لە ١٠ ژووری بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا دوانیان گەنجان سەرپەرشتی دەكەن
پێش ئەوەی گۆڕان دەست بەهەڵبژاردنە ناوخۆییەكان بكات، یەكەم بڕیاری نەوشیروان مستەفا ئەوەبوو كە دكتۆر زانای كردە باژێراوانی سلێمانی، كە یەكێكبوو لەسەركردە گەنجەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە ئەوكات والێكدرایەوە ئیتر رەوتی سیاسی ئەو بزووتنەوەیە دەكەوێتە دەست گەنجان، بەڵام لەیەكەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی گۆڕاندا، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراوە سەركەوت حەسەن بووە باژێروانی گۆڕان لەسلێمانی، كە ناوبراو پێشتر یەكێكبوو لەسەركردە ئەمنییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە لەوێوە ململانێی نەوەی كۆن‌و نوێ‌ لەناو ئەو بزووتنەوەیە دەستیپێكرد. 
 
لەكۆنگرەی یەكەمی بزووتنەوەی گۆڕان كە كۆتایی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە لەوتاری كۆتاییدا وتی: دوای ئەم كۆنگرەیە بزووتنەوەی گۆڕان دەبێتە حیزبێكی دامەزراوەیی‌و خاوەن رێكخستێكی تۆكمە، بەشێوەیەك «بەمردن، یان نەخۆشكەوتنی كەسێك‌و دوان هیچ لەسیاسەتی بزووتنەوەكە نەگۆڕێ‌و بەردەوامبێ لەكاری سیاسی خۆی».
 
لەئێستادا نزیكبووەتەوە كە ساڵێك بەسەر ئەو قسەیەی نەوشیروان مستەفا تێپەڕێت، بەڵام نە كەسی دیار لەو بزووتنەوە نەخۆش كەوتووە، نە كەسیشی لێمردووە، كەچی رۆژ بەڕۆژ كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان پەرە دەسێنن، بەشێوەیەك دوای هەڵوێستوەرگرتنی چەند سەركردەیەك لەو بزووتنەوەیە، ئێستا ململانێی نەوەی كۆن‌و نەوەی نوێ‌ (گەنجان) لەو بزووتنەوەیە سەریهەڵداوە.
 
 بەپێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان كە لەكۆنگرەی یەكەمی ئەو بزووتنەوەیە (26-27/12/2013) پەسەندكراوە، هەیكەلی بزووتنەوەی گۆڕان پێكدێت لە «هەڵسوڕاو‌و پشتیوان‌و بازنەو رایەڵەو ئەنجوومەنی قەزاو رەوەندی كوردی‌و جڤاتی گشتی‌و جڤاتی نیشتیمانی‌و خانەی راپەڕاندن»، كە لەئێستا بەتەواوەتی ئەو هەیكەلەی گۆڕان بەتەواوەتی رێكنەكراوەو بەشێك لەدامەزراوەكانی گۆڕان هەر دروستنەكراوە، لەوانە جڤاتی گشتی‌و خانەی راپەڕاندن.
 
بەپێی بەدواداچوونێكی گۆڤاری «شار» بەشێكی زۆری ئەو دامەزراوانەی گۆڕان كە ئێستا دروستكراون، كەسانی گەنج تێیدا رێژەیان كەمكراوەتەوە، ئەگەر كەمیشنەكرابێتەوە ئەوە دەسەڵاتەكانیان كەمكراوەتەوە، كە لێرەدا جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بەنموونە وەردەگرین، كە لەئێستادا بەرزترین‌و دەسەڵاتدارترین دامەزراوەی ئەو بزووتنەوەیەیە.
 
