مێژوو و تێکۆشانی چه‌ند ساڵی په‌که‌که
ئه‌مڕۆ 27 – 11 – 2014 پارتی کرێکارانی کوردستان په‌که‌که پێده‌نێته 36.ساڵیادی دامه‌زراندی خۆیه‌وه.
لە دواى کودەتا سه‌ربازییه‌کەى (11)ى مارسی ساڵی (1971) له تورکیا، رەوتى شۆڕشگێڕی و چەپگەرى خوێندکاری و لاوانی کورد و تورک، لەژێر کاریگەرى شۆڕشی ڤێتنام و بزاڤى خوێندکاری و لاوانى فه‌ڕه‌نسا له ساڵی (1968)دا که‌شوهه‌وایه‌کی شۆڕشگێڕی خوڵقاندبوو.
ئه‌وکاته عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان وه‌ک خوێندکارێک سەبارەت بە کورد و کێشەکەی و گرفتەکانى دیکەى کۆمەڵگا لەنێو لێگەڕین و لێکۆڵینەوە دابوو ، ئۆجه‌لان بە چوونی بۆ ئه‌نقه‌ره و خوێندن له زانکۆی ئه‌نقه‌ره و کۆلێژی زانستە سیاسییەکان که‌وته نێو دۆخ و که‌شوهه‌وایه‌ک که له‌لایه‌ن رەوتى چەپگەرى و شۆڕشگێڕی ئەو کاتەوه، به تایبه‌تی کاریگەری بزاڤەکانی پارتى ـ بەرەیی ـ رزگارى گەلی تورکیا بەرێبەرایەتى "ماهیر چایان" و ئەرتەشی رزگارى گەلی تورکیا بەرێبەرایەتى "دەنیز گەزمیش" و ئارتەشی شۆڕشگێڕی رزگاریخوازى کرێکاران و جووتیارانى تورکیا (تییککۆ) بەرێبەرایەتى " ئیبراهیم کایپاک کایا"دا بوو. هه‌ربۆیه ئۆجه‌لان له نێو هه‌موو گرووپه چه‌پگه‌ره‌کاندا، ئه‌م 3 گرووپه ئاماژه پێکراوه‌ی لەهەموو گروپەکانى دیکەی چەپڕە و پێ باشتر بوو.
ئۆجەلان لەدژی کوشتنی ماهیر چایان سەرۆکى بەرەی ـ پارتى ـ رزگارى گەلی تورکیا و 9 لەهاوڕێکانى لە (31)ى مارسی (1972) دا به‌شداری ڕێپێوان ده‌کات، ئۆجه‌لان لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوى "دۆغان فرتنە" لەرێپێوانەکەدا دەستگیر دەکرێن و نزیکەى (7) مانگ لەزیندانى"ماماک"دا دەمێنێتەوە.
دواى ئازادبوونى هەردوو که‌سێتی شۆڕشگێڕی تورک "حەقی قەرار و کەمال پیر" دەناسێت، که ئه‌وانیش خوێندکاری هه‌مان زانکۆ بوون. ئیدى ئه‌م 3 هاوڕێیه بەیەکەوە دەژین و پێکه‌وه بناخه‌ی یەکەم گروپی ئایدیۆلۆژی تەڤگەرى ئاپۆچێتى داده‌مه‌رزێنن.
دوو هاوڕێی هەرە دەستپێکی لە رۆڵەکانی گەلی تورکن، کە "حەقی قەرار و کەمال پیر" ن. ئەم دوو هاوڕێیەی لەسەر بنەمای چەمکی " تا گەلی کورد ئازاد نەبێت گەلی تورکیش ئازاد نابێت" هەڤاڵێتی ئۆجه‌لان دەکەن و یەکەمین گروپی سێ کەسی بۆ سەرهەڵدانی تەڤگەری ئاپۆچیتی پێکدێنن.
لە (1976)دا لە ئه‌نقه‌ره، یەکەم کۆبوونەوەى گروپەکە لە گەڕەکى "دیکمان " ئەنجام دەدرێت. ئەم کۆبوونەوەیە به یەکەم کۆبوونەوەى فەرمى تەڤگەرى ئاپۆچێتی داده‌نرێت. له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، بڕیارى گەڕانەوە لە ئه‌نقه‌ره‌وه بۆ کوردستان و دەستکردن بەتێکۆشانى ئایدیۆلۆژی، سیاسی و رێکخستنى دەدرێت.
لەساڵی (1976) لەکاتى مەشقپێکردندا، به‌هۆی بەکارهێنانى دەمانچەوه، "عەلی دۆغان یڵدرم" لە گەڕەکى "تووزلوچایر"ی ئه‌نقه‌ره فیشەکى لەدەست دەردەچێت و گیانی له‌ده‌ست ده‌دات. "عەلی دۆغان یڵدرم" له‌مێژووی ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که‌دا یه‌که‌م گیانبه‌ختکرووی تەڤگەره‌که‌یه.
