25 نۆڤه‌مبه‌ر ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان چی یە ؟
دۆمینیکان له ساڵه‌کانی 1930 – 1961 له ژێر ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆریانه‌ی جه‌نه‌راڵ ڕافائیل تروجیللۆدا( Rafael Trujillo ) به ده‌ست ئازاری برسیه‌تی و هه‌ژاری و له هه‌مان کاتدا راسیستانه ئه‌ناڵێنێت.
له ساڵی 1937 نزیک به 15 تا 25 هه‌زار که‌س به‌و به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی ڕه‌ش پێستن، به فه‌رمانی رافائیل ئه‌کوژرێن ، بیرۆکه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رسیانه‌ی ڕافائیل به دوای سپیکردنه‌وه‌ی پێسته‌کانه‌وه بوو له دۆمینیکان. له هه‌مان ئه‌و کاتانه‌ی که که‌سانی ڕه‌ش پێست ئه‌کوژێت ده‌رگا به ڕووی سپی پێسته‌کانی جوله‌که ڕاکردووه‌کان، یابانی و ئیتالییه‌کان و ئه‌و ولاتانه‌ی که مرۆڤه‌کانیان سپی پێستن ئه‌کاته‌وه کرابوونه‌وه.
له‌و بارودۆخه پڕ له ئازار و مه‌ینه‌تییه‌ی دۆمینیکان سێ خوشک به ناوه‌کانی مینێرڤا له‌دایک بووی ساڵی 1926 ، پاتریا 1924 ، ماریا تێریسا 1935 په‌روه‌رده ئه‌بن.
مینێرڤا که ئه‌و کات له قوتابخانه ئه‌بێت چیرۆکی پڕ له نه‌هامه‌تی و پڕ له ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی باوک و برا و که‌سوکاری خوێندکاره هاوه‌ڵه‌کانی گوێ لێ ئه‌بێت که له زیندانه‌کاندان و کاریگه‌ری له سه‌ر ژیان و بیرکردنه‌وه‌ی دائه‌نێت ، هه‌ر ئه‌و کاتانه به بیرۆکه‌کانی پارتی سۆسیالیست ئاشنا ئه‌بێت، گوێ بیستی ڕادیۆکانی کوبا و چیرۆکه‌کانی گیڤارا و کاسترۆ ئه‌بێت.
له ساڵی 1949 دا پاش ئه‌وه‌ی که هه‌رسێ خوشک ئاهه‌نگێکی که بۆ دکتاتۆر ڕافائیل ساز کرابوو به‌جێدێڵن. ئیتر له‌و کاته‌وه ناوی ئه‌م خێزانه ئه‌چێته لیستی ڕه‌شی ده‌سه‌ڵاته‌وه ، بۆ ڕۆژێک دوای ئاهه‌نگه‌که باوکیان ده‌ستگیر ئه‌کرێت و دواتریش مینێرڤا که به بیرۆکه چه‌په‌کانی له ناو قوتابخانه ناسراوه ده‌ستگیر ده‌کرێت، له‌و ساته‌وه و به درێژایی ساڵانێکی زۆر ئه‌م سێ خوشکه هه‌ر جاره‌ی به بیانوویه‌ک بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌ستگیر ئه‌کرێن و دواتر ئازاد ئه‌کرێنه‌وه.
مینێرڤا به‌رده‌وام ئه‌بێت له خوێندن تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌بێت به پارێزه‌ر . له ساڵی 1959 دا هه‌ر سێ خوشکه‌که‌و هاوسه‌ره‌کانیان و ژماره‌یه‌ک له هه‌ڤاڵانیان دژ به ڕژێمی ڕافائیل بزووتنه‌وه‌ی چوارده‌ی یونی ڕائه‌گه‌یه‌نن. هه‌رسێ خوشکه‌که له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا به په‌پوله‌کان ناو ئه‌برێن. مینێرڤا و ماریا تێریسا چه‌ندین جار ده‌ستگیر ئه‌کرێن و له زیندانه‌کاندا ئه‌شکه‌نجه ئه‌درێن . پاش ماوه‌یه‌ک هه‌ر سێ هاوسه‌ری خوشکه‌کان ده‌ستگیر ئه‌کرێن و له ئه‌نجامی که‌مپینێکی جیهانیدا بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م ئازاد ئه‌کرێنه‌وه . به‌ڵام زۆری پێ ناچێت دیسانه‌وه هاوسه‌ره‌کانیان ده‌ستگیر ئه‌کرێته‌وه، و له پلانێکی له پێشدا داڕێژراودا پیاوه‌کانی رافائیل هاوسه‌ری مینێرڤا و ماریا تێریسا ئه‌گوێزێته‌وه بۆ زیندانێکی دوور که له نێو شاخه سه‌خته‌کاندا و ئه‌و سێ خوشکه ته‌نها سێ هه‌فته جارێک مافی سه‌ردانی کردنیان ده‌بێت، له کاتێکدا هه‌رسێ خوشک سه‌ردانی زیندانییه‌کان ئه‌که‌ن، له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا به شێوه‌یه‌کی نهێنی ده‌ستگیر ئه‌کرێن و ئازار و ئه‌شکه‌نجه ئه‌درێن و له‌گه‌ڵ شوفێره‌که‌یاندا ده‌یانکوژن، دواتر ئوتومبیله‌که‌یان له شاخێکی به‌رزی ناوچه‌که فڕێ ئه‌ده‌نه خواره‌وه که گوایه به کاره‌ساتی ئوتومبیل گیانیان له ده‌ست داوه. به‌ڵام خه‌ڵکی دۆمینیکان به‌م پیلانه ئه‌زانن و ناڕه‌زایی دژی ده‌سه‌لات نیشان ده‌ده‌ن.
پاش شه‌ش مانگ دواتر دیکتاتۆر ڕافائیل له بۆسه‌یه‌کدا ئه‌کوژرێت.
پاش ئه‌وه‌ی که ساڵی 1980 گروپێک له فیمینیسته‌کانی ئه‌مریکای لاتین له کۆلۆمبیا کۆئه‌بنه‌وه رایئه‌گه‌یه‌نن که 25 نۆڤه‌مبه‌ر ئه‌که‌ن به ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان، هه‌شت ساڵ دواتر نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌م ڕۆژه به ڕه‌سمی ئه‌ناسێت و ئیتر له‌و ساته‌وه ساڵانه ئه‌م ڕۆژه وه‌ک ڕۆژی توندوتیژی دژ به ژنان ڕیزی لێ ئه‌گیرێت و ڕێکخراوه‌کان به گوڕ‌و تینێکی تره‌وه دێنه مه‌یدان بۆ پارێزگاریکردنی مافه‌کانی ژنان.
سه‌رچاوه / هاوپشتی
ڕۆژنیوز
به‌روار: 25/11/2014
702 جار خوێندراوه‌ته‌وه
|