YNDK كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی هه‌ولێر ئیدانه‌ ده‌كات

ماالمۆکورد


تەقینەوەكەی بەردەم باڵەخانەی پارێزگای هەولێر ریسواو مەحكوم دەكەین

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە‌ رێكەوتی 19/11/2014 جارێكی دیكە تیرۆریستان لەرێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دەستیان چووە خوێنی رۆڵەكانی كوردستان و، لە ‌ئەنجامدا ژمارەیەك هاوڵاتی و كارمەندی پۆلیس شەهید و برینداربوون.
ئێمە لە یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەتوندی ئیدانەی ئەم كردەوە تیرۆریستییە دەكەین، هاوكات بەهەوڵێكی نەزۆكی داخ لە دڵ و دوژمنانی ئاشتی و كوردستانی دەزانین بۆ نانەوەی ئاژاوە وتێكدانی باری ئاسایش، ئەمەش لەئاكامی رق و كینەی چەپەڵی گروپی تیرۆریستی داعش دێت، بەهۆی ئەو سەركەوتنە مەزنانەی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕ لەدژیاندا بەدەستی دەهێنێت و هەوڵە نەزۆكەكانیان بۆ گەیشتن بەكوردستان پوچەڵ دەكاتەوە. لەهەمان كاتدا تیرۆریستان ئەو ئاسانكارییانە دەقۆزنەوە كە بۆ ئاوارەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت لەكاتی هاتنیان بۆ كو‌ردستان، تیرۆریستان هەندێ‌ جار لەم ‌نێوەندانەدا دزە دەكەن و دەستیان دەگاتە گیانی هاوڵاتیان. 
ئەم جۆرە تاوان و كارە تیرۆریستیانە كار لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان ناكات، بۆ درێژەدان بەكاروانی خەبات و تێكۆشان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان و هێنانەكایەی ‌ئاشتی و دیموكراسی و پێكەوەژیان، بەپێچەوانەوە دەبێتە مایەی زیاتر قوڵكردنەوەی گیانی تەبایی و یەكڕیزی نێوان سەرجەم پێكهاتە سیاسی و جەماوەرییەكانی كوردستان و وادەكات بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و دەستكەوتەكانی كوردستان زیاتر ریزەكانمان پتەو بكەین.‌ بۆیە داوا لە تەواوی هاوڵاتییانی كوردستان و هێزە سیاسیەكان دەكەین كەوا چاوكراوەبن و هاوكاری دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس بكەن بۆ دۆزینەوەی تیرۆریستان, و لەهەمان كاتدا داوا لە دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس دەكەین چاوكراوەتر و یەكدەست بن بۆ‌ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو تیرۆریست و دوژمنانەی چاویان بە پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنایەت و دەیانەوێ ئاسایشی شارەكانی كوردستان بشێوێنن.
لێرەدا سەرەخۆشی لە خۆمان ‌كەسوكاری شەهیدەكان دەكەین و، هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین و داوا لەحكومەتی كوردستان دەكەین قەرەبووی زیانلێكەوتوانی ئەم كارە تیرۆریستیە‌ بكەنەوە. 
- نەمری و سەربەزی بۆ شەهیدان.
- مردن و روورەشی بۆ تیرۆریستان.
مەكتەبی سیاسی 
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
28ی گەڵارێزان/ 2714 ی كوردی _ 19 / 11 / 2014 زایینی 
هەولێر- باشووری كوردستان

به‌روار:  19/11/2014
559   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   31
کۆی سه‌ردان:   29231266