جڤاتی نیشتیمانی لە(49) ئەندام پێكدێ، بەشێوەیەك لەپارێزگای سلێمانی 15 ئەندام‌و لەپارێزگای هەولێر 8 ئەندام‌و لەدهۆك‌و كەركوك‌و دوزو دیالەو خانەقینیش یەكی ئەندامێك، هەروەها رێكخەری ژوورەكان كە ژمارەیان 10 ژوورەو سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق‌و پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكان‌و سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران‌و هەریەكە لەجەمال محەمەد سكرتێری جڤاتەكەو نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی‌و عومەری سەید عەلی كۆكاری فراكسیۆنەكان‌و مستەفا سەید قادر وەك نوێنەری حكومەت‌و جەلال جەوهەر، كە بەپێی ئەو دابەشكارییە بێ، بەشێكی زۆر لەو جڤاتە لەو كەسانەن كە پێشتر لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە هاتوونەتە ناو گۆڕان، كە لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم جڤاتەداو پێش كۆنگرە جڤاتێك بووە كە زیاتر لەگەنجەكان پێكهاتووە.
 
سەركردەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان كە خۆی ئەندامی جڤاتی ئەو بزووتنەوەیەو لەسەر بەشی گەنجان لەناو ئەو بزووتنەوەیە ئەژمار دەكرێت، بە «شار»ی وت :«دوای كۆنگرەی گۆڕان‌و هەڵبژاردنەكان‌و بڕیاری چوونە حكومەت، بەتەواوەتی هاوكێشەكە پێچەوانە بووەوە، بەشێوەیەك ئەو گەنجانەی كە چوونە پەرلەمانەكان‌و حكومەتەكان‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكان شوێنی ئەو گەنجانە بەكەسە بەتەمەنەكان پڕكرایەوە بەتایبەتی لەژوورەكان‌و پاژێروانەكان، كە ئەو ئەم كارەی «پیلانی ئەو خەتەی ناوبرد كە بەخەتی مەڵبەندی یەكێتی ناسراوە».
 
لەئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان گۆڕانكاری لەبەشێك لەڕێكخەری ژوورەكاندا كردووە، كە پێشتر ژوورەكان پێكهاتبوو لە «پەیوەندییە گشتییەكان (سیاسی، دیبلۆماسی)، توێژینەوەكان (سیاسی، ئابووریی‌و ستراتیجییەكان)، ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان، حكومەت‌و پەرلەمان، سامانە سروشتییەكان، هەڵبژاردن، پەیجوری، یاسایی، رۆژنامەوانی، كارگێڕیی‌و دارایی‌و ژووری رەوەندی كوردی»، كە ئێستا ئەو ژوورانە كەمكراوەتەوە بۆ 10 ژوور تەنیا دوان لەڕێكخەرەكانی كەسی گەنج ماونەتەوەو ئەوانیش بریتین لەئاكۆ محەمەد رێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی‌و محەمەد حاجی رێكخەری ژووری پەیوەندییە سیاسییەكان، باقی ژوورەكانی تر لەغەیری گەنجەكان پڕكراوەتەوە، بەشێوەیەك پێشتر، مستەفای سەید قادر رێكخەری ژووری كارگێڕی‌و دارایی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەی وەرگرت، ستافێكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی ژوورەكە دیاریكراوە كە بەرپرسیارییەتییەكەی دراوە بەئاوات شێخ جەناب كە یەكێك بووە لەسەركردە باڵاكانی یەكێتی، هەروەها ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان لای محەمەد تۆفیق رەحیم‌و ژووری فراكسیۆنەكان لای مستەفای سەید قادرو ژووری پەیجووری لای شەماڵ عەبدوڵوەفاو، بەشێك لەژوورەكانی تر تائێستا جێگەی رێكخەرەكانیان پڕنەكراوەتەوە. ئەو سەركردەیەی گۆڕان وتی :«بەرنامە هەیە ئەو ژوورانە بەچەند كەسێكی تر پڕبكرێنەوە كە ئەوانیش كەسانی نزیكن لەو باڵەی كە ئێستا كار لەڕێكخستنەكانی گۆڕان دەكەن.
 