له ڕۆژی 18ی مارسی ساڵی 1977 "حەقی قەرار" یاریدەدەرى یەکەمى ئۆجه‌لان بەدەستى گروپێکی سیخوڕی "ستێرکا سۆر" لە چایخانەیەک لە گەڕەکى نوورى پازاڕباشی شارى "عەنتاب" لەمیانەى پیلانگێڕییەکدا بەدەستى سیخوڕ "عەلائەددین قاپان" تیرۆر ده‌کرێت.
لەپاییزى (1977)دا ئۆجەلان دەست بە نووسینی یەکەم رەشنووسی پرۆگرامى پارتییەکى سیاسی کرد و لە زستان و بەهارى (1978)یشدا له شێوه‌ی نامیلکه‌یه‌کدا به‌ئامانجی په‌روه‌رده‌یی و تاوتوێکردن و وه‌رگرتنی بیروڕای کادیرانی گروپ، بەسەر تەواوى کادیرانى تەڤگەرەکەدا بڵاو کرایه‌وه. دواتر ئەو رەشنووسە بووه بنه‌مای پرۆگرامى په‌که‌که و له کۆنگره‌ی یه‌که‌می دامه‌زراندندا په‌سند کرا.
لە رۆژانی 26 و 27 مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1978 لەگوندى "فیس"ى سەر بە قەزاى"لیجە"ى شارى "ئامەد"، بەئامادەبوونى 22 کەس، کە دوویان کچ بوون، یەکەم کۆنگرەى تەڤگەرى ئاپۆچێتى به‌ڕێوه ده‌چێ و لەو کۆنگرەیەدا پارتیا کارکه‌رێن کوردستان په‌که‌که دادەمەزرێت و ئاشکراکردنی دا‌مه‌زراندنی په‌که‌که ده‌هێڵرێته‌وه بۆ کاتی ئه‌نجامدانی چالاکییه‌کی مه‌زن و به‌کاریگه‌ر.
له ڕۆژی 30 مانگی جولای ساڵی 1979 لەگوندى "قرباشی"ى سەر بە شارۆچکەى "حیلوان"ى سەر بە شارى "ئورفە" چالاکییەکه لەبەرامبەر "محەمەد جەلال بوجاک"ى سەرۆکى عەشیرەتى بوجاک و له‌هه‌مانکاتدا سه‌رۆک جه‌رده‌وان لەلایەن ئاپۆچییەکانەوە ئەنجام درا و لەئاکامدا "محەمەد جەلال بوجاک" بەبریندارى رزگار دەکات. ئه‌مه یه‌که‌م چالاکی فه‌رمی په‌که‌که بوو، به‌م چالاکییە وه‌ک بڕیاربوو دامەزراندنى په‌که‌که ڕاگه‌یه‌نرا .
ئۆجه‌لان لەسەرەتاى مانگی ته‌مموزی ساڵی (1979)دا تورکیا و باکوورى کوردستان بەجێدێڵێت و بەنهێنى بەرەو باشوورى رۆژئاواى کوردستان و سوریا دەڕوات و لەوێ لە شاری کوبانێ، بەنهێنى ماوەیەک دەمێنێتەوە.
هەر لەهەمان ساڵدا ئۆجه‌لان لە دیمەشق رێکخراوە فەلەستینییەکان دەناسێت و پەیوەندییان لەگەڵدا دەبەستێت، بۆ ئه‌وه‌ی لە لوبناندا لەکامپى پەروەردەیی فەلەستینییەکاندا کادیرانى په‌که‌که پەروەردە ببینن هه‌وڵی زۆریان له‌گه‌ڵ ده‌دات تا به‌وه رازیان ده‌کات که له کامپه‌که‌یاندا په‌روه‌رده ببینن. هەر لەکۆتای هەمان ساڵدا بەدەیان کادیرى په‌که‌که بۆ مەشق و پەروەردە بۆ کامپی فەلەستینییەکان لە لوبنان به‌ڕێده‌که‌ون.
له‌ساڵی (1979)یشدا، لەهەڵبژاردنى شارەوانیدا، لەشارەکانى حیلوان و باتمان لایەنگرانى په‌که‌که لەهەڵبژاردنەکاندا سەردەکەون. بەڵام دواى (3) مانگ سەرۆکى هەڵبژێردراوى شارەوانى باتمان "ئەدیب سۆڵماز" لەلایەن دەوڵەتەوە تیرۆر دەکرێت.
لە ڕۆژی 12ی سێپته‌مبری ساڵی 1980دا کودەتایەکى سەربازى لە تورکیا ئەنجام دەدرێت و بڕیارى داخستنى سەرجەم پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان و تەواوى رۆژنامە و گۆڤارەکان دەدرێت، لەو هەڵمەتەدا نزیکه‌ی 4 هه‌زار کادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگری په‌که‌که ده‌خرێنه زیندانه‌کانه‌وه.
