هاوپرسەکی “سەرپیل ئیلگوین” لە گەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی

ژێدەر: ڕۆژنامەی ئەڤرەنسەل، ٢٠- ١٠ - ٢٠١٤
وەرگێڕان لە تورکییەوە: حەسەن قازی

ئەندامی دەستەی پەروەردەکارانی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی بۆغازیچی، پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی دەڵێ: "داعش هەر لە بەر ئەوەی کە کۆبانێ لاییک و کوردە هێرشی ناکاتە سەری، پەلاماری سەر کۆبانێ لە بەر ئەوەیە کە ئیستیعارەی خۆڕاگرییە. کۆبانێ نوێنەری دەستەڵاتی گەلانە و لە بەر ئەوە بۆ هەموو کەس بە مەترسی دادەندرێ. وەلی بە ئاماژەکردن بۆ ناکۆکییەکانی حکوومەت لەمەڕ پێواژۆی چارەسەری، دەڵێ لە دوای دوایین هەڵبژاردنەوە ئاکەپە ئیدی ئەو پارتییە نییە کە دۆزی کورد چارەسەر بکا، بەڵکوو وەکوو پارتییەکی ناسیۆنالیزمی تورک هەڵسوکەوت دەکا. پرۆفێسۆر عەبباس وەلی کە یەک لە پسپۆڕانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆزی کوردە لە داعشەوە بگرە تا پارسەنگە تازەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ لە پێواژۆی چارەسەرییەوە تا کۆبوونەوەی دهۆک کە بەپەلە کەوتە ڕۆژەوەوە، وڵامی پرسیارەکانی داینەوە. پرۆفێسۆر وەلی، ئەم هاوپرسەکییەمان پێشکێش دەکا بە بیرەوەری شاگردەکەی “سوبحی نەژات ئاغرناسڵی”، خوێندکاری پی.ئێچ.دی بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی بۆغازیچی کە لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانێدا گیانی لە دەست دا.
بۆ وەرگێڕانی ئەم هاوپرسەکییە لە ئینگلیسییەوە بۆ تورکی سپاسی فولیا ئالیۆپچ دەکەین. 

بە بۆچوونی ئێوە داعش بۆچی بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرشی سەر کۆبانێ دەکا؟
بە بۆچوونی من داعش لە عێڕاق و سووریا بە دووی ئامانجی جیاوازەوەیە. 

ئەو ئامانجانە چن؟
لە عێڕاق ئامانجی ئەوەیە دەوڵەت وەدەست بخا و دەستەڵاتی خۆی دامەزرێنێ. بەڵام لە سووریا وەک دەستنێژێکی زۆر بە زەبروزەنگ کار دەکا. تانکەکانی تورک لە سەر سنوور مۆڵ دراون، ئاکەپەش لە ئانکارا دانیشتووە و سەرکۆمار “تەییب ئەردۆغان”یش داخویانی دەدا و دەڵێ "کۆبانێ خەریکە بگیرێ و بکەوێ" چونکە چاوەڕێی ئەوە دەکا. ڕاستە داعش ئامانجێکی ئاواشی هەیە کە لە سووریاش دەستەڵات بخاتە دەست خۆی، ئامانجی تایبەتی لە مەر خۆی هەیە، بەڵام لە سووریا زیاتر وەک دەستنێژێک هەڵسوکەوت دەکا.

دەستنێژی کێ؟ 
ئێستا وەک دەستنێژی تورکیا و عەڕەبستانی سعوودی وەبەرچاو دێ. بەڵام ئێستا بۆ هەر دووکیان ئیدی بووە بە ستراتێژییەکی بە مەترسی. ڕادەی زیادبوونی هۆگری بەرانبەر داعش لە عەڕەبستانی سعوودی دەبینین. وەزعی لێکدانەوەی و حیسابی هەڵەی تورکیاش دەبینین. چونکە داعش، دوای سەرکەوتنەکانی لە عێڕاقێ، دوای داگیرکردنی مووسڵ، لە ڕێکخراوەیەکی عەسکەرییەوە تێیپەڕاند و بوو بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی سیاسی و حیسابی ئانکارا لەو ڕووەوە هەڵە دەرچوو.

