هەموو خاكی كوردستان بە هی خۆم دەزانم و بەشەرعی دەزانم لەپێناویدا بكوژرێم
لەیەكەم لێدوانیدا، پاش  ناردنی  پەیامەكەی ،  بۆ ساڵح موسلیم ؛سەرۆكی پەیەدە؛ مامۆستا كامەران عەلی ؛مامۆستای ئاینی و چالاكوانی دیاری سلێمانی؛ رایدەگەیەنێت : "دوای خوێندنەوەی مەرسومەكە نامەكەم بەناسكی نوسی، گەرچی هەندێ دەستەواژەی توندیشیی تێدابوو، بەڵام لێكدانەوەی خراپ و هەڵە بۆ پەیامەكەی من كرا ".

وتیشی:" پەیامەكەی من بۆ پەیەدە  لە رووی نازوو لە روانگەی هەستكردن بووە بە دڵسۆزی و خۆشەویستیم بۆ برایانی خۆرئاوای كوردستان ، چونكە هەر لەسەرتاوە پشتیوانیم كردوون ، بەڵام بەداخەوە وەكو ئەوەی هەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە بۆ ئەوەی هەموو شتەكان سفر بكەنەوەو بڵێن مامۆستایانی ئاینی ئەمەن كەیاسای كۆنەپەرستی ئیسلام بڵاودەكەنەوە".

پاش ئەوەی لە خۆرئاوای كوردستان پەیەدە بە مەرسومێك ، چەند یاسایەكی دەركرد و تێیدا مافی ژن لە بڕیاردان و دەسەڵات و بواری كۆمەڵایەتیدا لەگەڵ پیاوان یەكسان دەكات ، مامۆستا كامەران یەكێك لە كەسایەتیە ئاینیەكانی شاری سلێمانی و چالاكوانێكی دیاری خۆپیشاندانەكانی 17 شوبات پەیامێكی لە رێگەی فەیسبووكەوە ئاراستەی ساڵح موسلیم سەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) كرد و پەیامەكەی كاردانەوەی جۆراو جۆری بە دوای خۆیدا هێنا. 

مامۆستا كامەران عەلی خوارەحم ؛مامۆستای ئاینی؛ راشیگەیاند:"هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی بەرەی نوسرە و داعش و شێوازی مامەڵەكردنیان لەگەڵ كوردانی خۆرئاوا ، راستەوخۆ دژایەتی خۆم بۆ كار و رەفتارەكانی ئەو گروپانە دەربڕی و زۆر بە توندی لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستای تری ئاینی دژایەتیمان كردوون ، بگرە هەندێ‌ جار لە رێگەی نوسینەكانمەوە پاساوەكانی پەیەدەم لە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سوریا بە ناچاری زانیوە و هۆكارەكانیم بە ڕەوا زانیوە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خۆیان." 

ئاماژەی بەوەشكرد، من لە پەیامەكەدا ویستم ئەوە بگەیەنم كە خۆرئاوای كوردستان چواردەوری بە چەند دەوڵەتێك گیراوە كە خەڵكەكەی هەمووی موسڵمانن لە پێناوی چیدا ئەو هەموو دوژمنە بۆ خۆتان دروست دەكەن؟ بەڵام بە داخەوە هەندێك دەیانەوێت پەیامەكەی من لە پەیامێكی ئاشتیانە و دڵسۆزانەوە بگۆرن بە پەیامێكی هەڕەشە ئامێز  كە بەهیچ شێوەیەك نەمویستوە ئەوە كارەبكەم". 

پۆستەكەی مامۆستا كامەران رۆژی هەینی رابردوو بڵاوكرایەوەو زیاتر لە 300 كۆمێنتی لەو بارەوە بۆ هاتوەو بەسەدان پۆستیش لەدژی بڵاوكراوەتەوە.

مامۆستا كامەران وتیشی : "سەرجەمی ئەو مەرسوم و یاسایانەی كە پەیەدە لە خۆرئاوای كوردستان دەریكردووە زۆرینەیان زۆر پەیامی ئینسانی و جوانن، بەڵام رەخنەی من لە دووخاڵی مەرسومەكە بووە". 

مامۆستا رەتیشی كردەوە ، لە پەیامەكەیدا بە هیچ شێوەیەك باسی فرەژنی كردبێت.

وتیشی:"وەكو خۆم بەشەرعی نازانم پشتیوانی بكەم لەپەیەدەو هاوفكرەكانی کە لە کۆ بەندەکانی فەیسبووکدا جنێو بەئیسلام و قورئان دەدەن".

لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا كامەران سوربوو لەسەر ئەوەی"دۆزی كورد لەرۆژاوا رەوایەو وتیشی :"هەموو خاكی كوردستان بە هی خۆم دەزانم و بەشەرعی دەزانم لەپێناویدا بكوژرێم". 
خەڵک
به‌روار:  17/11/2014
1375   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   999
کۆی سه‌ردان:   29236432