لە(15)ى ته‌مموزی (1981)دا یەکەمین کۆنفرانسی په‌که‌که لە لوبنان ئەنجام ده‌درێت و ته‌ڤگه‌ر له‌کۆنفرانسه‌که‌دا بڕیارى گەڕانەوە بۆ وڵات و ئامادەکارى بۆ دەستپێکردن بە تێکۆشانى پڕوپاگەندەى چەکدارى و دەستکردن بەتێکۆشانى گه‌ریلایی دەدرێت.
لە یه‌که‌م رۆژی نەورۆزى (1982)دا "مەزڵوم دۆغان" لەژێر دروشمى" بەرخۆدان ژیانە، تەسلیمییەت مردنە"دا لە زیندانى "ئامەد"دا ئاگر لەجەستەى خۆى بەردەدات و گیانی له‌ده‌ست ده‌دات.
لە شەوى 18ى مانگى ته‌مموزی ساڵی (1982)دا لە زیندانى "ئامەد"دا کادیرانی دیکه‌ی په‌که‌که وه‌ک "فەرهاد کورتای، مەحمود زەنگین، ئەشرەف ئانیک و نەجمی ئۆنەر" بەدروشمى "بەرخۆدان ژیانە، تەسلیمییەت مردنە" هەر چواریان بەیەکەوە ئاگر لەجەستەى خۆیان بەردەدەن.
لە ڕۆژی 14ی مانگی ته‌مموزی ساڵی 1982دا " محەمەد خەیری دوورموش، کەمال پیر، عاکیف یڵماز و عەلی چیچەک" دەستیان بەمانگرتن لەخواردن تامردن کرد دوای (55 تا 65) رۆژ لە مانگرتن هەر چوار پێشه‌نگ به‌دوای یه‌کدا گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
له‌ساڵی (1982)دا سوپای ئیسرائیلی هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر کامپی فه‌له‌ستینییه‌کان له لوبنان و ته‌واوی باشووری لوبنان چڕتر ده‌کاته‌وه.
گه‌ریلاکانی په‌که‌که لە شارەکانى بەیروت، حەسبایا، ئەلدامور، سەیدا سور.. بەگشتى و لە قەڵاى شەقیف و قەلاى سەلاحەددینى ئەیوبی بەتایبەتى، بەرخۆدانێکى مەزن لەبەرامبەر سوپاى ئیسرائیلییەکان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و چه‌ند که‌سیان لێ شه‌هید ده‌بێت.
لە ڕۆژی (20)ى ئوگۆستۆسی (1982)دا، لە دۆڵی بیقاعی لوبناندا، دووەمین کۆنگرەى په‌که‌که ئەنجام دەدرێت. له‌و کۆنگره‌یه‌دا لێبڕاوانه بڕیارى گەڕانەوە بۆ وڵات و دەستپێکردن بە تێکۆشانى گه‌ریلایی دەدرێت.
له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ له باشووری کوردستان، په‌که‌که به‌ئامانجی ئاشتبوونه‌وه‌یه‌کی گشتی و ئاواکردنی به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌شی سه‌رجه‌م پارت و لایه‌نه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، ده‌سته‌یه‌ک له‌په‌یامبه‌ری ناوبژیوانێتی له‌ژێر به‌رپرسیارێتی ئەندامی کۆمیتەى ناوەندی په‌که‌که "محەمەد قەرەسوونگور" ده‌نێرێته باشوور و له قه‌ندیلدا له هه‌وڵی ناوبژیوانێتیدا ده‌بن. به‌ڵام له ڕۆژی 3ی مای ساڵی 1983دا له شه‌ڕی نێوان یه‌کێتی و حیزبی شیوعی دا. محه‌مه‌د قه‌ره‌سونگور و ئیبراهیم بیلگین گیانی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و سێ له هه‌ڤاڵانیشیان دیل ده‌کرێن.
لە (15)ى ئابی (1984)دا دواى ئامادەکارییەکى چڕ‌وپڕ بە فەرماندەیی و سەرپەرشتى (مەعسوم قۆرقماز) ناسراو به عه‌گید لە شارۆچکەکانى" ئەروه ـ شەمزینان" هەڵمەتی گه‌ریلایی دەستپێدەکات و یەکەم فیشەک دەتەقێنرێت. بەمەش خه‌باتى گه‌ریلایی په‌که‌که دەستپێدەکات، لەگەڵ ئەو هەڵمەتەدا، به به‌یاننامه‌یه‌ک، هێزى رزگارى کوردستان (هه‌ڕه‌که) دامه‌رزاندنی خۆی رادەگەیەنێت.