هەڵەی سەرەکی ئانکارا لەو ڕووەوە چ بوو؟
هۆی ئەوە ئەو ڕوانگە ٨٠ ساڵانەیەیە کە ئاکەپە لە ڕێژیمی کەمالیستەوە وەری گرتووە. ئەویش ئەوەیە کە هەمیشە کوردەکان بە دوژمنی سەرەکی دابندرێن و هەموو سیاسەت لە سەر ئەو بنەمایە هەڵبنرێ. ئەوانەی لە تورکیا داعش بە بزووتنەوەیەکی سوننی دادەنێن خۆیان هەڵدەفریوێنن. راستە ئاکەپە هێزێکی ئیسلامی یە، بەڵام زیاتر هێزێکی ئێتنیکی یە. ئاکەپە تورکە. چونکە ئیسلام بە پێی بۆچوونی تورکی لێکدەداتەوە و ئەوەش تەنێ دەتوانێ لە چوار چێوەی دەوڵەت نەتەوەیەکی ئێتنیکی دا وەدی بهێنێ. بەڵام داعش، بزووتنەوەیەکی دژی ئێتنیکە. بە پێی تێگەیشتنی ئوممەت هەڵسوکەوت دەکا. ئەوەی لەتەک بۆچوونی داعش دا بگونجێ موسوڵمانە، ئەوەی نەگونجێ موسوڵمان نییە. ئانکارا دەبێ ببینێ کە داعش بۆچوونی تورکی وی لە مەڕ ئیسلام ناپەژرێنێ، بەڵام لەوە تێ ناگا.

ئانکارا ناچارە سێ خاڵ لە مەڕ داعش لەبەرچاو بگرێ. یەکەم، بە دوای داگیرکردنی مووسڵ و وەدەستهێنانی شوێنی دیکە لە عێڕاق، داعش ئیدی نابێ تەنێ وەک ڕێکخراوەیەک ببیندرێ چونکە ئیدی بووە بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و لە گەڵ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بە ڕێگای دیپڵۆماتیک دا هەڵسوکەوت کردن زۆر دژوارە.

خاڵی دوویەم ئەوەیە، ئەگەر تورکیا پێی وابێ دەتوانێ داعش بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکار بهێنێ زۆر لە هەڵە دایە، چونکە ئەوە بەو واتایە لێک دەدرێتەوە کە ئەو هێزەی لە عێڕاق بە دەستی هێناوە نابینێ و بە هەڵە لێی تێدەگا. 

خاڵی سێیەمیش ئەوەیە کە ناسێنەی سوننیبوونی داعش بە بۆچوونەکەی لەو ڕووەوە بەستراوەتەوە، واتە، موسوڵمان بوون یان نەبوون بەستراوەتەوە بە گونجان یان نەگونجان لەتەک ئەو هەلومەرجانەی کە داعش دایان دەنێ.

داعش دەڵێ "لەبەر ئەوەی پ.ک.ک. پێکهاتەیەکی لاییک، سکولارە هێرشی دەکەینە سەری" ..
لەوەش زیاتر.

ئەوە چییە؟
داعش لە جێدا هێزێکی زۆر جیاوازە. ئەگەر لە گەڵ پ.ک.ک.دا بەراوردی بکەین، پ.ک.ک. لە ساڵی ١٩٨٤وە خەریکی خۆڕاگرییە و شەڕێکی گریلایی بەڕێوە دەبا، کە ئێمە پێی دەڵێن شەڕی نیوە شەڕ. بەڵام داعش وەک دەوڵەتێک شەڕ دەکا. خاوەنی هەموو جۆرە چەک و تفاقێکە، شوێنان داگیر دەکا، خۆڕاگری تێک دەشکێنێ و بە بەکارهێنانی زەبر و زەنگ ئەوە دەکا، تا ئەوجێی بتوانێ تێڕۆری شوێندانەر و وەحشت و ذڕندەیی دەکار دەکا. پێیان وا بوو دەتوانن ئەوەی لە شنگال کردیان لە کۆبانێش بیکەن. بەڵام لە کۆبانێ ئینسانەکان بەرخۆیان دا و خۆڕاگریان کرد. کۆبانێ بوو بە نیشانەی خۆڕاگری بەڵام لەوەشی تێپەڕاند و بوو بە ئیستیعارەی بەرخوەدان.

