كوردێك لە لیستی كەسایەتییە یەكەمەكانی سویدایە
رووداو
بۆ جارێكی دیكە و دوای هەڵبژاردنی لە دەیان راپرسی و دیاریكردنی كەسایەتییەكانی ساڵ لەلایەن رۆژنامەكانی سوید، گۆڤاری (فۆكۆس)ی بەناوبانگی سویدی، سۆران ئیسماعیلی وەك یەكێك لە 100 كەسە بەهێزە كاریگەرەكەی ئەو وڵاتە بۆ ساڵی 2014 هەڵبژارد.
سۆران ئیسماعیل كە لە ریزبەندی 78دایە، لەلایەن گۆڤارەكەوە وەك یەكێك لە 100 كەسی هەرە بەهێزی وڵات ناسراوە كە ئەوانە بەبێ دەنگدان و بێ بوونی پشتیوانی لەلایەن پارتێكی سیاسی بوونەتە خاوەنی ئەو پێگەیە.
سۆان ئیسماعیل، یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی سوید لە بواری كۆمیدیا، جگە لە بەرنامەیەكی رادیۆیی، گۆشەنووسی رۆژنامەی (سیدسڤینسكا)یە، هاوكات چالاكیی بەردەوامی لە پەیجی تایبەتی خۆیدا هەیە.
سۆران خەڵكی باشووری كوردستانە. لە پێشڕەوانی بزووتنەوەی دژە رەگەزپەرستییە لە سوێد، ناوی ئەو لەم لیستەدا دەیان جاری دیكە دانراوەتەوە.
ئەو زنجیرە كارەی لە سوید بۆ دژایەتی رەگەزپەرستی دەیكات و هەروەها دوای هێرشی دوو ئەندامی پەرلەمانی پێشووی پارتی سڤیریە دیموكرات (سویدییە دیموكراتەكان) بۆ سەر سۆران ئیسماعیل كە هەردووكیان تووشی لێپرسینەوەی توند بوون و لە كارەكانیان راگیران، زیاتر سۆرانی لەلای سوێدییەكان خۆشەویست كرد.
لە لێدوانی پێشووتریدا بۆ (رووداو)، سۆران گوتبووی "من خزمەتی مرۆڤایەتی دەكەم". هەروەها گوتیشی "من تەنیا كارێكی مرۆڤانەم جێبەجێ كردووە، ئەویش بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستییە".
كوردی سوێد شوێندەستیان لەو وڵاتەدا دیارە، ئێستا 6 كورد كە وڵاتینامەی سوێدیان هەیە ئەندامی پەرلەمانن كە هەندێكیان بۆ دوو خولە هەڵدەبژێردرێنەوە، هەروەها كچێكی كورد بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنێكی دەوڵەتە. جگە لەوەش چەندین سیاسەتمەداری كورد لە نێو پارتەكانی سوێد كار دەكەن. هەروەها دارین كە یەكێك لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەكانی سوید، كوردە.
گۆڤاری فۆكۆس لەبارەی سۆران ئیسماعیلەوە دەڵێت "سۆران لە سیاسەتڤانان زیاتر سیاسەت دەكات". گوتووشیەتی "ئەو زیاتر لە 200,000 لایەنگری هەیە، لە رووی پراكتیكیشەوە زیاتر لە وەزیرێك دەستی دەڕوات".
لە گوتارێكیدا كە پێشتر سۆران لە رۆژنامەی سڤینسكا داگبلادیت بڵاوی كردەوە، بە توندی رەخنە لە فراوانبوونی هزری رەگەزپەرستی دەگرێت و دەڵێت "ئەو دەربڕینانەی دژ بە منداڵە بیانییەك دەكرێت لەبەر ئەوەی چاوی شین و پرچی زەرد نییە، هیوادارم تەنیا دەربڕینی كەسێكی نەخۆش بێت، نەك كۆمەڵگە و جیهانێكی نەخۆش".
ئەم گوتارەی دەنگدانەوەیەكی زۆر و رەنگدانەوەیەكی زۆری لەسەر خوێنەران و توێژی رۆشنبیرانی ئەو وڵاتە هەبوو. لایەنگرانی پارتی رەگەزپەرستی ئەو وڵاتەی تووڕە كرد.
سۆران ئیسماعیل كە بۆ ئەمساڵیش وەك یەكێك لە 100 كەسایەتییە دیارەكەی سوید ناسێنرا، یەكێكە لە دەیان گەنجی كوردی ئەو وڵاتە كە كاریگەرییان لەسەر كەلتوور و سیاسەتی ئەو وڵاتە هەبووە. لەپاڵ ئەم، ئەركان ئەسعەد بۆ سێَجار وەك باشترین نووسەری سوید و ئۆز نۆژەن و فادیمە خەزەر وەك باشترین مێدیاكار چەندینجار خەڵاتی یەكەمیان بەدەستهێناوە و لە لیستی كەسایەتییە ناسراوەكانی سوێددا بوون.
بهروار: 27/11/2014
714 جار خوێندراوهتهوه
|