لە نەورۆزى ساڵی (1985)دا بەرەى رزگاریخوازى نەتەوەیی کوردستان دامه‌زرا.
لە 25ی مانگی ئۆکتوبه‌ری ساڵی 1986دا کۆنگرەی سێیەمی په‌که‌که لە کامپی په‌روه‌رده‌یی لە دۆڵی بیقاعی لوبنان بەسترا.
لە ساڵی 1988دا حکومەتى ئەڵمانیا "دوران کاڵکان و عەلی حەیدەر قەیتان " و چەند ئەندامێکى دیکەى په‌که‌که‌ی گرت و خستنییە زیندانەوە. ئەڵمانیا دەیویست لە کەسایەتی ئەو کادیرانه‌ی په‌که‌که‌دا په‌که‌که و خەباتی ئازادیخوازى گەلى کوردستان بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. بەڵام بەرگریکردنى رەوایانە و یاساییانەى ئەو کادیرانه‌ی په‌که‌که لە دادگایی دۆسڵدۆرفدا، وایکرد کە ئاراستەى دادگاییەکە بە بەرژەوەندى حکومەتى ئەڵمانیا بەڕێوە نەچێت و له‌ئه‌نجامدا ئه‌و کادیرانه ئازادکران.
لەنەورۆزی (1990)وه تا ساڵی (1992) لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستاندا سەرهەڵدانی گەل بەرپا بوو.
لە ڕۆژی 10ی مارسی ساڵی 1990 سه‌رهه‌ڵدان و لە شارۆچکەى نسێبیندا سه‌رهه‌ڵدان دەستپێده‌کات. دواتر لە"جزیرە" و "بۆتان" یش سەرهەڵدان بەرفراوان.
لە مانگی گوڵانى ساڵی (1990)دا کۆنفرانسی نەتەوەیی دووەمی په‌که‌که بەسترا. رۆژەڤى گشتى کۆنفرانسەکە هەڵسەنگاندنى پراکتیکى دواى سێیەمین کۆنگرە بوو.
لە ساڵی (1991) دا بۆیەکەمین جار کۆنفرانسێکى تایبەت بە زیندانیانی زیندانەکانى تورکیا و باکوورى کوردستان لە ئەکادیمیاى مەعسوم قۆرقماز لە "دۆڵی بیقاع" دا سازدرا.
له‌به‌هاری ساڵی 1991دا له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری گه‌ل له‌باشووری کوردستان دژ به‌رژێمی دیکتاتۆری به‌عس، گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ش، به‌شداری له به‌جۆشکردنی راپه‌ڕینه‌که له‌هه‌رێمی بادینان ده‌که‌ن و به‌شێوه‌یه‌کی کردرایش له ئازادکردنی زاخۆ و گوند و شارۆچکه‌ی تری نزیک به سنوور ڕۆڵ ده‌بینن.
لە ساڵی (1991)دا پارتى ئازادى کوردستان (پاک) لەلایەن کادیرانى خەڵکى باشوور کە تا ئەو کاتە لەنێو په‌که‌که‌دا لەتێکۆشان دابوون، دامەزرا.
لە ساڵی (1992)دا کۆنفرانسی نەتەوەیی سێیەمی په‌که‌که بەسترا. له‌کۆنفرانسه‌که‌دا دۆخی سیاسی جیهان و ناوچه‌که و جیهان کوردستان شرۆڤه کرا.
لە ڕۆژی 4ی مانگی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1992دا تورکیا به‌هاوکاری هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشووری کوردستان و بەپشتیوانى سیاسی و راگەیاندنى ئەمریکا، هێرش کرایە سەر گه‌ریلاکانی په‌که‌که.
لەهەمان شەڕدا (گوڵناز قەرەتاش) ناسراو به بێریتان لەخواکورک لە ڕۆژی 25ی ئۆکتوبه‌ردا دواى ئەوەى فیشەک و تەقەمەنى پێ نامێنێت، خۆى لەسەر لوتکەى چیادا ده‌هاوێژێته خوارێ و گیانی له‌ده‌ستده‌دا.
دوای شکستی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌نده‌ویچ تۆرگۆت ئۆزالی سه‌رۆککۆماری ئه‌و کاته ، له‌رێگه‌ی نامه‌وه داوای له ته‌ڤگه‌ری په‌که‌که کرد که ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت تا ئه‌وان بتوانن له‌ناو ده‌وڵه‌تدا هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری بنێنن.
له‌پێناو هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌رییه‌کی سیاسیانه‌ی دۆزی کورد، لەڕۆژی 17ی مانگی ئاداری ساڵی 1993دا رێبه‌ری په‌که‌که عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانییه‌وه له دۆڵێ بیقاع یەکلایەنە ئاگربەستی راگەیاند. بەڵام ئەو ئاگربەستە له‌لایه‌ن حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی تورکیاوه بێ وەڵام مایه‌وه.