دەکرێ ئەوە هێندێک زیاتر شی بکەیەوە؟
هێرش بۆ سەر کۆبانێ هەر لەبەر ئەوە نییە کە لاییکە، هەر لە بەر ئەوە نییە کە کوردە یان لە بەر ئەوە نییە کە ڕەمزی بەرخوەدانە، لە بەر ئەوەیە کە بووە بە ئیستیعارەی خۆڕاگری و بەرخوەدان. با بزانین مەبەست لە ئیستیعارە چییە؟ بریتی یە لەوەی کە ئینسانەکان خۆیان تێگەیشتنەکانی خۆیان دەرببڕن و بە پێی خۆیان بیانخوێننەوە، هێندێکان بارودۆخی کۆبانێ بە بارودۆخی شەڕی نێوخۆیی ئێسپانیا دەشوبهێنن. هێندێکانیش بە ستالینگڕاد. و بە ئیستیعارەیەکی دژی دەستەڵاتی دادەنێن. بەئیستیعارەیەک کە دژی ئەو تێگەیشتنەیە کە داعش نوێنەرایەتی دەکا و یان پشتیوانی لە داعش دەکا، ئیستعارەیەکە دژی ئەو دەستەڵاتەی کە داعش و هێزەکانی دیکەی هاوشێوەی بە هاوپەیمانێک دەزانێ.

کۆبانێ نوێنەرایەتی سیستمێک دەکا، نوێنەراتی دەستەڵاتی گەلان و هەر لە بەر ئەوە بۆ هەموو کەس بە مەترسییە. هەتا چەند ڕۆژ لەمەوە بەریش دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچی نەدەکرد. ئەگەر تەماشای ئەو دەنگوباسانەی دەگەنێ بکرێ، پارسەنگی هێز لەوێ گۆڕاوە و ئێستا داعش کەوتووەتە دۆخێک کە خەریکی پاشەکشەیە.

ئاکەپە، ئەوەی کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێ نایکا، دەیەوێ تەسەورێکی ئاوا وێنا بکا. لە هەمبەر ئەوەشدا ئەمریکا زۆر توند بە دژی تورکیا ناجووڵێتەوە. ئێوە بەتایبەتی لەمەڕ سووریا پێوەندیی ئەمریکا و تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بە باوەڕی من دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نایەوێ تورکیا ئیزۆلە بکا. ڕاستە ڕەنگە یەک لە هۆیەکانی لە بەر هەبوونی سەرچاوە نەوتییەکان لە ئاسیای نێوەڕاست، لە ئازەربایجان بێ، بەڵام لایەنی گرینگ، لە گۆڕان هاتنی پارسەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و لەو ڕووەوە پێویستی بە ئەڕتەشی تورک هەیە، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەتا بڵێی لە تورکیا دڵمەندە بەڵام پێویستی پێی هەیە و بۆیە نایەوێ ئیزۆلەی کا. لە جێدا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا تورکیا زۆر شتی لە کیس دا. حەولی دا لە چوار چێوەی سیستمی کوردستانی فێدراڵ دا چەمکی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە شێوەیەکی تایبەتی هەڵسەنگێنێ. تەماشای نێوخۆی عێڕاقی کرد، تەماشای "دۆزی کورد"ی لەوێندەرێ کرد و پێوەندییەکی سەربەخۆی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی ئەوێ دامەزراند.

مەبەستتان لە پێوەندیی سەربەخۆ چییە؟
واتە، لە نەبوونی ڕێگەی موزاکەرە لەگەڵ پ.ک.ک دا ئەو پێوەندی دامەزرانە دە ساڵی وی برد. ئێستاش لە مەڕ کۆبانێ هەمان شت دەکا. بۆ وا دەکا؟ ئەمن پێم وایە کە دوایین هەڵبژاردن زۆر شتی گۆڕیوە. لە نەبوونی دەنگی کوردەکانیشدا ئەردۆغان بە وەدەستهێنانی ڕێژەیەکی گەورەی دەنگ بەهێزتر بوو. ئەردۆغان بەو ئاکامە گەیشت ئیتر پێویست بە کایەکردن بە کارتی کوردی نییە، لە جیات ئەوە فکر لە پێویستیی هێنانە مەیدانی کارتی ناسیۆنالیزمی تورک دەکاتەوە. ئاواش لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ٢٠١٥ دەڕوانێ، ئیدی چبڕئاکەپە ئەو پارتییە نییە کە دۆزی کورد چارەسەر بکا، بەڵکوو دەیەوێ دەوری پارتییەکی ناسیۆنالیستی تورک بگێڕێ.ئەمن پێم وایە ئەوە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، چونکە کۆڕو کۆمەڵی دەستەڵات، واتە ئانکارا، دۆزی کورد زۆر بە هەڵە لێک دەدەنەوە. کێشەی کورد وەک کێشەی ڕێکخراوەیەک یان پارتییەک دەبینن. بەڵام دۆزی کورد، دۆزێکی نەتەوەییە. جا بۆیە ووڵامدانەوە بەو دۆزەش پێویستە نەتەوەیی بێ.

