سكرتێری گشتیی YNDK ئامادەی رێوڕه‌سمی ( 36 )ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK دەبێت
مالمۆکورد



پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ 27 / 11 / 2014 سكرتێری گشتیی YNDK ئامادەی رێوڕەسمی 36 ەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی PKK بوو, بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆی و سەركردایەتیی YNDK ی بە كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی PKK و لەڕێی ئەوانیشەوە بە ته‌واوی ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان راگەیاند.
پاشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە, غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەسەربانگهێشتی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ئامادەی رێوڕەسمی 36ەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی PKK بوو كە لە ( وارگه‌ها شه‌هید رۆسته‌م ) له‌ مه‌خموور بەڕێوەچوو, سكرتێری گشتیی YNDK بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان ئه‌ندامانی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و رێڤه‌به‌ری PKK پێشوازیكران, لەڕێوڕەسمەكەدا سكرتێری گشتیی YNDK پیرۆزبایی خۆی و سەركردایەتی YNDK ی بە سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانی PKK راگەیاند و هیوای سەركەوتن و گەشەسەندن و پێشكەوتنی زیاتری بۆ خواستن, ئەمەو هه‌ڤاڵانی PKK خۆشحاڵی خۆیان بە ئامادەبوونی سكرتێری گشتیی YNDK لەڕێوڕەسمەكەیاندا راگەیاندو سوپاسی هەڵوێست و ئامادەبوونیان كرد.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سكرتێری گشتیی YNDK په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی PKK كردووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

پەیامی پیرۆزبایی
بۆ / بەڕێز كۆنسەی سەرۆكایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK
سڵاوی سەرخۆبوون‌و ئازادی... 
بەبۆنەی یادی (36 )ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK ، بەناوی خۆمان ‌و ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و تەواوی ئەندام‌و لایەنگرانی یەكێتیمان یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو سەرجەم ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین و هیوای پێشڤەچوونی زیاترو سەركەوتنتان بۆ دەخوازین. 
بەڕێزان / پارتی كرێكارانی كوردستان PKK هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەكو ئێستا لەخەبات و تێكۆشان و شۆڕشی گەلی كوردستاندا رۆڵی پێشەنگ و كاریگەری هەبووە، هەزاران شەهیدو قوربانی لەپێناو گەل و نیشتماندا داوە، ئەمەش وایكردووە ئەم پارتە لەنێو بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستاندا، خاوەن سەروەری و دەستكەوتی مەزن بێت، كەئەمڕۆ بەرهەمی ئەم خەبات و قوربانییە بۆتە هۆی ئەوەی نەتەوەكەمان لە باكووری وڵات ببێتە خودان پێگەیەكی بەهێزو ژمارەیەكی كاریگەر لەنێو هاوكێشە سیاسییەكاندا, ئەمەیش وایكردووە هەموو لایەك بەگرنگییەوە چاوەڕوانی ئەنجامەكانی پێڤاژووی ئاشتی بكەن, بۆ پێشڤەچوون و سەركەوتنی ئەم پرسە پێویستە توركیا بەزووترین كات بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری PKK ئازاد بكات, لەبەرئەوەی بەسەركەوتنی ئەم پرۆسەیە ئاشتی و ئارامی بۆ گەلی كوردستان و گەلی توركیا دەگەڕێتەوە، هەر لەسەر ئەم بنچینەیە PKK بەهۆی بەرنامە نیشتمانییەكەیەوە، لەرووی بزاڤی كوردایەتییەوە توانیویەتی خزمەت بەهەموو بەشەكانی كوردستان بگەیەنێت.
پێكەوە ژیان‌و ئاشتی و تەبایی و دیموكراتی و پاراستنی یەكڕیزی گەل و سەرجەم هێزو لایەنەكانی كوردستان و لەكارە سەرەكییەكانی PKK بووە، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاتر PKK لەپێناو یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی تێبكۆشێت، بەتایبەت لەم رەوشە هەستیارەی ئەمڕۆ كە كوردستان و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبن و, لەپێناو بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلی كوردستان, پێویستە هەموومان بە گیانی برایەتی و تەبایی و بەیەك گوتاری سیاسی یەكگرتوو لەسۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەوە بەرەنگاری تیرۆریستان و هەموو كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم هەنگاوی دیموكراتی و خەباتمان ببینەوە, بەباوەڕی ئێمە ئەمەش تەنیا بە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان دێتەدی, بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان كار بۆ ئامادەكردن و بەستن و سەرخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بكەین. 
لەم بۆنەیەدا جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولامان ( YNDK ) و ) PKK ) لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان. 
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.
غەفوور مەخمووری 
سكرتێری گشتیی 
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK 
27 / 11 / 2014 هەولێر _ كوردستان

شایانی باسە هەروەها قەهار تاهیر سەعید ئەندامی مەكتەبی سیاسیی YNDK ئامادەی رێوڕەسمەكەبوو.
به‌روار:  27/11/2014
902   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   621
کۆی سه‌ردان:   29261877