لە ساڵی (1994)دا پارتی کرێکارانی کوردستان په‌که‌که لە شاری ژنێف، پەیمانی نێودەوڵەتى بەناوی پەیمانی مافی مرۆڤی ئیمزا کرد، پاش ئیمزاکردنی ئەو پەیمانە په‌که‌که لەسەر ئاستی نێودەوڵەتى وەکو لایەنێکی شەڕ ناسرا.
لە کۆتایی مانگی کانونی دووه‌می ساڵی (1994)دا کۆنگرەی پێنجەمی په‌که‌که لەسه‌ر خاکی کوردستان بەسترا.
لەنەورۆزى (1995)دا لەمیانەى کۆنفرانسێکدا؛ یەکێتى نەتەوەیی دیموکراتى کوردستان یه‌نه‌ده‌که له‌لایه‌ن کادیران و تێکۆشه‌ره‌کانی وڵاتپارێزی نزیک به په‌که‌که له‌باشوور دامەزرا، لەو کۆنفرانسەدا کاوه عه‌لی ناسراو به د. سیروان بە سکرتێرى گشتى هەڵبژێردرا، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌کاربوونیدا، له‌لایه‌ن هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشووره‌وه رووبه‌ڕووی دژایه‌تیکردن و هه‌وڵی پارچه‌کردنی درا.
لە ڕۆژی 4ی تشرینی یه‌که‌می ساڵی 1996 دکتۆر سیروان، لەنزیک گوندى "قەڵاچووغەى سەى کەریم"ى سەر بەناوچەى"ئاغجەلەر" له‌لایه‌ن چه‌کدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کی به ناوه‌کانی حاجى قامشلۆیی، عەگید گەرمیانى، بابان و دیلان ماردینى ده‌درێنه به‌ر رێژنه‌ی گوله و له ئاکامدا گیانیان له ده‌ستدا.
لەساڵى (2000)دا به‌هۆی دۆخی ئه‌وکاته‌وه، یه‌نه‌ده‌که وەک رێکخستن هەڵوەشایەوە.
لە ڕۆژی 24ی مانگی دێسه‌مبری ساڵی 1995 جارێکى دیکە په‌که‌که ئاگربەستى یەکلایەنەى لەبەرامبەر تورکیا و پارتی راگەیاند. بەڵام دیسان ئەو ئاگربەستەش له‌لایه‌ن تورکه‌وه بێ وەڵام مایەوە.
لە ڕۆژی (6)ى ئایاری ساڵی (1996) لە پیلانگێڕییەکى به‌رفراواندا؛ لە دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا ترومبێلێکى بۆمبڕێژکراو لەنزیک شوێنى مانەوەى ئۆجه‌لان تەقێندرایەوە. لەم پیلانگێڕییەدا ئیستخباراتى چەندین دەوڵەت تێیدا بەشدار بوون.
له ڕۆژی 14ی مانگی گوڵانی ساڵی 1997دا ئه‌رته‌شی تورک به‌ئامانجی له‌ناوبردنی ته‌ڤگه‌ری ئازادی کوردان ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی به‌رفراوانی ئه‌نجام دا و پارتیش لە ئۆپەراسیۆنەکانى سوپاى تورک‌دا به‌شداری کرد و به‌و شێوه‌یه جارێکی‌تر شەڕ و پێکدادان دەستیپێکردەوە.
لەسه‌ره‌تای حوزه‌یرانی ساڵی (1997)دا لە هەرێمی زاب هه‌لیکۆپتەرێکی سوپای تورک له‌لایه‌ن گەریلاکانی "ئارگه‌که"وه بەردرایەوە، کە چەندین گەورە ئەفسەری باڵای تێدا کوژران.
له 16ی گوڵانی هه‌مان ساڵدا پێشمه‌رگه‌کانی پارتی لە شاری هەولێر هێرشی کرده سه‌ر چه‌ندین بنکە و بیرۆی رێکخراوی سیاسی و ده‌زگای رۆشنبیری و رۆژنامه‌وانی نزیک به ته‌ڤگه‌ری ئازادی و لەئاکامدا به‌ده‌یان شۆڕشگێڕ و کادیری سیاسی و گه‌ریلای نه‌خۆش و که‌مئه‌ندام و هونه‌رمه‌ند و رۆژنامه‌وان گیانیان له‌ده‌ست دا و بێسه‌روشوێن بوون.
لە(20)ی ئەیلولی (1997) دا جارێکى دیکە سوپای تورک پەلاماری باشووری کوردستانى دایەوە و دیسان شکستى هێنا.
لە ڕۆژی 1ی مانگی ئه‌یلولی ساڵی 1998، بەبۆنەى رۆژی جیهانی ئاشتییەوە و لەپێناو زەمینە خۆشکردن بۆ دیالۆگ و چارەسەرکردنى پرسی کورد، په‌که‌که ئاگربەستێکى تری یەکلایەنەى راگەیاند.