کە وابێ ئەگەر ئەو ڕوونکردنەوەیەی ئاکەپە: "پێواژۆی ئاشتی لە ڕوانگەی ئێمەوە زۆر گرینگە،دەستی لێ هەڵناگرین" بە درێژدانی سیاسەتی دەنگوەدەستهێنان دابندرێ لە جێی خۆی دایە؟ گەلۆ ئەوە مانۆرە بۆ دەستەبەر کردنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥؟ 

بە باوەڕی من ڕووداوەکانی ئەو چەند حەوتووانەی دوایی هەلومەرجی تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕیوە. هەر پ.ک.ک، سیاسەتی کورد و ڕووناکبیرانی کورد و ئێنتێلێنجیسای کورد نا، لەجێدا ئینسانەکان، لە مەردین، لە باتمانیش ئیدی هەڵوێستی ئاکەپە لە مەڕ پێواژی چارەسەری بە سەمیمی نازانن. لە دەسپێکی ئەو پێواژۆیەی "بە قسە" ئاشتییەدا باسی ئەوەم کردبوو کە حکوومەت دەیەوێ یەکێتیی بزووتنەوەی کورد و بنچینەی ئۆتۆریتەی ئۆجاڵان بە سەر ئەو بزووتنەوەیەدا سست بکا. بۆیە حکوومەت حەول دەدا بۆ بنکۆڵکردنی ئۆتۆریتەی ئۆجاڵان بەڵام ئەو کارە بەشێوەیەکی ناکۆک و دژلەهەڤ بەڕێوە دەبا. لە لایەک بە ڕێکخراوەکە دەڵێ "تێڕۆریست"، و دەڵێ "داعش و پ.ک.ک. وەک یەک وان" و لە لایەکی دیکەوە کاتێک کوردەکان دەڕژێنە کوچە و کۆڵانان داوودئۆغڵوو، بۆ هێورکردنەوەی کووچە و کۆڵانان دەستەوداوێنێ ئۆجاڵان دەبێ.

ئەوە چ نیشان دەدا؟
ئەوە بە مانای ئەوەیە کە مەشرووعییەتی حکوومەتی تورک تا ڕادەیەک بەستراوەتەوە بە سەرۆکایەتیی کورد. یانی ئێوە حکوومەتێکی نیزامی، بارودۆخی نائاسایی ڕادەگەیێنن و دەچن داوا لە دوژمنەکەتان دەکەن کە بارودۆخەکە هێور کاتەوە. ئەمن نازانم مانای ئەوە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا چییە! ئەو هەڵوێستە لووتبەرزانەیانەی کاربەدەستانی حکوومەت نیشانەیەکە لەوەی کە ئەوان دەنێو خۆیاندا چەندە هەست بە ناهێمنی دەکەن.

هەموو کەس حەوجێی بە "ئاجێندایەکی ئاشتی" کراوە هەیە

بزووتنەوەی کورد دەڵێ: "ئەگەر کۆبانێ بکەوێ پێواژۆی چارەسەری تەواو دەبێ" بەڵام حکوومەت دەڵێ: "کۆبانێ چ پێوەندییەکی بە تورکیاوە هەیە". بە بۆچوونی ئێوە ئاکەپە چما لە هەڵێنانەوەی هەنگاوێکی کاریگەر دەست دەپارێزێ؟ کۆبانێ بشکێ یان نەشکێ، ئەو شتانەی لە چەند حەوتووی ڕابردوو دا قەوماون نێشانیان داوە کە پێواژۆی ئاشتی بە پێی بنەماکانی پێشوو عەمەلێ ناکەن. ئەگەر بویسترێ لەمەو دواوە پێواژۆیەکی ئاشتی ساز بدرێ، بنەما تازەکان ناچارن ئەوانە بن: یەکەم، حکوومەت دەبێ پ.ک.ک. لە ڕووی سیاسییەوە بە ڕەسمی بناسێ. ناکرێ بە یەكێک هەم بڵێی تێڕۆریست و هەم لە دەوری مێز لەگەڵی دانیشی. نە لە باشووری ئەفریقا شتێکی ئاوا کرا، نە لە هیچ جێگەیەکی دیکەی دنیا دا. دوویەم، لە نیزامی کردنەوەی دۆزی کوردە. واتە لە نیزامگەری پاک کردنەوە و کردنی بە مەسەلەیەکی سیاسی. بۆ ئەوەش پێویستیتان بە هەبوونی نەخشەڕێ نییە. لە نەخشەی ڕێگادا دەڵێن "لە قۆناخێکەوە چوینە قۆناخێکی دی" بەڵام هەڵنەسووڕانی ئەوە خۆی نیشان داوە.