ئەو بەرپرسەی گۆڕان هەروەها ئاماژەی بەوە كرد بەدەستبەكاربوونی لەئێستادا هەوڵی دوورخستنەوەی گەنجەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەدرێت‌و بەتایبەتی ئەو گەنجانەی كە پێشتر لەژوورەكان‌و یەكە رێكخستەكانی گۆڕان مووچەیەكی رەمزیان هەبوو، پێیان دەوترێت «بڕۆن بەدوای كاری دیكەدا بگەڕێن، ئێمە كەسانێك دێنین كە بەبێ مووچە كارمان بۆ دەكەن»، كە بەوتەی ئەو سەركردەیە مەبەست لەوە ئەوەیە ئەو كەسانە پێشتر یەكێتی بوون‌و پلەو پۆستیان لەحكومەت هەبووەو ئێستا خانەنشینن‌و پێویستیان بە مووچە نییە. 
 
ئەو سەركردەیە هەروەها وتی :«خانەنشینكراوان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ كاركردن لەبزووتنەوەكەدا بەمەرجی دوورخستنەوەی گەنجەكان‌و بێكاركردنیان لەناو بزووتنەوەكەداو كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكەیان، كە «بەشێكی ئەو كارەش لەلایەن هەریەكە لەعومەری سەید عەلی‌و شەماڵ عەبدولوەفا جێبەجێدەكرێت»، ئەو سەركردەیە وایوت
 
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن كە نەوشیروان مستەفا خۆی بڕیاری یەكلاییكەرەوە دەدات لەسەر دانانی ژوورەكان، كە ئەو سەركردەیە جەختیكردەوە ئێستا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو نەوشیروان مسەفا پشتی لەگەنجانی ناو گۆڕان كردووەو وتی: ئەوە بەتەواوەتی بەدیدەكرێت كە رێكخەری گشتی بەتەواوەتی لەگەنجەكان بێمنەت بووە.
 
سەركردەكەی گۆڕان هەروەها ئەوەشی راگەیاند كە بەدەر لەكەمكردنەوەی ژمارەی گەنجەكان، ئەو ژوورانەشی بەدەست گەنجەكانەوەیە، ناڕاستەوخۆ لەلایەن چەند بەرپرسێكی تر بەڕێوەدەبرێن‌و سەرپەرشتیدەكرێن، نموونەشی بەژووری پەیوەندییە سیاسییەكان هێنایەوە كە محەمەد حاجی رێكخەرییەتی، بەڵام بەوتەی ئەو بەشێكی زۆری كارەكانی ئەو ژوورە لەلایەن جەلال جەوهەر كە یەكێكە لەسەركردەكانی پێشووی یەكێتی بەڕێوەدەبرێت.
 
هەروەها ناوبراو ئەوەشی راگەیاند كە جەمال حاجی محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتیمانییە، كە بەبڕیار لەلایەن نەوشیروان مستەفا رێكخەری گۆڕان دانراوەو هەڵبژاردنی بۆ نەكراوە، لەكاتێكدا بەپێی دەستوور دەبێ سكرتێری جڤات بەهەڵبژاردن دابنرێ، كە ئەویش یەكێكە لەسەركردەكانی پێشووی گۆڕان.
 
جڤاتی گشتی خانەی راپەڕاندن 
بەپێی دەستووری گۆڕان پێناسەی جڤاتی گشتی كراوە بەوەی «چەتری پشتیوانی سیاسی‌و مەعنەوی، دامەزراوەی راوێژكاری بوارەكانی كاری سیاسی، رێكخراوەیی، كارگێڕی، دارایی‌و میدیایی بزووتنەوەی گۆڕانە»، ئەركەكانی بریتین «لەدانانی نەخشەی كارو هاوكاری جڤاتی نیشتیمانی بەراوێژو راسپاردە دەربارەی: یەكەم، هەڵسەنگاندنی پلانی گشتی جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان، دووەم، هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی كوردستانی، عێراقی فیدڕاڵ، ناوچەیی، جیهانی، لەگەڵ حیزب‌و رێكخراوە سیاسییەكان، سێیەم، ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ، پەرلەمانی كوردستان‌و هەڵبژاردنی هەر دامەزراوەیەكی تر.
 