لە 17ی سێپته‌مبه‌ری 1998دا بە سەرپەرشتى و هاوکارى ئەمریکا و تورکیا رێککەوتنى واشنتۆن لەنێوان (یه‌نه‌که) و (په‌ده‌که) ئەنجام درا، هه‌ر دوای ئەو رێککەوتنە لەرێکەوتى 9 ی ئۆکتۆبه‌ری (1998) دا، بەتۆمەتى داڵدەدانى ئۆجەلان هەڕەشە لەسوریا کرا.
ئۆجه‌لان، ڕۆژی 9 ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1998 رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به‌جێهێشت و ڕووی له یۆنان کرد، پاشان چووه مۆسکۆی پایته‌ختی روسیا. دواتر له 12 نۆڤه‌مبه‌ر ئۆجه‌لان رووی کرده رۆما.
به هۆی گوشاره‌کانی تورکیاوه و هاوکات پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپاییدا، وڵاتانی ئه‌وروپا و ڕووسیا به شێوه‌ی فه‌رمی مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی ئۆجه‌لانیان له وڵاته‌کانیان ره‌تکرده‌وه. بۆیه ئۆجه‌لان نێردرایه نایرۆبی پایته‌ختی کینیا و له‌وێ له‌میانه‌ی هاوکاری سیخوڕی نێوان ده‌زگا سیخوڕییه‌کانی ئیسرائیل، ئه‌مریکا، یۆنان و کینیا و چه‌ندین ده‌زگای تری ئیستخباراتی، ئۆجه‌لان ده‌سگیر کرا و ڕۆژی 15ی فێبریوه‌ری (شوبات) ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورک کرایه‌وه.
گه‌لی کورد؛ هه‌م له کوردستان و هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ڕژانه سه‌ر شه‌قام و کۆڵانه‌کان.
له‌ته‌واوی باکوری کوردستان و تورکیا زنجیره چالاکی ئه‌نجامدران، ژنان و جه‌وانان شه‌و و ڕۆژ له چالاکیدا بوون.
رۆژی 3ی ڕه‌شه‌ممه به هاتنه سه‌ر شه‌قامی خه‌ڵکی شاری سنه، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه به‌رفراوانه‌کانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش ده‌ستی پێ‌کرد. هێزه چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کرده سه‌ر خۆپیشاندانی شاری سنه و 17 کوردی ڕاپه‌ریوی ئه‌و شاره‌یان شه‌ڵاڵی خوێن کرد و له‌شاری مه‌ریوان 4 که‌س و له شاری ورمێ 3 که‌س کوژران.
زیاتر له 50 هه‌زار کورد له شاری سلێمانی بۆ به‌رده‌م بنکه‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌و شاره ڕێپێوانیان ساز کرد و گه‌نجێک به‌ناوی سیروان سلێمانی ئاگری له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و دوای چه‌ند ڕۆژێک ژیانی له‌ده‌ستدا.
لە فێبریوه‌ری ساڵی (1999) دا شەشەمین کۆنگرەى په‌که‌که سازده‌درا، لەئانوساتى بەستنى کۆنگرەکەدا هەواڵى رفاندن و دەستگیرکردنى ئۆجەلان بە پیلانگێڕییەکى نێودەوڵەتى دەبیسترێت.
لە ساڵی (1999)دا لەپێناو دروستکردنى زەمینەى دیالۆگ و ئاشتى و چارەسەرى، بڕیارى کشاندنەوەى سەرجەم هێزەکانى گەریلا لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە بۆ سەر سنووری باشوور دەدرێت.
هه‌ر لە 29ی ئۆکتۆبه‌ری هه‌مان ساڵدا دوو گروپى ئاشتى بە مەبەستى نیشاندانى نیازپاکى و داخوازى دیالۆگ و ئاشتى بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون.
لە زستانى ساڵی (2000)دا حەوتەمین کۆنگرەى په‌که‌که بەشێوەیەکى ئاوارتە ساز درا و لەو کۆنگرەیەدا بڕیار لەسەر گۆڕ‌انى ستراتیژی په‌که‌که درا.
لە مانگی سێپته‌مبری ساڵی (2000) یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان دواى داخستنی چه‌ندین داموده‌زگای مه‌ده‌نی نه‌ته‌وه‌یی له‌شاری سلێمانی، پەلامارى کەمپی پەروەردەیی قەرەداغی گه‌ریلاکانی دا و پاشان هێرش و شاڵاوەکانى خۆى بۆ سەر چیای قەندیل دەستپێکرد و شەڕ و پێکدادان پەرەیسەند.