باشە، ئەو پێواژۆیە چۆن دەبێ هەڵسووڕێ؟ ئێوە وەک هەنگاوێکی تازە دیسان ڕوو لە خێرخوازی مەعقوول نان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ئەو شتەی پێویستیمان پێی هەیە هەبوونی ئاجێندایەکی ئاشتییە. و گشت پێواژۆیەکە دەبێ بە ڕووی هەموو کەسدا کراوە بێ. بۆ ئەوەی ئەو ئاجێندای ئاشتی یە بتوانێ هەڵسووڕێ پێویستیمان بە چاپەمەنییەکی کراوە و ئازاد هەیە. ئەگەر ئەوە لە گۆڕێ دا نەبێ پێواژۆیەکە ناکرێ لەلایەن هەموو کەسەوە ببیندرێ و بە ئاشکرایی هەڵسووڕێ. وەکوو دیکە، لە ئاستی کۆمەڵگەی مەدەنی دا کێشەی کورد دەبێ لە لایەن هەموانەوە و بەئاشکرایی قسەی لێوە بکرێ و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕای لە سەر بکرێ... نابێ هیچ کەس بێ پێوەندیی بەو بابەتەوە وە حیساب بێ؛ لە ڕێستوڕانان، لە زانکۆیان، لە هەموو جێیەک دەبێ بکرێ قسەی لێوە بکرێ. حکوومەت دەستەی ئینسانی خێرخوازی مەعقوولی تاقی کردەوە. ئەوە بەکاری چی هات، دەکرێ پێم بڵێن؟ لە جێدا پێکهێنانی شتێک بە ناوی دەستەی ئینسانی خێرخوازی مەعقوول نیشانەی نەبوونی بارودۆخێکی دێمۆکڕاتیکە لە تورکیادا. ئەگەر هەلومەرجی دێمۆکڕاتیک هەبایە لەجێدا حەوجێ بە پێکەوە نانی دەستەی ئینسانی خێرخوازی مەعقوول نەدەبوو.

ئیسرائیلیش نایەوێ ئەسەد بڕوخێ

سیاسەتی ئاکەپە لە مەڕ سووریا چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە گوشارێکی زۆری بۆ دێنێ، بە بۆچوونی ئێوە بۆ ئەوەی ئاکەپە بەرگەی ئەو گوشارە بگرێ و خۆی لێ ڕزگار کا بەرەو ئەوە دەچێ گۆڕانێک لە سیاسەتی سووریا/ کۆبانێ خۆی دا بکا؟

لێرەدا دەبێ تەماشای سێ بارودۆخ بکەین کە دەبێ گۆرانیان بە سەر دابێ. یەکەم، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەتا کەنگێ بەردەوام دەبێ لە سەر ئەو ستراتێژییە؟ دووهەم، وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە کوێ دەگا؟ سێیەم، ئەو حکوومەتە کوردەی لە عێڕاق هەیە ئەگەر بتوانێ پەیەدە پێمل بکا بۆ هەڵوێست بە دژی ئەسەد، بۆی هەیە هەڵوێستی حکوومەتی تورک بگۆڕدرێ. بەڵام، دەبێ بیر لەوەش بکەینەوە کە داخودا ئەمریکا تا کوێ هەست بە پێویستبوونی تورکیا دەکا؟ ناوچەی پارێزراو و ناوچەی دژەفڕین، لە لایەن ئێرانەوە قەبووڵ ناکرێ و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوە دەزانێ کە ئێران، لە سووریا گەمەکارێکی گرینگە. 

لە مەڕ ئەوەی کە ئەمریکا ئەو ستراتێژییەی تا چەند درێژە پێ دەدا گەلۆ ئەو عەمەلیاتەی ئێستا دەیانکا لە لێکدانەوەکەتان دا لە بەر چاو دەگرن لەوەش زیاتر، بۆچووتان لە مەڕ گەنگەشەی ڕا بهێنە و تەیار بکە چییە؟ ئەوانەی کە ڕادەهێندرێن کێن و بە دژی کێ شەڕ دەکەن؟
ئەمن پێم وایە "ڕابهێنە، تەیار کە" شتێکە بۆ خۆڵ دەچاوکردن. چونکە ئەڵمانییەکان و ئینگلیسییەکانیش پێشمەرگە کوردە عێڕاقییەکان ڕادەهێنن. ستراتێژی ئیدارەی ئەمریکا لە ناوچەدا یەکپارچە نییە. کۆشکی سپی لە سەر ئەو ستراتێژییەی ئێستا پێکێشی دەکا، بەڵام پێنتاگۆن دەیەوێ داگیر بکا. سەرۆکی ستادی ئەڕتەشی ئەمریکا، دێمپسی هەر لە سەرەتاوە بە گومانەوە باسی بەکەلکبوون یان نەبوونی ئەو ستراتێژییەی کرد. لە نێو ئیدارەی ئەمریکادا ژمارەی ئەوانەی کە پێیان وایە ستراستێژی ئێستا بێ کەلکە لە زیادبوون دایە. لە جێدا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئینگلیستان لە ئاریزۆنا خەریکی ڕاهێنانی یەکەی ئەوتۆن کە ئەگەر پێویست بوو لە عێڕاق دایانبەزێنن. بەڵام ویستی ئۆباما ئەوەیە کە لە نێوخۆی سووریا دا ئۆپۆزیسیۆنێک بە دژی ئەسەد ساز بکا. ئەگەر بێینەوە سەر تورکیا، پێم وا نییە تورکیا بە پێ پەسندی ناتۆ بچێتە هیچ کوێ وە.

