کچە کوردێکی مالمۆ لە فلیمێکی سویدیدا
تەلەڤزیۆنێكی سوێدی چیرۆكی ژیانی كچە كوردێك بەناوی تافان ئاكۆ تەها دەكاتە فیلمێكی دۆكیومێنتاری و بەشێكی زۆری دیمەنەكانی ئەم فیلمەش لە هەولێر و كەمپی ئاوارەكان وێنە دەگیرێت.

تافان ئاكۆ لەكاتی شەڕی ئێران و عێراقدا لە سلێمانی لەدایكبووە. ئەوكات باوكی وەكو پێشمەرگەیەك لە كوردستان مایەوە، بەڵام تافان كە تەمەنی تەنیا دوو ساڵ بوو، لەگەڵ دایكی و خوشكەكەیدا چوونە سوید.

 تافان تاوەكو تەمەنی 19 ساڵی لە سوید خەریكی خوێندن بوو، بەڵام لەبەرئەوەی سوور بوو لەسەر گەڕانەوە بۆ كوردستان، خوێندنی یاسا بەجێدەهێڵێت و بابەتە كۆمەڵایەتییەكانی كردە جێگەی بایەخی خۆی كە لە كوردستان كاریان لەسەر بكات.

دەربارەی ئەم فیلمە تافان ئاكۆ دەڵێت "دوای ئەوەی چەند كارێكی خێرخوازیم لەگەڵ چەند رێكخراوێك بۆ ئاوارەكان ئەنجامدا، میدیای سوێدی بە گرنگییەوە باسیان لە كارە خۆبەخشەكانی من كرد، بۆیە بڕیاریاندا فیلمێكی دۆكیومێنتاری لەسەر ژیانی من بكەن، ئەوان بەستافێكی گەورە چەند رۆژێك لەگەڵ من دەمێننەوە كاتێك سەردانی كەمپەكان و ئاوارەكان دەكەم".

تافان هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو بۆ ئەم فیلمە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنێتەوە "لەبەر ئەوەی من وەك گەنجێكی كورد لە ئەوروپا ژیاوم، بەڵام ئێستا گەڕاومەتەوە كوردستان و لێرە درێژە بە ژیانم دەدەم، هەڵبەتە لە كوردستان چەندین پڕۆژەم هەیە، بەتایبەت بۆ ئاوارەكان، لەگەڵ ئەوەشدا سەردانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ دەكەم، ئەم ستافە سوێدییەش سات بە سات لەگەڵم دەبن و وێنەی هەموو كارەكانم دەگرن".

تافان لەبارەی كاتی وێنەگرتنی فیلمەكە بە (رووداو)ی گوت "بڕیارە من و ئەو ستافە لە ماوەیەكی نزیكدا بگەڕێینەوە كوردستان و دەست بە وێنەگرتنی فیلمەكە بكەین".

تافان دەربارەی ژیانی خۆی لە سوێد و گەڕانەوەی بۆ كوردستان چیرۆكی تایبەتی هەیە و دەڵێت "من لە تەمەنی 18 ساڵییەوە كارم كردووە بۆ ئەوەی كوردستان بە جیهان بناسێنم، هەر بۆیە لە سوێد گەڕامەوە كوردستان و بڕیارمدا لە كوردستان بژیم، لەگەڵ ئەوەی دایك و باوكم ئێستاش هەر لە سوێد دەژین، بەڵام من وا هەست دەكەم كوردستان زیاتر پێویستی بە منە، هەرچەندە بەشێك لە خەڵكی پێم دەڵێن تۆ هەڵەت كردووە كە گەڕایتەوە كوردستان، بەڵام من گوێ بەو قسانە نادەم.

كۆمەڵێك ئامانجی گەورەم لە كۆڵناوە كە بۆ كوردستان بیكەم، وەك هاوكاریی ئاوارەكان و ژنان".
تافان لەبەرئەوەی وەك چالاكوانێكی ئەكتیڤ لە سوێد ناسراوە، داوەتی زۆربەی كۆنفرانس و كۆنگرە جیهانییەكان دەكرێت، ئەو باس لەو كاروچالاكیانە دەكات كە بەشداری تێدا كردوون "ساڵانە بەشدار دەبم لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان، لەوێ باسی كوردستان دەكەم و داوای هاوكاری دەكەم بۆ دۆزی رەوای گەلی كوردستان، لەم ماوەیە بەناوی كوردستانەوە بەشدار دەبم لە گەورەترین كۆنفرانسی گەنجان لە دبلنی پایتەختی ئێرلەندا كە نوێنەرانی زیاتر لە 180 وڵات تێیدا ئامادە دەبن".

تافان بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری و كۆمەك بۆ ئاوارەكانی كوردستان پەنای بۆ زۆر شوێن بردووە لە سوێد و ئەوروپا، لەوبارەیەوە دەڵێت "دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر توانیم گەنجێكی زۆری سوێدی كۆبكەمەوە بۆئەوەی بەیەكەوە هاوكاری و كۆمەك بۆ ئاوارەكان بنێرین، دواتر چەند كاروانێكی هاوكاریمان ناردەوە كوردستان و ئێستاش بەردەوامین لە كارەكانمان".

تافان لە تەمەنی 20 ساڵیدا وەك خۆبەخشێك لە چەند گوندێكی كوردستان وانە دەڵێتەوە، ئەو بنەماكانی مافی مرۆڤ فێری گوندنشینان دەكات و هاوكاری ژنانی كوردیش دەكات، وەك خۆی باسی دەكات زۆر لە هاوڕێكانی لە هەندەران سەریان سوڕماوە لەوەی چۆن لە ئەوروپا گەورە بووە و ژیاوەو ئێستا دەتوانێت لەو بارودۆخەی كوردستان ژیان بگوزەرێنێ. تافان بۆ ئەو قسانە دەڵێت "ئەوەندەش قورس نییە كە هەندێ كەس وا دەزانن. من خزم و هاوڕێی زۆرم لەوێ هەن. چیرۆكەكانی باوكم لەبارەی ئەو كاتانەی پێشمەرگە بووە رەنگە یەكێك بێت لەو شتانەی زۆرترین ئیلهامی پێبەخشیوم كە بگەڕێمەوە كوردستان. من دەمەوێ رۆژێك لە رۆژان خزمەتی وڵاتەكەم بكەم و ئەوەی لەسەرمە بیبەخشمەوە بە كوردستان. دەمەوێت ببمە بەشێك لەو گۆڕانكارییە مەزنانەی لە داهاتوودا روودەدەن".
ڕووداو
به‌روار:  21/10/2014
956   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   946
کۆی سه‌ردان:   29259116