لەساڵی (2001)دا شەشەمین کۆنفرانسی په‌که‌که سازدرا. لە هاوینى هه‌مان ساڵدا، یەکەمین کۆنفرانسی هێزى پاراستنى گەل (هه‌په‌گه) سازدرا.
لە ساڵی (2002)دا هەشتەمین کۆنگرەى په‌که‌که سازدەدرێت. لەم کۆنگرەیەدا ناوى په‌که‌که دەگۆڕدرێت و دەبێتە کۆنگرەى ئازادى و دیموکراتى کوردستان کاده‌ک.
لەکۆتایی ساڵى (2003)دا دووەمین کۆنگرەى (کاده‌ک) سازدەدرێت. لەم کۆنگرەیەدا (کاده‌ک) خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆنگرەى گەلى کوردستان (کۆنگرا گه‌ل) دادەمەزرێت.
لە ساڵی (2004)دا دووەمین کۆبوونەوە (کۆنگرە)ى جڤاتی گشتى کۆنگرەى گەل سازدەدرێت.
له 9ی نۆڤه‌مبه‌ری 2004 دا پێنج کادیری ته‌ڤگه‌ری ئازادی به‌ناوه‌کانی "شیلان کوبانێ، جەمیل، زەکەریا، فوئاد، جوان" لەمیانەى پیلانێکدا له‌لایه‌ن گروپێکی تیرۆریستییه‌وه له ده‌وروبه‌ری موسڵ ده‌ستگیر ده‌کرێن و پاشان ده‌کوژرێن.
لە نەورۆزى (2005)دا ئۆجەلان لەرێگەى پارێزەرەکانییەوە سیستەمى کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی به‌ناوی کۆما کۆمەڵێن کوردستان (که‌که‌که) رادەگەیەنێت.
لە نێوان ڕۆژه‌کانی (15 ـ 22)ى مانگی گوڵانی ساڵی (2005)دا سێیەمین کۆبوونەوەى جڤاتى گشتى کۆنگرەى گەل سازدەدرێت و له کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌فراوانی سیسته‌می کۆنفیدراڵی دیموکراتی تاوتوێ ده‌کرێت.
لە به‌هاری ساڵی (2006)دا چوارەمین کۆبوونەوەى جڤاتى گشتى کۆنگرەى گەل سازدرا. له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا، جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنی سیسته‌می کۆنفیدراڵی دیموکراتی له گۆڕه‌پانه‌کاندا کرایه‌وه.
له ڕۆژی 31ی جولایی 2007دا پارێزەرانى ئۆجەلان لە ئەوروپادا له کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند کە ئۆجەلان لە زیندانى ئیمرالیدا بە ماددەى سترانسیۆم و کرۆم ژەهرخوارد کراوە.
هەر داوى ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا بە بەشدارى (68) کەس، (18)یان هەمیشەیی و (50)یان بەنۆرە لەبەردەم بینایەى دادگاى مافی مرۆڤى ئەوروپا لە ستراسبۆرگ دەستیان بە مانگرتنى بێ‌کۆتایی کرد، و ئه‌و چالاکیه 39 ڕۆژی خایاند له‌سه‌ر داوای مانگران ڕێکخراوی دژ به ئه‌شکه‌نجه بۆ لێکۆڵینه‌وه چوه ئیمراڵی.
لە ڕۆژی 30 نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2007دا کۆنسەى بەڕێوەبەرایەتى که‌جه‌که و دیوانى سەرۆکایەتى کۆنگرەى گەل پرۆژەیەکى چارەسەرى بەناوى "جاڕنامەى چارەسەرى دیموکراتیانە"ى لە حەوت خاڵدا بە مەبەستى چارەسەرکردنى پرسی کورد پێشکه‌ش کرد.
لەشەوه‌کانی (15 ـ 16)ى مانگى دێسه‌مبه‌ری ساڵی (2007)دا (53) فرۆکەی جەنگی سوپاى تورک گوندەکانى باشوورى کوردستانیان بۆردومان کرد. لە ئاکامی ئه‌و بۆمبارانانه‌دا (2) گوندنشینى بنارى قەندیل و (5) گەریلا گیانیان له‌ده‌ستدا و بەدەیان کەسیش بریندار بوون.
پارتی کرێکارانی کوردستان په‌که‌که له نێوان ڕۆژه‌کانی 21 و 30ی ئوگۆستی 2008دا، 10هه‌مین کۆنگره‌ی خۆی له چیاکانی کوردستان به‌ست. نوێنه‌ر له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه به‌شداری کۆنگره بوون و دوا ڕووداوه‌کانی کورستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به به‌رفراوانی هه‌ڵسه‌نگێندران.
له 13ی ئاداری 2009دا له‌پێناو ده‌ستپێکردنی پێواژۆیه‌کی نوێ بۆ سه‌قامگیرکردنی ئاشتی و چاره‌سه‌رکردنی دیموکراتیانه‌ی پرسی کورد دۆخی بێچالاکی تا 31ی ئادار راگه‌یاند.