باشە هەڵوێستی ئیسرائیل لەمەر گشت ئەو پلانانە چییە؟
نەڕووخانی ئەسەد هەر تەنێ داوای ئێران نییە، ئیسرائیلیش نایەوێ ئەسەد بڕووخێ. چونکە ئیسراییل لەوە دەترسێ لە سووریاش وەزعێکی وەک عێڕاق بێتە گۆڕێ. ئیسرائیلییەکان دە ڕۆژ لەمەو بەر ڕایانگەیاند "بێتوو داعش بچێتە نێو ئۆردۆن، پەلاماری دەدەین". واتە سیاسەتەکانی ئاکەپە هەر لە لایەن ئێرانەوە نا، بەڵکوو لە لایەن ئیسرائیلیسەوە دژایەتی دەکرێ. سناریۆیەک هەیە کە زۆر کەس لێی تێناگەن. ئەگەر وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەر مەسەلەی چەکی ئەتۆمی بە ئاکامێکی ڕوون و قەتعی بگا، ئێران پێمل دەبێ بە ڕەوانەکردنی ئەسەد بەڵام نەک بە ڕووخانی ڕێژیمەکەی. ئەسەد دەڕوا بەڵام ڕێژیمەکەی دەمێنێتەوە و لەوێ حکوومەتێکی ئیتیلافی دەهێندرێتە سەر کار.

بارزانی لە وەزعێکی دژوار دایە

لە سەر بانگەوازی بارزانی هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک(پەیەدە) ساڵح موسلیم لەگەڵ نوێنەرانی ئیتیلافی نەتەوەیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) و بزووتنەوەی کۆمەڵگای دێمۆکڕاتیک(تەڤدەم) لە شاری دهۆک کۆ بووەوە. ئێوە لەو کۆبوونەوەیە چاوەڕوانی هیچ ئاکامێکی باش بۆ کۆبانێ – ڕۆژئاوا دەکەن؟ دوویەم، تورکیا لە مەر یارمەتیدانی بارزانی بە کۆبانێ دەڵێ چی؟ گەلۆ بارازنی لە بەرانبەر تورکیا دا ڕادەوەستێ؟ 

لە جێدا بارزانی لە وەزعێکی دژوار دایە. ئێستا لوولەی تانکەکانی تورک ڕوویان لە کۆبانێیە. دەرچووی تورکیا بۆ کوردستان لە سەد دا ٤٨ کەمی کردووە. وەکوو دیکەش، لە بەر ئەوەی کۆبانێ لە ڕوانگەی گەلانی ناوچەوە بووە بە ئیستعارەیەک لە بەر ئەوە هەتا بڵێی بارزانی لە وەزعێکی دژوار دایە و هیچی لە دەست نایە بۆ گۆڕینی ئەو وەزعە.

سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە لێکدانەوەی ئاواش هەیە کە زەمینەی ئامادەکاری بێ بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان...

نا، بەر لە هەمووشت دەبێ ڕێگا چارەیەک ببیندرێتەوە بۆ کێشەی نێوان پەدەکە و پەکەکە. بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە کۆبوونەوەی زۆر لەو زیادتر هەیە. ئەوەتان لە بیر نەچێ، هێشتا هێزەکانی پەکەکە لە شنگال هەن. مەسەلەی نێوان پەکەکە و پەدەکە ئەوەیە کە کێ کۆمەڵی کورد ئیدارە بکا. ئەوە مەسەلەیەک نییە کە وا بە هاسانی جێبەجێ بکرێ. ئەگەر ئەوە نەکرێ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆ نابێتەوە.

