕانم، تەنها ڕۆستەمم‌و خۆم دەپارێزم، هەر كەسێكیش لەم وڵاتە پێویستی بەمن بێت، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكم، بۆ خۆم لەماڵەوە دانیشتووم، خەڵكیش ئەوەی پێ خۆشە".
ئاوێنە
به‌روار:  18/01/2015
639   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   812
کۆی سه‌ردان:   29234636