راگەیاندنی كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
مالمۆکورد
ئەمڕۆ يه‌كشەممە 21 / 12 / 2014 كۆمیتەی سەركردایەتی ( یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كارو خەباتی YNDK كرا:
باكووری كوردستان: YNDK خۆشحاڵە بەپێشڤەچوونەكانی خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات و, پشتیوانی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشی رادەگەیەنێت و هیوادەخوازێت كەوا هەموو لایەك هاوكارو پشتیوان بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتى و له‌و پێناوه‌دا داوا له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات كه‌وا كاربكه‌ن بۆ ئازادكردنى به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئوجه‌لان رێبه‌رى PKK و ده‌رهينانى PKK له‌ ليستى تيرۆر ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ فاكته‌رى سه‌ره‌كى پێشڤه‌چوون و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ئاشتى و چه‌سپاندنى بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ.
رۆژهەڵاتی كوردستان: YNDK هەوڵەكانی لەیەكدی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی ئەو بەشەی وڵات بەرز دەنرخێنێت و, بە گرنگی دەبینێت كە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی وڵات كار بكەن بۆ كۆكردنەوەی هێزو تواناكانیان، بەرەیەكی سیاسی لە نێوان خۆیاندا پێكبهێنن بۆئەوەی ئامادە بن بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روودەدەن و دێنە پێشەو، له‌هه‌مان كاتدا پشتيوانى خۆمان بۆ مانگرتووانى زيندانانى سياسى له‌ زيندانه‌كانى ئێران راده‌گه‌يه‌نين و خه‌بات و به‌رخودانيان به‌رز ده‌نرخێنين و داوا له‌ رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ ده‌كه‌ين كه‌وا هه‌وڵبده‌ن گيانى مانگرتووانى زيدانى له‌ مردن رزگار بكه‌.
رۆژئاوای كوردستان: YNDK جارێكى ديكه‌ پشتيوانى خۆى بۆ خه‌بات و به‌رخودانى رۆژئاواى كوردستان راده‌گه‌يه‌نێت و بە گرنگی دەزانێت تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشەی وڵات یەكڕیزو یەكدەنگ بن و بەیەكەوە كاربكەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن، لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و خۆیان لەهەر گرژی و ناكۆكییەك به‌ دوور بگرن، له‌م پێناوه‌شدا داوا ده‌كه‌ين هه‌رچى زووتره‌ رێككه‌وتننامه‌ى دهۆك به‌كرده‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت.
باشووری كوردستان: YNDK بە پێویستی دەزانێت كە بەزووترین كات ناوماڵی كورد رێك و یەكبخرێتەوەو، وای دەبینێت كە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا، كه‌وا ئێستا تيرۆريستانى داعش له‌ هه‌موو لايه‌كه‌وه‌ هێرشيان بۆ سه‌ركوردستان هێناوه‌، لێره‌وه‌ به‌رخودان و سه‌ركه‌وتنه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان به‌رز ده‌نرخێنين كه‌وا قاره‌مانانه‌ رووبه‌ڕووى تيرۆيستان بوونه‌ته‌وه‌و رۆژانه‌ سه‌ركه‌وتنى مه‌زن تۆمار ده‌كه‌ن، هەوەروەها ئاماده‌بوون و سه‌رپه‌رشتى و مانه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به‌ڕێز كاك مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى كوردستان له‌ سه‌نگه‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى به‌ره‌كانى شه‌ڕ به‌رز ده‌نرخێنين، به‌شدارى جه‌نابيان له‌به‌ره‌كانى شه‌ڕدا مۆراڵى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى به‌رزكردۆته‌وه‌و واى كردووه‌ هاوكێشه‌كانى هێزو شه‌ڕ بگۆڕدرێن، ئێمه‌ رێز له‌ كاره‌ نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانييه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى كوردستان ده‌گرين، به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ ته‌واوى به‌ره‌كانى شه‌ڕ پيرۆزبايى له‌ بنه‌ماڵه‌و كه‌س و كارى شه‌هيدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و ته‌واوى گه‌لى كوردستان ده‌كه‌ين، بۆ به‌رز راگرتنى ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ داواكارین كه‌وا ئازادييه‌ سياسييه‌كان زياتر قوڵبكرێنه‌وه‌و گيانى هاوخه‌باتى و به‌يه‌كه‌وه‌ كاركردن په‌ره‌ى پێبدرێت. 
كۆنگرەی نەتەوەیی كورد: YNDK جەختدەكاتەوە سەر بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی كورد بەبەشداری تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن و, بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لەم كاتە هەستیارەدا بەئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانێت، بێگومان به‌ستنى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌يى دەبێتە هەنگاوێك بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان له‌سه‌ر ئاستى كوردستانى مه‌زن. 
عێراق: YNDK پێیوایە ئه‌م ره‌وشه‌ى كه‌وا ئێستا عێراق پێيدا گوزه‌ر ده‌كات به‌ره‌نجامى عه‌قليه‌تى تاكڕەوی و دكتاتۆرییەته‌ كه‌ حكومه‌تى ماليكى له‌ ساڵانى رابردوودا هۆكارى هێنانه‌ ئاراى ئه‌م عه‌قليه‌ت و ره‌وشه‌ نه‌خوازراوه‌ بوون، به‌ باوه‌ڕى ئێمه‌و به‌پێى ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووى عێراق ده‌گه‌ينه‌ ئه‌و راستييه‌ى كەوا متمانە بە دەسەڵاتەكانی عێراق نەكەین، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە خۆمان بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانە ئامادە بكەین كە دواى شه‌ڕى داعش دێنە پێشەوەو كاریگەرییان لەسەر گەلی كوردستان دەبێت.
رەوشی ناوچەكە: YNDK پێیوایە رۆژهەڵاتی ناڤین لە رەوشێكی پڕ ناسك و هەستیارو ئاڵۆزدایەو رۆژ بە رۆژ ئەگەرو پێشهاتی نوێ‌ دێنە پێشەوەو، ئەو ئەگەرو پێشهاتانە كاریگەری خۆیان دەبێت بۆ سەر بزاڤە رزگاریخوازەكانی ناوچەكە، بۆيه‌ پێویستە ئێمەی كوردیش سوود لەو دەرفەتە وەربگرین و هاوكاری برایانمان بین لە بەشەكانی دیكەی كوردستان بۆئەوەی ئەوانیش كارو خەباتی خۆیان خورت بكەن و بەرەو رزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن، له‌ هه‌مان كاتدا واى ده‌بينين كه‌وا ده‌كرێ سوود له‌م ره‌وشه‌ى ئێستا وه‌ربگرين بۆ كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان.
لە دوا تەوەرى كۆبوونەوەكەدا باس لە كاروخەباتی YNDK لەماوەی رابردوودا كراو، كارنامەیەكیش بۆ كارو خەباتی داهاتووی YNDK دانرا، ئەمەو كۆبوونەوەكە سەركەوتووانە كۆتایی بە كارنامەی خۆی هێنا.


كۆمیتەی سەركردایەتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK 
21 / 12 / 2014 هەولێر _ باشووری كوردستان

به‌روار:  21/12/2014
802   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   282
کۆی سه‌ردان:   29259427