حیسابی تورکیا و عەڕەبستانی سعوودی نەیگرت

ئێوە ئەو هەموو بەهێزبوونەی داعش چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ داخودا بە هێرشەکانی بۆ سەر مووسڵ و شنگال کە ناوی زیاتر وەبەر گوێیان کەوت، مووسل بۆ داعش بوو بە نوختەیەکی سەرەکی؟

نا، لە جێدا ڕووداوەکەی مووسڵ بۆ داعش کە بنکە سەرەکییەکەی لە ڕەقا بوو یەک لە ئاکامەکانی سەقامپێدانی هێزی خۆی بوو. بە بۆچوونی من هاتنە مەیدانی داعش و گەورەبوون و پەرەسەندنی ئاکامی زۆر پیواژۆی جیاوازە کە دەستیان داوەتە دەست یەک. یەکەم. سەرنەکەوتنی ستراتێژی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سووریا، دوویەم، وەک یەک لە ئاکامەکانی گۆڕانی ستراتێژی ئەمریکا ناتوانایی و بێ کەلکی ستراتێژی تورکیا لە مەڕ سووریا. لە نەبوونی ستراتێژییەکی ئەمریکایی بۆ دەستێوەردانی عەسکەریدا، ئۆپۆزیسیۆنی لاییک و دینی – کە ئەوانە لە لایەن عەڕەبستانی سعوودی، تورکیا و قەتەرەوە دەبوو دەستەڵاتی ئەسەد بڕووخێنن. بەڵام لە ئووت – سێپتامبری ٢٠١٣ دا ئەو ستراتێژییە گۆڕا.

بۆچی؟
هۆی یەکەمی گۆڕانی پارسەنگی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوێ بوو. هۆی دوویەم –کە ئەوەیان بە ئی هەرە گرینگ دەزانم– گۆڕانی پێوەندی نێوان دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بوو. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کرد بە گومانکردن لە مەڕ نییەت و توانایی هێزی وەک ئیخوانی گۆیا عیلمانی بۆ ڕووخانی ئەسەد. بە تایبەتی نیگەرانی ئەوە پەیدا بوو کە ڕووداوەکانی میسر دووپاتە ببنەوە. وتووێژ لە گەڵ ئێران دەستی پێکرد. لە هاوینی ساڵی ٢٠١٣ بە هاتنەسەرکاری رووحانی، وتووێژ لە گەڵ ئێران ڕووی جۆرەیەک لە سیاسەت بەڕێوەبردنی بەخۆیەوە گرت، بەتایبەتی ڕێبەرایەتی ئێران بۆ چارەسەر کردنی مەسەلەی چەکی ئەتۆمی لە گەڵ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کرد بە قۆناغەکانی وتووێژ.

دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەماشای بارودۆخی سووریای کرد و لەمەسەلەی سووریادا ئیرانی بە گەمەکارێکی گرینگ دانا. چونکە ئێران بۆ پاراستنی ئەو ڕێژیمەی لە سووریا هەیە زۆر بەبڕیار بوو، ئێران تەنێ بە یارمەتیدانی عەسکەری سووریاوە نەوەستا. لە هەمان کاتدا بە دژی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ڕێکخستنی هێزەکانی ئەسەدیش هێزی نارد. ئەگەر ئەمریکا بییەوێ دەستێوەردانێکی عەسکەری لە سووریادا بکا، گەیشتووەتە ئەوەی کە دەبێ سەبارەت بە وەزعی هەیی لە سووریا لە گەڵ ئێران بە لەیەک تێگەیشتنێک بگا. لەو بارەیەوە ئیتر هیچ گومانمان نییە کە ئێران لە ڕووی داراییشەوە یارمەتی ئەسەد دەدا. لە پێناو شەڕ دا خەرجی دەکێشێ. کە بێینە سەر هاوپەیمانەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ لە جێدا قەتەر، عەڕەبستانی سعوودی و تورکیا تاقە ئامانجێکیان هەیە، ئەویش ڕووخاندنی ئەسەد و تێکشکاندنی نفووزی ئێرانە. سەرەڕای هاو ڕێکیان لەو بارەیەوە لەمەڕ چلۆنایەتی ئەنجام دانی هەموویان دیتنی جیاوازیان هەیە. بە بۆچوونی من حیسابی تورکیا لە سەر وەزعەکە هەڵەبوو.