هەر بەپێی دەستوورەكە پێكهاتەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پێكدێت «لەو كەسایەتییە گشتییانەی كە لەماوەیەكی تەمەنیاندا لەیەكێ لەبوارەكانی ژیاندا بەرپرسیارییەتی دیاریان هەبووە، لەوانە: كەسایەتی سیاسی‌و كەسایەتی زانستی‌و كەسایەتی كۆمەڵایەتی.
 
هەرچەندە تائێستا كار بۆ ئەو دامەزراوەیەی گۆڕان نەكراوە كە بكەوێتە سەر پێ، بەڵام بەپێی ئەو دەستوورە بێ، بەشی سەرەكی ئەو خانەیە كە نابێ ژمارەی ئەندامانی لەژمارەی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی زیاتر بێت.
 
بەپێی دەستووری گۆڕان بێت گەنجان نابن بە ئەندامی بەو پێیەی مەرجی داناوە لەماوەی رابردوودا لەیەكێ لەبوارەكانی ژیاندا بەرپرسیارێتی دیاریان هەبووبێ كە ئەوە مەرجێكی قورسە بۆ گەنجانی گۆڕان.
 
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەیەك لەناو بزووتنەوەی گۆڕان، ئێستا كاردەكرێ بۆ ئەوەی كۆمەڵێك كەس بكرێتە ئەندامی ئەو خانەیە كە پێشتر لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان‌و كابینەكانی پێشووی حكومەت بەرپرسیاریێتییان هەبووە، كە ئەمەش وادەكات لەبەرزترین دامەزراوەی گۆڕان گەنجان بوونیان نەبێ. 
 
هەر بەپێی دەستووری گۆڕان، دەبێ ئەو بزووتنەوەیە خانەی راپەڕاندنی هەبێ كە «بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕانە، لەنێوان دوو كۆبوونەوەدا»، هەڵبژاردنی ئەندامەكانیشی بەپێی ئەركەكانی پێكدێت لە :«رێكخەری گشتی، سكرتێرەكانی كاروباری جڤاتی نیشتیمانی، فراكسیۆن، ژوورەكان، باژێڕەكان، خەڵك‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی، رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لەسەرۆكی جڤاتی گشتی، لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، یان لەناو ئەندامانی جڤاتی گشتی‌و كەسایەتییە ناسراوەكانی بزووتنەوەی گۆڕاندا كە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی‌و جڤاتی گشتی نین، كاندید دەكرێن، كە هەڵبژاردنی رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێك دەبێت‌و تەنیا بۆ سێ‌ خول بۆیان هەیە خۆیان هەڵبژێرنەوە.
 
بەڵام شەماڵ عەبدولوەفا، رێكخەری ژووری پەیجووری گۆڕان رەتیكردەوە كە گەنج لەناو گۆڕاندا پەراوێزخرابن‌و بەشاری وت: ئێستا گەنجان لەناو گۆڕاندا پۆستی باشیان هەیەو چەندین گەنج نێردراونەتە پەرلەمان‌و حكومەت‌و ئەنجوومەنی پارێزگاكان.
 
لەبارەی ئەوەی بۆ كار بۆ جێبەجێكردنی راسپارەكانی كۆنگرەی گۆڕان نەكراوە، كە خەریكە ساڵێك بەسەر كۆنگرەدا تێپەڕدەبێ كە ئەمە گومانی ئەوەی لێدەكرێت رۆڵی گەنجان پەراوێزبخرێت، شەماڵ عەبدولوەفا وتی: بەهۆی ئەو بارودۆخەكە بەسەر هەرێم‌و ناوچەكەدا هاتووە كاركردن بۆ راسپاردەكانی كۆنگرە كراوەو بەشێوەیەك كارەكانی ژووری چاودێری حكومەت‌و پەرلەمان تەواوبووەو لەهەفتەی داهاتووش دەستبەكاردەبین، ژوورەكانی هەڵبژاردن‌و كارگێڕیی‌و دارایی خۆیان رێكدەخەنەوەو ژوورەكانی توێژینەوە دەكەین بەیەك‌و هەردوو ژووری پەیوەندییەكانیش یەك دەخرێن».
 