له19ی ئۆکتۆبه‌ری 2009دا له‌چوارچێوه‌ی پێشنیاز و رێنماییه‌کانی رێبه‌ری په‌که‌که عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، دوو ده‌سته له په‌یامبه‌رانی ئاشتی، ده‌سته‌یه‌ک له چیای قه‌ندیل و ده‌سته‌یه‌کی تریش له وارگه‌ی مه‌خمور گه‌ڕانه‌وه باکوری کوردستان و تورکیا.
له‌رۆژی 10ی نۆڤه‌مبه‌ری 2009دا بۆ یه‌که‌مینجار به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی کورد کرا، که‌جه‌که به‌ر له ده‌ستپێکردنی گفتوگۆکی ناو په‌رله‌ماندا له‌راگه‌یاندنێکی فه‌رمیدا به شه‌ش خاڵ پێشنیازه‌کانی خۆی بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئاشتی و چاره‌سه‌ری سیاسی و دیموکراتیانه‌ی پرسی کورد خسته‌ڕوو. داننان به هه‌بوونی گه‌لی کورد و به‌رۆژه‌ڤکردنی پرسی کورد له‌په‌رله‌مانی تورکیا یه‌کێکه له به‌رهه‌م و ده‌ستکه‌وته هه‌ره گرنگه‌کانی تێکۆشانی 35 ساڵه‌ی گه‌لی ئازادیخوازی کورد.
له 17ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2009دا بۆ یه‌که‌مجار 5 زیندانی دۆزی په‌که‌که بۆ زیندانی ئیمراڵی گوازرانه‌وه.
له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی نکوڵیکارانه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریا دژ به‌کورد به‌گشتی و زیندانیانی سیاسی کورد به‌تایبه‌تی، نزیکه‌ی 300 زیندانی دۆزی په‌که‌که و په‌یه‌ده له زیندانی ناوه‌ندی عه‌درا له دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا له 30ی ئۆکتۆبه‌ری 2009 ده‌ستیان به مانگرتنێکی کراوه کرد و بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ به‌رده‌وام بوو و له 9ی دێسه‌مبه‌ردا کۆتای‌یان به مانگرتنه‌که هێنا.
دوای ئه‌وه‌ی رێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان شوێنی زیندانییه‌که‌ی گۆڕدرا، ئۆجه‌لان رایگه‌یاند: جێگه‌ی ئێستای من وه‌ک چاڵێکی مردنه. لێره هه‌ناسه وه‌رگرتن و هه‌ناسه‌دانی مرۆڤێک دژواره. بێهه‌وایی خانه‌کانی مێشکی من ده‌کوژن. من هه‌ست به‌مردنی خانه‌کانی مێشکی خۆم ده‌که‌م.
له‌نه‌ورۆزی ساڵی 2013 دا ڕێبه‌ری په‌که‌که عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان په‌یامێکی ئاشتی و چاره‌سه‌ری ڕاگه‌یاند ، له 25 هه‌مان مانگدا هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل هه‌په‌گه له‌چوارچێوه‌ی په‌یامه‌که‌ی ئۆجه‌لاندا بڕیاری ئاگربه‌ست و کشانه‌وه‌ی گه‌ریلاکانیان دا بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوری باکوری کوردستان.
له‌و ڕۆژه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ قۆناغی ئاگربه‌ست و دیداره‌کان له نێوان په‌که‌که و تورکیا به‌رده‌وامه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی په‌که‌که به ئازادکردنی سه‌ربازه دیله تورکه‌کان و چه‌ند هه‌نگاوی دیکه نیازپاکی خۆی بۆ قۆناغه‌که نیشانداوه به‌ڵام تورکیا تا ئێستا هه‌نگاوی به‌رچاوی نه‌ناوه.
له‌پاش هێرشی چه‌ته‌کانی داعش بۆسه‌ر کۆبانێ و هاوکاری حکومه‌تی تورکیا بۆ چه‌ته‌کان قۆناغی ئاشتی چووه دۆخێکی ئاڵۆزه‌وه و ڕێبه‌ری په‌که‌که له ئیمراڵیه‌وه ڕایگه‌یاند که کۆبانێ هێڵی سوره‌وه و دۆخی ئه‌و شاره قۆناغه‌که یه‌کلا ده‌کاته‌وه.
له ئێستادا ماوه‌ی 38 ڕۆژه حکومه‌تی تورکیا ڕێگه‌ی نه‌داوه شاندی ناوبژیوانی هه‌ده‌په بچنه ئیمراڵی و دیداره‌کان به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه.
ڕۆژنیوز
به‌روار: 27/11/2014
1845 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|