هەڵەکەی لە چی دا بوو؟
پێی وا بوو ئەمریکا بەڕاستی دەستێوەردانی عەسکەری دەکا، و لە سەر بنەمای باوەڕی بەوە وەڕێکەوت. بەتایبەتی پێی وا بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر کارێکی ئاوا ڕێک دەکەوێ. ئامانجێکی ئەوە ڕووخاندنی ئەسەد دەبێ. بەڵام ئامانجێکی دیکەش بۆ ئەو کۆتایی هێنان بە دۆزی کوردبوو. دوای نیزیکبوونەوەی ئەمریکا لە ئێران، تورکیا و عەڕەبستانی سعوودی هیچ لەو وەزعە خوشحاڵ نەبوون. عەڕەبستانی سعوودی تەنیا بە دەستیوردانێکی عەسکەری بۆ ڕووخانی ئەسەد ڕازی نییە لە هەمان کاتدا لە یەک نیزیکبونەوەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێرانیشی پێ ناخۆشە. لە ڕونگەی تورکیاشەوە لە هەمان کاتدا ڕەهەندێکیش هەیە کە پێوەندیی بە دۆزی کوردەوە هەیە.

لە کاتێکدا کە پشتیوانی ئێران لە ئەسەد ئەوەندە ئاشکرایە، نیزیکبوونەوەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەبێ چۆن بخوێندرێتەوە؟
دوای ئەوەی کە ئەمریکا عێڕاقی بەجێهێشت لەوێ بۆشایی هێز ساز بوو. ئەو بۆشاییە بە هاتنەسەرکاری ئیدارەی مالیکی لە لایەن شیعەکانەوە پڕ کرایەوە. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک کەسێکی کە دەتوانێ هێز لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە پشتیوانی لە مالیکی کرد. ئێرانیش پشتیوانی لێکرد چونکە ئیدارەکەی ئیدارەیەکی شیعە بوو. لە سایەی ئەوەدا لە تارانەوە تا بەغدا، لە شامەوە تا باشووری لوبنان زنجیرێکی تێکەڵاوی و لێکبەستراوی پێکەوە نا و هەلوێستێکی بەهێزی پەیدا کرد. دوای سەرنەکەوتن و بێ کەلک بوونی مالیکی ئێران ئەو هێزەی کەمێک لە دەست دا. گەمارۆی داعش دەستی ئێرانی بەهێزتر کرد.

چۆنی بەهێز کرد؟ 
دوای گۆڕانی ستراتێژی ئەمریکا، ئاوانتاژی ئێران ئەوە بوو،هاوپەیمانێکی وەک حیزبوڵای هەبوو. بەڵام تورکیا و عەڕەبستانی سعوودی هاوپەیمانێکی ئاوایان نییە، هێزی شەڕکەریان نییە و ناچارن ئەوە ساز کەن. بە باوەڕی من هەر دوکیان پشتیوانیان کرد لە ئیخوان و ئەلنوسرە، چونکە ئەوانیان وەک هاو پەیمان دەبینی. چونکە لە دوای گۆڕانی ستراتێژی ئەمریکا زۆر گرووپ هاتنە مەیدانێ. دەبێ داعش وەک یەک لە ئاکامەکانی ئەوە ببیندرێ. پێویستە وەک ئاکامی ئۆپۆزیسیۆنبێکی دینی دژی ئەسەد چاو لێبکرێ. هیچ گومان لەوە دا نییە کە تورکیا و عەڕەبستانی سعوودی هەرچەندە بەڕەسمیش پێی لێ نەنێن یارمەتی ماڵی و چەکیان کردووە بە داعش.

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی؛ لە مهاباد کە لە کوردستانی ئێران هەڵکەتووە، هاتووەتە دنیاوە. دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ بۆ کاری ئاکادێمیک چووەتە بریتانیا، دوکتوراکەی لە زانکۆی لەندەن ئەنجام دا. وەلی لە ساڵی ٢٠٠٦دا بە پێی بانگهێشتنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ سازکردنی زانکۆی کوردستان لە هەولێر چووە کوردستان. بەڵام لە بەر ئەو کێشانەی لەوێ هاتنە گۆڕێ ئەوێی بەجێ هێشت. لە ساڵی ٢٠٠٨ بەملایەوە ئەندامی دەستەی پەروەردەکارانی زانکۆی بۆغازیچی یە. کتێبەکانی: "کۆماری کوردستان"، "ناسێنەی مێژوویی کورد و سیاسەت"، " ئێرانی بەر لە سەرمایەداری"، " ڕەچەڵەکی ناسیۆنالیزمی کورد" بە تورکی وەرگێڕدراون.
بەرواری بڵاو بوونەوە: ٢٠ – ١٠ – ٢٠١٤




 NNSROJ 

به‌روار:  23/10/2014
679   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   504
کۆی سه‌ردان:   29250081