شەماڵ عەبدولوەفا هەروەها وتی: ئێمە ئەمساڵ هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ كوردستان‌و هەندەران دەكەین‌و دواتر كە بووین بەدامەزراوەیەكی تۆكمە، ئەو كات خانەی راپەڕاندنیش دروستدەكەینەوە».
 
بەدەر لەو دامەزراوانە لەئێستادا گۆڕان كار بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی دەكات، بۆ هەڵبژاردنی باژێروانی مەكۆكان‌و بازنەوان‌و پۆستەكانی تر، ماوەی نزیكەی ساڵێك دەبێ ئەو پۆستانە بەچەند كەسێك‌و بەبێ‌ هەڵبژاردن پڕكراونەتەوە، بەشێوەیەك گۆڕان خاوەنی سێ‌ مەكۆی گەورەیە لەهەرێم، ئەوانیش سلێمانی‌و هەولێرو دهۆكن، كە هەریەكە لەئاسۆ رەحیم‌و سەمەد بێتواتەیی‌و هشیار عابد پۆستەكانیان لایەو ئەو كەسانەش پێشتر لەناو یەكێتی پۆستیان هەبووە، كە بەپێی زانیارییەكان لەلایەن ئەو خەتەی گۆڕان كە بەرپرسەكانی پێشووی یەكێتی سەرپەرشتی دەكەن، كاركراوە بۆ ئەوەی هەمان ئەو كەسانە لەو مەكۆیانە دەربچنەوە، هەروەها كار بۆ ئەوەش كراوە لەزۆربەی مەكۆو بازنەكاتی تریش كار بۆ ئەوە كراوە كە كەسانی نزیك لەو خەتە هەڵبژێردرێن، بەشێوەیەك سەركردەكەی گۆڕان ئاشكرایكرد، لەچەند ناوچەیەك دەستكاری لیستی ئەندامانی گۆڕان كراوە، بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی لایەنێكی دیاریكراو بێت.
 
لەو بارەوە رێكخەری ژووری پەیجووری وتی: ئەوەی ئێستا دەكرێت ژووری پەیجووری ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان دەكات‌و كارەكانیشی بەشێوەیەكی شەفاف بەڕێوەدەچێ، ئەو قسانەشی دەكرێن دوورن لەڕاستییەوە.
 
سەركردە گەنجەكەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش كرد كە بەشێك لەبیانووی ئەو سەركردانەی گۆڕان بۆ پەراوێزخستی گەنجان، ئەوەیە كە گوایە گەنجان لەحكومەتەكان‌و پەرلەمانەكان پۆستیان وەرگرتووە، بەڵاو بەوەی ئەو «ئەوە ناكاتە ئەوەی كە دەبێت رۆڵی گەنجان لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا پەراوێزبخرێت، لەكاتێكدا پێشتر گۆڕان لەسەر شانی گەنجان گەیشتووە بەو رۆژە».
 
عەدنان عوسمان هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، كە بەوتەی خۆی لەگەڵ كۆمەڵێك سەركردەی گۆڕان ناڕازین لەشێوازی بەڕێوەبردنی گۆڕان، دەڵێ: من پێم وانییە كە لەناو گۆڕاندا ململانێكە گەیشتبێتە ئاستێك كە جێگەی مەترسیبێ، بەڵام دواجار داواكردنی گەنجان بۆ وەرگرتن‌و هەڵگرتنی بەرپرسیاری لەناو بزووتنەوەكەدا تینێكی تر دەدات بەگۆڕان».
 
عەدنان عوسمان پێشیوانییە كە ئێستا گەنجان بەتەواوەتی پەراوێزخرابن، بەڵام بەوتەی ئەو دەبێ پۆست بەكەسانێك بدرێت خاوەنی ئەزموون بن‌و بتوانن ئەو بەرپرسیارییانە هەڵبگرن كە دەخرێتە سەر شانیان
شارپرێس
به‌روار:  27/11/2014
1004   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   672
کۆی سه‌ردان:   29257447